عه‌لی باپیر: بڕیاره‌كه‌ی په‌كه‌كه‌ بوێرانەیە و شایەنی دەستخۆشییە

ناوەندی هەواڵەکان

عه‌لی باپیر، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان ڕایگه‌یاند، بڕیارەکەی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە بوێرانە و گرنگە و شایستەی دەستخۆشییە و خەباتی چەکداریی ‌و بەکارهێنانی هێز، ئامڕازە و میکانیزمە و ئامانج نییە، بۆیە دەستبەرداربونی شتێکی ئاساییە.

لەبارەی بڕیارەی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، عه‌لی باپیر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان ئه‌مڕۆ ‌ له‌ په‌یامێكدا ستایشی کردن.

عەلی باپیر ڕایگه‌یاند، “بڕیارەکەی پەکەکە لە کۆنگرەی دوازدەیەمدا بڕیارێکی بوێرانە و گرنگە و شایستەی دەستخۆشییە و هیوادارم سەرەنجامیشی خێر بێ‌ و لەوبارەوەش دەڵێم، بێگومان خەباتی چەکداریی‌ و بەکارهێنانی هێز، ئامڕازە و میکانیزمە و ئامانج نییە، بۆیە دەستبەرداربوونی شتێکی ئاساییە”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، گەلی کورد بەدرێژایی مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیی خۆی هەمیشە بەناچاریی پەنای بۆ چەک ‌و هێز بردووە، خۆزگە حوکمڕانان ‌و دەوڵەتی تورکیا زووتریش ئەو ئامادەییەیان هەبوایە و ئەو هەنگاوەیان نابایە، کە بەندە چەندان جار بۆ هەردوولایان پێشنیارم کردووە، کە پێویستە لەسەر مێزی گفتوگۆ و بەشێوازی ئاشتییانە بیر لە چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا بکرێتەوە و واز لە لۆژیکی هێز بهێنرێ ‌و ڕووبکرێتە هێزی لۆژیک.

عه‌لی باپیر له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت، “هیوادارم هەردوولا بەدەرهاویشتە و داخوازییەکانی ئەو پڕۆسەیەوە پابەند بن ‌و ڕێگاش نەدەن هیچ کەس ‌و گرووپ ‌و لایەنێکی دەرەکیی ‌و ناوخۆیی، پەرچ ‌و گرێ ‌و گۆتاڵی بخەنە نێو و پەکی بخەن، یان بێهیزو پێزی بکەن”.

ب.گ

Comments are closed.