سلێمانی
کوردۆ کاروان دەڵێت: هۆکاری سەرەکی کاڵ بوونەوەی زمانی کوردی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیایە، کە وای کردوە خوێندنەوەی پەرتووک کەم بێتەوە، هەروەها خوێنکارێکی زانکۆش دەڵێت: ئەرکی حکومەتە، کە لە ناوەندەکانی خوێندندا گرنگی بدات بە زمانی کوردی هەتا کۆمەڵگا بەرەو ترازان نەڕوات هۆگرییان بۆ بابەتی بێگانە زیاد نەبێت.
ڕۆژی ١٥ـی گوڵان وەک جەژنی زمانی کوردی دیاری کراوە، کە هاوکاتە لە گەڵ دەرچوونی یەکەم ژمارەی گۆڤاری هاوار، لەم ڕۆژەشدا لە هەرچوار پارچەی کوردستان کوردان ئەم ڕۆژە پیرۆز دەکەن، هەروەها گرنگی بە بەکارهێنانی زمانی کوردی دەدرێت لەو بارەیەوە هاوڵاتیان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
کوردۆ کاروان شاعیر وتی: زمانی کوردی زمانێکی زیندووە، بەڵام لە سەردەمی تەکنەلۆجیادا وای کردوە، کە خویندنەوەی پەرتووک بە زمانی کوردی کەم بێت، کە ئەمەش هۆکاری سەرەکی کاڵ بوونەوەی زمانی کوردییە، هەروەها لە شوێنە گشتیەکان و دوکانەکاندا تابلۆکان بە زمانی بێگانە نوسراوە، کە ئەمەش ئەرکی حکومەت و وەزارەتی ڕۆشەنبیریە ڕێگری بکات لەو دیاردەیە.

ئاماژەی بەوەشدا: زمان کۆڵەکەی ناسنامەی مانەوەی هەموو گەلێکە، پێویستە زمانی دایک زمانی سەرەکی کۆمەڵگابێت، هەبوونی زمانی تریش گرنگە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا و تاکەکەنی.
هاوکات میر کامیل خوێندکاری زانکۆ وتی: بەکارهێنانی زمانی کوردی لەم قۆناغەدا بەرەوپێش ناچێت بە پێچەوانەوە لەم نەوە تازەدا تەواو بەرەو کاڵبونەوە ڕۆشتووە، کە لە ئاستێکدایە منداڵان هەر لەسەرەتای تەمەنیانەوە خۆیان لە بەکار هێنانی زمانی کوردی ئەپارێزن، کە ئەمەش هۆکارەکەی بۆ خێزانەکان ئەگەڕێتەوە، بۆیە گرنگە کە نەوەکانمان گرنگی بە خوێندنەوەی مێژووی کورد بدەن.

ئاماژەی بەوەشدا: ئەرکی حکومەتە، کە لەناوەندەکانی خوێندندا گرنگی بدات بە زمانی کوردی هەتا کۆمەڵگا بەرەو ترازان نەڕوات هۆگرییان بۆ بابەتی بێگانە زیاد نەبێت، شوناس و ناسنامەی کوردبون بپارێزرێت، بەداخەوە ئێستا وای لێهاتوە زمانی بیانی پێش زمانی کوردی کەوتوە.
ئـ. پـ
Comments are closed.