“دایکان لەکاتی گفتوگۆکردندا لەگەڵ منداڵەکانیان نابێت وشەی بێگانە بەکار بهێنن”

سلێمانی

مامۆستایەکی زمانی کوردی دەڵێت: هۆکاری کاڵبوونەوەی زمانی کوردی لە نێو گەنجەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی خێزان و ناوەندەکانی خوێندن، دایکان لە کاتی گفتوگۆکردندا لەگەڵ منداڵەکانیان نابێت وشەی بێگانە بەکار بهێنن.

زمان ناسنامە و شووناسی بنەڕەتی هەر نەتەوەیەکە و یەکێکە لە بنەما قوڵەکانی هێشتنەوەی هەر نەتەوەیەک بە زیندوویی، هەر بۆیە بە درێژایی مێژووی سەدان ساڵە نەیاران و نەتەوە سەردەستەکانی کورد هەوڵی لە ناوبردن و قڕکردنی کوردییان داوە، ئەرکی نەتەوەی کورد پاراستنی زمان و کلتوورەکەیەتی و دەبێت داکۆکیی لێبکەن، لەو بارەیەوە سورەیا حەمە عەلی مامۆستای زمانی کوردی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

سورەیا حەمە عەلی
سورەیا حەمە عەلی

سورەیا حەمە عەلی لە سەرەتای قسەکانیدا تیشکی خستە سەر هۆکاری کاڵبوونەوەی زمانی کوردی لە نێو گەنجانی باشووری کوردستان و وتی: هۆکاری کاڵبوونەوەی زمانی کوردی لە نێو گەنجەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی خێزان و ناوەندەکانی خوێندن لە بەکارهێنانی زمانی کوردی، چونکە منداڵ سەرەتا لە ناو خێزان زمانی دەپژێت و گۆ دەکات، هەروەها لە پەروەردە کردندا زمانی دایک ڕۆڵ دەبینیت و نابێت کاریگەریی زمانی بێگانە بەسەریدا زاڵ بێت و تێکەڵ بە وشەی کوردییەکان بکات.

وتیشی: بەشێکی زۆری خوێندنگە تایبەت و ناحکومییەکان بوونەتە کێشە بۆ زمانی کوردی، کە لە کاتی وانەکاندا پشتگوێیان خستووە، ئەوەش وایکردووە زیاتر زمانی بێگانە گەشە بکات، بەڵام هەندێکیان برەو بە زمانی کوردی دەدەن و ڕۆژە نەتەوەییەکان زیندوو دەکەنەوە و گرنگی بە کلتووری کوردی دەدەن، هەرچەندە لە خوێندنگە حکومییەکانیش بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە لە پۆلی یەکی سەرەتاییەوە وانەی ئینگلیزی دەخوێنریت، لە کاتێکدا منداڵ دەبێت تا تەمەنی ١٠ ساڵی بە تەواوەتی فێری زمانی کوردی بێت و لە قسەکردندا زمانی پاراو بێت.

سەبارەت بە چۆنییەتی پارێزگاری کردن لە زمانی کوردی سورەیا حەمەعەلی مامۆستای زمانی کوردی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەزارەتی پەروەردە ئەوەیە، کە بە بڕیارێک خوێندنی وانەی ئینگلیزی تا پۆلی سێ بنەڕەتی ڕابگرێت تا منداڵ بە باشی بتوانێت بە زمانی کوردی قسە بکات، هەروەها دایکان و باوکان لە وەرزی هاویندا یەکسەر منداڵەکە بۆ فێربوونی زمانی بێگانە نەنێرن، سەرەڕای ئەوەش دایکان لەکاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ منداڵەکانیان بە وردی مامەڵە بکەن بە مەبەستی پاراوکردنی زمانەکە، لەبەرئەوەی زۆر کات دایکان بە بێ ئاگابوون و بە بەکارهێنانی وشەی بێگانە کاریگەریی لەسەر منداڵەکە درووست دەکات.

لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ ڕۆژنیوز وتی: داگیرکەران لە هەر چوار لای کوردستانەوە چاویان لەسەر خاکی زێرینی کوردستانە، بۆیە نەتەوەی کورد بەسەر چوار پارچەی کوردستان دابەشبووە، کوردستان لە پێناو ئەوەی بە ئازادی بە زمانی کوردی قسە بکات چەندان شەهیدی داوە، بەڵام ئێستا خۆمان ئەو دەستکەوتە لەناو دەبەین بەوەی منداڵانەکانم فێری زمانی کوردی ناکەین، سەرەڕای ئەوەش بە هۆی بایکۆتکردنەوە خوێندنگە تایبەتەکان زیادی کردووە و لە ڕێگەی دراما بیانییەکان و تەکنەلۆژیاوە بە سیستەم کراوین بە لاسایی کردنەوەی کەلتووری بێگانەکان، جگە لەوەی زیانی بە زمانەکە گەیاندووە، بەڵکو بووەتە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان، تەنانەت لە دەرفەتی ڕەخساندنی کاردا یەکەم مەرج زانینی زمانێکی بێگانەیە.

سـ.خـ

Comments are closed.