کەنەکە: زمانی کوردی هەبوونی نەتەوەی کوردە و ناسنامەمانە

ناوەندی هەواڵەکان

کۆمسیۆنی زمان و کولتوور و پەروەدەی کەنەکە بڵاوی کردەوە، زمانی کوردی هەبوونی نەتەوەی کوردە، زمانی کوردی ناسنامەمانە، هەموو ڕۆژی ساڵ و ١٥ گوڵان جەژنی زمانی کوردی لە هەموو کورد و کوردستانیان پیرۆز بێت.

کۆمسیۆنی زمان و کولتوور و پەروەدەی کەنەکە، سەبارەت بە جەژنی زمانی کوردی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکەدا هاتووە، زمانی کوردی هەبوونی نەتەوەی کوردە، زمانی کوردی ناسنامەمانە، هەموو ڕۆژی ساڵ و ١٥ گوڵان جەژنی زمانی کوردی لە هەموو کورد و کوردستانیان پیرۆز بێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، سەدان ساڵە، هەر لە ڕۆژگاری کۆلۆنیالیزم و ئەمڕۆی داگیرکاریی، گەلی کورد بە زمان و تایبەتمەندییە نەتەوەییەکانیەوە لەژێر زوڵم و زۆرداری و دابەشبوون و لەناوبردندایە، دوژمنان بە پلان و خۆسەپاندن هەوڵیان داوە زمان و کولتووری کوردان لەناو ببەن و نەیهێڵن.

دەشڵێن: گەلی کورد بەدرێژایی ئەم مێژووە لە بەرامبەر نیاز و ئامانجی دوژمنان چۆکی دانەدا و بۆ مانەوە و هێشتنەوەی زمان و هەبوونی خۆی خەبات و تێکۆشانی کرد، قوربانی مەزنی لە پێناودا پێشکەش کرد.

کەنەکە دەشڵێت: سووپاس و ستایش بۆ پێشەنگانی کورد و دایکانی پەروەردەکار، کە زمانی کوردی، ئەو زمانە ڕەسەنەی، کە ڕەگ و ڕیشەی ئاوێتەیە بە سروشت و خاکی کوردستانەوە، بە زیندوویی هێشتیانەوە و تا ئەبەد دەمێنێتەوە، بە گیانی فیداکارانەی ئەوانەوە ١٥ــی گوڵان جەژنی زمانی کوردی لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەین.

هاوکات، ئەمڕۆ ١٥ـی گوڵان بە بڕیاری کۆنفرانسێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە کرایە جەژنی زمانی کوردی.

باس لەوەشکراوە، خەڵکی کوردستان بەو بۆنەیەوە بە خۆشی و شادی ئاهەنگ دەگێڕن و مەراسیمی جیا جیا پێشکەش دەکەن، ئەمەش جێگای خۆشحاڵی و ڕێز و پێزانینە.

کەنەکە ڕایگەیاند، ئەمساڵیش بە گەرم و گوڕیەکی زۆرەوە بە تایبەتی لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، بە شێوەیەکی دیار و سەرکەوتووانە ئامادەکاری و چالاکی بۆ ئەم جەژنە ئەنجام دەدەین و پیرۆزی دەکەین.

لە کۆتاییدا دەڵێن: هیوادارین لە ساڵانی داهاتوودا سەرتاسەری کوردستان بە ئازادی و سەرفەرازی هەمیشەیی، هەموو ڕۆژانی ساڵ و ١٥ـی گوڵانیش لەگەڵیدا بە جەژنی سەرکەوتن و گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد ئاهەنگ و شایی بگێڕین، چونکە زمان ناسنامەی هەر میللەت و نەتەوەیەکە، بۆیە پێویستە زمانی کوردی بپارێزین.

ڤ.م

Comments are closed.