یادی ڕاپەڕینی هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور بەرز ڕاگیرا

خورماڵ

لە خورماڵ یادی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٨٧ـی هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور بەرز ڕاگیرا و لەو چوارچێوەیەشدا، پارێزگاری هەڵەبجەش دەڵێت: كورد هیچ كات سنووری هیچ وڵاتێكی نەبەزاندووە و هەرکاتێک هێرشیشی کرابێتەسەر ڕووبەڕووی دووژمنان بووەتەوە.

ئەمڕۆ، لە خورماڵ بە درووشمی “ڕاپەڕینی ١٣ـی ئایار وەرچەرخانێكی گرنگ بوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەكەماندا” لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە، بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی شارۆچكەی خورماڵ یادی ٣٨ ساڵەی شەهیدانی ڕاپەڕینی هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور لە مۆنۆمێنتی شەهیدانی خورماڵ بەدانانی تاجە گوڵێنە بەرز ڕاگیرا.

نوحشە ناسیح
نوخشە ناسیح

هەروەها لە میانی بەڕێوەچوونی مەراسیمەكەدا نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە وتی: ئەمڕۆ یەكێكی دیكەیە لە ڕووداوە مێژووییەكانی هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان، كە بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی ڕاگواستن و وێرانکاری بوو، ئەو ڕۆژە خەڵکی ھەڵەبجە دژی زوڵم و ستەمی زۆری حكومەتی بەعس هاتە دەنگ و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، بەڵام ڕژێمی بەعس بە تەقەكردن ڕووبەڕوویان بوویەوە، بەوهۆیەوە ٧٩ كەس شەهیدبوون و بە دەیان كەسی دیكەش برینداربوون، زیاتر لە سێ هەزار هاوڵاتیی هەڵەبجەش ئاوارە بوون.

وتیشی: نەتەوەی كورد هیچ كات سنووری هیچ وڵاتێكی نەبەزاندووە، بەڵام هەركاتێك دووژمنان سنووریان بەزاندبێت گەلەكەمان ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و باجەكەشی هەرچییەك بووە بەخشیویەتی بۆ پارێزگاریكردن لە خاكی پیرۆزی كوردستان.

 

س.خ

Comments are closed.