پڕۆژەیەکی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە جێی پڕۆژەی ڕووناکی خرایەڕوو

سلێمانی

پەرلەمانتارێكی سەركەوتووی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێم لە ڕێگەی خزمەتگوزارییە گشتییەكانەوە بازرگانی بەسەر هاوڵاتییانەوە دەكات، ئەو پرۆژەپێشنیارەی حكومەت بۆ كەرتی كارەبا ڕاگەیاندووە بارگرانی بۆ هاوڵاتییان درووست دەكات، ئێمە پرۆژیەكەمان بۆ كارەبای ٢٤ كاتژمێری خستووەتەڕوو.

ئەمڕۆ، لە بینای ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی لە سلێمانی، عومەر گوڵپی، پەرلەمانتاری سەركەوتووی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە بازرگانیكردنی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم بەسەر هاوڵاتییان لە ڕێگەی خزمەتگوزارییە گشتییەكانەوە، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا، هاوکات پڕۆژەیەکی وەک جێگرەوەی پڕۆژەی ڕووناکی مەسروور بارزانی بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بەهەمان بەهای پێشوو پێشکەش کرد.

عومەر گوڵپی ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی خزمەتگوزارییە گشتییەكانەوە بازرگانی بەسەر هاوڵاتییانەوە دەكات، بۆیە ئێمەش پرۆژەیەكمان پێشنیار كردووە بۆ دابینكردنی كارەبای ٢٤ كاتژمێری بۆ هاوڵاتییان بەبێ درووستكردنی بارگرانی لەسەر ژیانی هاوڵاتییان.

بڕیارە سبەینێ لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دابەشكردنی كارەبای سلێمانی پرۆژەكەی عومەر گوڵپی پێشكەشی سەرۆكایەتی حكومەت و وەزارەتی كارەبای بکرێت، هەروەها لە پرۆژەكەیدا ئاماژەی بەو كەموكورتییانە كردووە، كە لە سێكتەری كارەبادا هەیە و ڕێگە چارەسەریشی پێشنیار كرد.

عومەر گوڵپی لە کۆنگرە ڕؤژنامەنووسییەکەیدا ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو كارەبا ٢٤ كاتژمێرییەی حكومەت پێشنیاری كردووە بووەتە بارگرانی بەسەر هاوڵاتییانەوە، حكومەت بەبێ پیلان ئەو كارانە دەكات، بازرگانی پێوە دەكات، بۆخزمەتگوزاری و پێشكەوتنی كەرتی كارەبا نییە.

لە كۆتاییدا وتی: هاوڵاتییان هۆشیارییان لەبەكارهێنانی خزمەتگوزارییەكان كەمە بەتایبەت كارەبا بۆیە ساڵانە بڕێكی زۆر لە وزەی كارەبا بەفیڕۆدەچێت و ناتوانرێت سوودی لێوەر بگیرێت.

جێگەی ئاماژەیە، حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان پرۆژەیەكی بەناوی “ڕووناكی” ڕاگەیاندووە، بە مەبەستی دابینكردنی كارەبای ٢٤ كاتژمێری بۆ هاوڵاتییان، تا ئێستا لە چەند گەڕەكێكی شارەكانی هەرێم تاقیكراوەتەوە، كە لەماوەیەكی زۆر كەمدا پارەیەكی زۆر بۆ هاوڵاتییان هاتووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی و ناڕەزایەتی هاوڵاتییان.

هـ.ئ

Comments are closed.