زیندانییەکی سەربازگەی تۆپزاوە و نوگرەسەلمان چیرۆکی بۆ ڕۆژنیوز دەگێڕێتەوە

کەرکووک

لە سەروەختی شاڵاوی ئەنفالدا زۆربوون ئەو کەسانەی بەر شاڵاوەکە کەوتن و چەندین چیرۆکی جیاواز لەژیانیان ڕوویدا، هەندێکیان بە شێوازێکی موعجیزە ئاسا لە شاڵاوەکە ڕزگاریان بوو، یەکێک لەوانە ژێنکە بەناوی زەینەب عەلی، کە وێرای ئەو چەرمەسەرییەی کە هاوشێوەیە دەیان هەزار هاوڵاتی بێتاوان بەسەرییدا هاتووە منداڵێکیشی لە سەربازگەی نوگرەسەلمان شەهیدبووە.

زەینەب عەلی
زەینەب عەلی

زەینەب عەلی ژنێکی خەڵکی کانی مارانە لە ئیدارەی گەرمیان و لەکاتی پڕۆسەی جینۆسایدی ئەنفالی گەلی کورددا لە ١٩٨٨، بەر پڕۆسەکە دەکەوێت و لە زیندانەکانی ڕژێمی بەعسدا بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ دەمێنێتەوە، لە ڕێگەی ئاژانسی ڕۆژنیوزەوە چیرۆکەکانی ژیانی دەگێڕێتەوە.

زەینەب عەلی خەڵکی گوندی کانی مارانە دوای ئەوەی لە سنووری ملەسوورە دەستبەسەر دەکرێن، دەبردرێن بۆ شارەدێی قۆرەتوو سەربە شارۆچکەی کەلار و ماوەی سێ شەو لەوێ دەیاهنێڵنەوە، دوای ئەوە گواسترانەوە بۆ سەربازگەی تۆپزاوە و ماوەی سێ شەویش لەوێ بوون.

دوای ئەوەی کە دەبردرێن بۆ سەربازگەی تۆپزاوەک ژن و پیاو لەیەک جیا دەکەنەوە وەک زەینەب عەلی ئاماژەی پێ دەدات، ئەوە کۆتا بینینی پیاوەکان بوو، کە لەگەڵ ئێمە دەستگیرکران، لێمان جیاکرانەوە دوای ئەوە نەیانمان بینییەوە، لەناو ژنانیش جیایان کردینەوە، ئەوەی تەمەنی گەورە بوایە دەریان دەکرد و ناویان دەنووسی و بۆ نوگرەسەلمان بردیانیان.

ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە لە هۆڵێک بووین و دایکم لە هۆڵێکی دیکەبوو، هات دەستی مناڵەکانی گرت، سەربازێک لێی توڕە بوو وتی بڕۆ دواوە ناوت لە هۆڵێکی دیکە نووسراوە، نابێت بێیتە ئەم هۆڵە و ڕێگریی لێ کرا، ئیدی ئەوە کۆتا بینینی دایکم بوو.

دوای ئەوە دەیانگوازنەوە بۆ سنووری دوبس، سێ مانگ لەوێ دەمێننەوە و بەدوای دایکیان هەموو هۆڵەکان دەگەڕێت بەڵام نایدۆزێتەوە، لەو دەمەدا، بە ئۆتۆمبێلی داخراو خەڵکیان دەگواستەوە لای ئەو خەڵکەی کە لەوێ بوو، بە بینینی ئۆتۆمبێلەکان ئازادییان دەبینی، لێ مخابن بەو شێوەیە نەبوو، بەڵکو ئەو ئۆتۆمبێلە گەورانە ئاماژەبوون بۆ سەربازگەی نوگرەسەلمانی تینو بە خوێنی کورد، ئیدی دەیانبەن بۆ سەربازگەی نوگرەسەلمان و ماوەی چوار مانگ و نیو لە سەربازگەی نوگرەسەلمانیش لە ژیانێکی ناخۆش و پڕ لە ترسدا دەبن، بێ خواردن بێ پشوو وەرەگرتن تاریکی سەربازگە و وەڕینی سەگەکان بەشێکی ئەو تارماییە بوو کە دڵ و دەروونی خەڵکی بێتاوانی گواستراو بۆ سەربازگەکەی گرتبوو.

ئەو سەربازگەیە سەدان چیرۆکی ترادیژیای بۆ خۆی تۆمار کردووە، بەشێک لەو چیرۆکانەش گرێدراوە بە زەینەب عەلییەوە، چونکە خۆی کچێکی لە سەربازگەکە شەهیدبووە، خوشکێکی هاوژینگەی شەهیدبووە و دوو کوڕی دیکەی گوندەکەیان کە هاوشێوەی زەینەب عەلی گواسترابوونەوە بۆ سەربازگەکە شەهیدبوون.

پاش چوار مانگ و نیو لەنێو ترس و بیرکردنەوە لە مان و نەمان، زەینەب عەلی لەگەڵ کۆتا گرووپدا دەگەڕێندرێنەوە بۆ زێدی خۆیان.

لەبارەی ئەو کارانەی حکومەت بۆی کردوون زەینەب عەلی وتی: حکومەت هیچ ڕێزێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان ناگرێت و تەنها مووچەیەکی مانگانەی بۆ دابین کردووین ئەویش دوو مانگ جارێ دێ، جاش و مستەشارەکان مووچەکەیان سێ هێندەی مووچەکەی ئێمەیە، منداڵەکانیان سێ ئەوەندەی منداڵەکانمان مووچەی هەیە، منداڵی ئەوان دادەمەزرێت هی ئێمە دانامەزرێت.

لەبارەی داواکارییەکانیانەوە ئەوەی خستەڕوو، داواکارین حکومەتی کوردستان کەمێک بەخۆیاندا بچنەوە، ئەم حکومەتەی کە ئێستا هەیە، بەرهەمی خوێنی ئەنفال و شەهیدەکانە بۆیە داوا ئەکەین ئەو ڕووفاتانە بگەڕێننەوە بۆ کوردستان و پشکنینی دی ئێن ئەی بکرێت بۆ دۆزینەوەی کەسوکارەکانمان.

ئەمە لە کاتێدایە ئەمڕۆ، ڕۆژی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانە بەڵام تا ئێستا دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ لە بیابانەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا هەڵنەدراونەتەوە، هەروەها ئەوانەشی کە هەڵدراونەتەوە ڕووفاتی ئەنفالکراوان هێشتا لە بەغدایە و نەگەڕێندرانەتەوە بۆ کوردستان تا هیچ نەبێ کەمێک دڵ و دەروونی کەسوکارەکانیان ئارامی بەخۆیەوە ببینێت.

ب. جـ

Comments are closed.