ئەبوبەکر مەجید: پەکەکە شۆڕشی ئازادیی کوردستانی گەیاندە قۆناغێکی مێژوویی

سلێمانی

ئەندامێکی کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان لە باشووری کوردستان دەڵێت: پارتی کرێکارانی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بۆ کۆمەڵێ ئامانج دامەزراوە یەک لەو ئامانجانە بەدیهێنانی دیموکراسی بوو بۆ گەلانی تورکیا، پەکەکە شۆڕشی ئازادیی کوردستانی گەیاندە قۆناغێکی مێژوویی.

لە چوارچێوەی بانگەوازی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”ـی ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە لە ٥ بۆ ٧ـی ئایار ١٢ـیەمین کۆنگرەی خۆی ئەنجامدا و بڕیاری ڕاگرتنی سەرجەم کارەکانی بەناوی پەکەکەوە وەرگرت، لە ئێستاشدا هەم ڕێبەر ئاپۆ و هەم پەکەکەش هەموو دەسپێشخەرییەکیان بۆ ئاشتیکردووە، بەڵام تا ئێستا دەوڵەتی تورک هیچ هەنگاوێکی نەناوە، لەو بارەیەوە ئەبوبەکر مەجید، ئەندامی کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان لە باشووری کوردستان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

ئەبوبەکر مەجید
ئەبوبەکر مەجید

ئەبوبەکر مەجید لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: دەوڵەتی تورکیا لە قەیرانی قوڵی بەڕێوەبردندایە ئەمەش پێویستی بەوەیە سەرلەنوێ دیزاین بکرێتەوە، ئەمەش نەک هەر لەناوخۆ بەڵکو هێزە هەژموونگەراکانی جیهان هەوڵی دیزاینکردنی ناوچەکە دەدەن، پارتی کرێکارانی کوردستان هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە بۆ کۆمەڵێک ئامانج دامەزراوە یەک لەو ئامانجانە بەدی هێنانی دیموکراسی بوو بۆ گەلانی تورکیا کە تێیدا ناسنامەی گەلی کورد لە لەناوچوون بپارێزێت،

وتیشی: لەسەر ئەو بنەمایەش پەکەکە دەستی بە دامەزراندن و بەستنی یەکەمین کۆنگرەی پەکەکەی کرد کە خەباتی سیاسییان لە کوردستان گەیاندە قۆناغێکی مێژوویی، ئەمە لە کاتێكدابوو کە دەوڵەتی تورک لەوپەڕی بەهێزیدا بوو، بەوەش پەکەکە کوردی زیندووکردەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، دیارە نەتەوەپەرستی تورک نەیدەزانی شۆڕشی کورد بەڕێبەرایەتی پەکەکە خاوەن ئایدۆلۆژیا و جیهانبینییەکی نوێیە بۆ پرسی کورد و گەلانی ناوچەکە، بۆیە هەموو توانایەکی خۆیان و دەوڵەتەکەیان خستە دژایەتی پەکەکە بەڵام پەکەکە بە بەردەوامیدان بە شۆڕش و تێکۆشان تەواوی خەون و ئامانجەکانی داگێرکەرانی لەناوبرد، ئێستا داگیرکەرانی کوردستان خۆیان بەناچاری بانگەوازی بۆ ئاشتی دەکەن، لەم چوارچێوەیەشدا ڕێبەر ئاپۆ دەستپێشخەری بۆ ئاشتی ڕاگەیاند، بەم هەنگاوە ڕێبەر ئاپۆ قۆناغێکی نوێی لە تێکۆشانی سیاسی و شۆڕشگێڕیی خۆی دەست پێکرد کە بۆ گەلانی ناوچەکە و گەلی کورد پێویستییەکی حەتمییە ئەویش سیستەمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتییە.

لەکۆتایشدا وتی: ڕاگەیاندی شەهیدبوونی هەردوو سەرکردە و پێشەنگانی شۆڕشی کوردستان بەواتای ئەوە دێت پەکەکە حزبی شەهیدانە و بەخوێنی ئەو شەهیدانە مۆری خۆی لە سەرکەوتنی شۆڕشی کوردستان دەدات، بانگەوازی لە تەواوی پارت و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان و هەمو ئازادیخوازان دەکەم پاڵپشتی ئەم قۆناغەی تێکۆشانی مەدەنی بکەن.

ب. جـ

Comments are closed.