شنگال
ڕێکخراوی زمان و پەروەردەی ئێزدخان لە شنگال، ڕۆژی ١٥ـی ئایار ڕۆژی زمانی کوردی لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق کرد بە فەرمی دان بە پرۆگرامی خوێندن، ڕێکخراوی زمان و پەروەردەی ئێزدخاندا لە عێراقدا بنێت، دەشڵێن: دەبێت منداڵانی سنووری شنگال بە کلتور و زمانی خۆیان گەورە ببن.
ڕێکخراوی زمان و پەروەردەی ئێزدخان، کە سەر بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شنگالە، لە دوای جینۆسایدەوە ماوەی ١٠ ساڵە بە پیتی لاتینی پەروەردەی زمانی دایک بە منداڵانی شنگال دەڵێنەوە.
بە بۆنەی ١٥ـی ئایار ڕۆژی زمانی کوردی، ڕێکخراوی زمان و پەروەردەی ئێزدخان لە گەڕەکی شوهەدا لە بەردەم بینای قوتابخانەی سوور لە ناوەندی شنگال ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە.
ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن مامۆستا خالید شنگالی ئەندامی ڕێکخراوی زمان و پەروەردەی ئێزدخانەوە خوێندرایەوە و لە سەرەتادا ڕایگەیاند، لە شنگال تا ئەمڕۆش منداڵانی ئێزدی ناتوانن بە زمانی خۆیان لە خوێندنگەکانی دەوڵەتدا بخوێنن.
ڕاشیگەیاند، زمان سەرەتای درووستبوونی کۆمەڵگە و مرۆڤایەتییە، بوونی مرۆڤیش خۆی لە ناو چەند پایەیەکی سەرەکیدا دەڕوێنێتەوە، یەکێک لە پایە سەرەکییەکانیش زمانە، پەروەردەی زمانی بۆ هەموو کەسێک لە سەرانسەری جیهاندا بەردەستە، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا ئێستاش منداڵەکانمان لە خوێندنگە حکومییەکان بە زمانی دایکی خۆیان پەروەردە ناکرێن، زمان هەستەکان لەناو مرۆڤایەتیدا بنیات دەنێت، شوناسی مرۆڤیش لە ڕێگەی هەستی کلتوور و هەستی زمانەوە دەپارێزرێت، لەبەرئەوەی زمان لە ژیانی گەلاندا گرنگییەکی مێژوویی هەیە، کاتێک، کە کۆمەڵگە بە زمانی خۆی قسە نەکات و بەکاریشی لە هەموو شتێک بێبەش دەبێت.
مامۆستا خالید شنگالی لە بەردەوامی بەیاننامەکەدا، پیرۆزبایی ڕۆژی زمانی کوردی لە ڕێبەر ئاپۆ و پێکهاتەی ئێزیدی و هەموو مرۆڤایەتی کرد و داوا لە کۆمەڵگەی شنگال کرد، کە منداڵەکانیان بە کلتووری خۆیان پەروەردە بکەن.
لە کۆتایشدا وتی: داوا لە کۆمەڵگەکەمان دەکەین منداڵەکانمان بە زمانی خۆمان پەروەردە بکەین. بۆ ئەوەی کەلتوور و باوەڕمان لەبیر نەکرێت، داوا لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەکەین، کە بە فەرمی مەنهەجی خوێندنی ئیدارەی خۆسەری شنگال قبوڵ بکات، چونکە ماوەی ١٠ ساڵە لە ژێر هەلومەرجێکی سەختدا منداڵانی کۆمەڵگاکەمان پەروەردە دەکەین، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی پەروەردەی عێراق مەنهەجی خوێندنی ئێمەی قبوڵ نەکردووە، وەک هەموو کۆمەڵگایەک ئێمەش خواست و داواکاریمان پەروەردەکردنی منداڵەکانمانە بە کلتوور و ئایینی خۆمان و ئەمەش ڕەواترین مافی ئێمەیە.
ب. ق
Comments are closed.