سلێمانی
شێخ فواد بەرزنجی دەڵێت: لەدوای ساڵانی ٢٠٠٨ ـەوە کۆمەڵگای کوردی بەرەو بێگانەبوون هەنگاوی ناوە، ئەرکی لایەنی پەیوەندیدارە لە بازاڕو شوێنە گشتیەکان نەهێڵێت بە زمانی بیانی بنوسرێت و زمانی کوردی بکرێتە زمانی سەرەکی، دەشڵێن: بەکارهێنانی زمانی دایک گرێدراوی ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگایە.
زمانی کوردی لە چەند لە زاراوەیەکی جیاواز پێکهاتووە، کە ئەوەش دەوڵەمەند بوونی زمانی دایک دەردەخات، لەوبارەیەوە مامۆستا شێخ فواد بەرزنجی و فاروق قەرەداغی پرۆفیسۆری یاریدەدەر بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
مامۆستا شێخ فواد بەرزنجی وتی: لە ڕاستیدا کۆمەڵێک هۆکار هەیە، کە بووەتە هۆی لاوازبونی زمانی کوردی بەتایبەت لەدوای ساڵانی ٢٠٠٨ ـەوە کۆمەڵگای کوردی بەرەوە بێگانەبوون هەنگاوی ناوە، بەمەش بەکارهێنانی زمانی دایک بەرەو کاڵبونەوە رۆشتووە، خوێندن بە زمانی ئینگلیزی لە باخچەکانەوە بۆ تەواوی ناوەندەکانی خوێندن بووەتە هۆی فەرامۆشکردنی زمانی دایک.

وتیشی: زمانی کوردی زمانێکی دەوڵەمەندە و ئەرکی حکومەتە کار لەسەر یەک خستنی شێوە زارەکانی بکات تا هەموو ناوچەکان لە یەک تێبگەن، بۆیە گرنگە خێزانەکان زمانی دایک لەناو خۆیاندا بەکاربێنن، ئەرکی لایەنی پەیوەندیدارە لە بازاڕ و شوێنە گشتیەکان نەهێڵێت بە زمانی بیانی بنوسرێت و زمانی کوردی بکرێتە زمانی سەرەکی.
هەر لەو چوارچێوەیەدا فاروق قەرەداغی پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سلێمانی دەڵێت: ئەو مەترسیانەی لەسەر بەکارهێنانی زمانی دایک هەیە هەمە چەشنن، ئاخاوتن بە زمانی دایک گرێدراوی ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگایە، کێشەی سەرەکی ئەوەیە سنورێک نیە لە بواری چاپەمەنی تا گرنگی بدەن بە بەکارهێنانی زمانی کوردی.

ئاماژەی بەوەشدا: خێزانیش دەبێت بەرپرسیاربن لە بەرامبەر منداڵەکانیان فێری زمانی دایکیان بکەن، لە سیستەمی پەروەردەشدا زمانی کوردی یەکەم بێت بۆ ئەوەی نیشتیمان پەروەری لاواز نەبێت، خێزانەکانیش ئەبێ بەرپرسیاربن بەرامبەر بە زمانی دایک منداڵەکانیان فێری زمانی دایک بکەن، تا زمانی دایک لە پەروەردەدا یەکەم نەبێت نیشتیمان پەروەری لاواز دەبێت.
لە كۆتایدا وتی: هەروەها دەبێت تابلۆی سەر دوکانەکان بە زمانی کوردی بنوسرێت بۆ پارێزگاریکردن لە کلتور و فەرهەنگی کوردی، پێویستە، کە نوسینی کوردی وەرگێڕان بکرێت بۆ سەر زمانە بیانیەکانی جیهان.
ئـ. پـ
Comments are closed.