خورماڵ
بۆ خزمه‌تكردن و پاراستنى ژینگه، له پێشانگایه‌كدا خوێندنكاران و میوانان هۆشیار كرانه‌وه، به كردار سوودیان له كه‌ره‌سته بەکارهاتووەکان وه‌رگرت و ده‌یان به‌رهه‌مى هونه‌ریی جوان و جیاوازیان لێ درووست كردن، هه‌موو ئه‌وانه په‌یامن بۆ پاراستنى ژینگه له ڕێگه‌ى هونه‌ره‌وه.
له چوارچێوه‌ى به‌هێزكردنى خۆڕ‌اگرى له‌نێو ئه‌و كۆمه‌ڵگەیانه‌ى له مه‌ترسیدان له هه‌رێمى كوردستان و عێراق، ڕووبه‌ڕووى به‌فیرۆدان و گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا ده‌بنه‌وه، له‌لایه‌ن ڕێكخراوى نوێ بۆ ١٠ خوێندنگە لە سنوورى شارۆچكه‌ى خورماڵ پێشانگای هونه‌ریی ژینگه‌یی به‌ڕێوه‌چوو.

به‌ناز به‌ها، سه‌رپه‌رشتیارى پڕۆژه‌كه بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئه‌م پڕۆژه‌یه به پاڵپشتى ڕێكخراوى people جێبه‌جێده‌كرێت و ماوه‌كه‌ى شه‌ش مانگبوو، له‌م پێشانگایه‌دا باس له ژینگه‌پارێزى ده‌كرێت، چۆن بتوانین له ڕێگه‌ى هونه‌ره‌وه ژینگه بپارێزین، به‌جۆرێک له جۆره‌كان بابه‌ته‌كه بكه‌ین به فۆرمێک لەناو خوێندنكاراندا.
وتیشى: ئه‌مڕۆ پێشانگایه‌كى هونه‌ریی ژینگه‌ییمان بۆ ١٠ خوێندنگەى سنوورى شارۆچكه‌ى خورماڵ كردووەته‌وه، میوانێكى زۆرمان بانگهێشتكردووه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌مووان بزانن، له‌و پاشماوانه‌ى ڕۆژانه فڕێیان ده‌ده‌ین، ده‌توانین چى كارێكى جیاوازیان پێ درووست بكه‌ین، بۆیه پێشانگاكه به‌شێكى گرنگى ژینگه‌پارێزییه، ئه‌گه‌ر بته‌وێت بابه‌تى ژینگه‌پارێزیی بگه‌یه‌نیت، ته‌نها به هۆشیاریى ناكرێت، به‌ڵكوو ده‌بێت له ڕێگه‌ى هونه‌ریشه‌وه به كردار خوێندنكاره‌كان خۆیان كاره‌كه بكه‌ن.

لانه سدیق، مامۆستاى هونه‌ر و به‌شدار له پێشانگاكه بۆ ڕۆژنیوز وتى: كردنه‌وه‌ى ئه‌مجۆره پێشانگایانه بۆ خوێندنكاران كارێكى زۆر باشه، ئێمه‌ش به‌شداریمان كردووه، كه‌ره‌سته‌كانى ناو پێشانگاكه ڕیسایكڵینه و دووباره به‌كارهێنانه‌وه‌ى كه‌ره‌سته فڕێدراوه‌كانى ڕۆژانه‌یه، هه‌وڵمانداوه كاره‌كه دووباره نه‌بێت، به‌ڵكوو کارێک بێت سوود له كه‌لوپه‌لى ڕۆژانه وه‌ربگرین، ببینه نموونه‌یه‌ک بۆ خوێندنكاران، كه‌ره‌سته‌كان كۆبكه‌نه‌وه‌وە كارى هونه‌رى لێ درووست بكه‌ن.
وتیشى: به‌درێژایى ئه‌و ماوه‌یەی له به‌رده‌ستمانبووه سه‌ری ده‌به و پلاستیكمان كۆكردووەته‌وه، تابلۆى زۆر جوانمان لێدرووستكردووه، ده‌مانه‌وێت منداڵه‌كان هانبده‌ین له‌و كه‌ره‌سته فڕێدراوانه تابلۆ له ماڵه‌وه درووستبكه‌ن و خزمه‌تى ژینگه بكه‌ن، هه‌موو تابلۆ و كاره‌كانیش به‌ده‌ستى خوێندنكاره‌كان درووستكراوه، سوودیان له ته‌واوى كه‌ره‌سته بەکارهاتووەکان وه‌رگرتووه، تابلۆى هونه‌رییان لێ درووستكردوون.
ڤ.م
Comments are closed.