كۆمسیۆن: زیاتر لە هەشت ملیۆن هاوڵاتی داتاكانیان نوێ نەكردوەتەوە

ناوەندی هەواڵەكان

سەرۆكی تیمی ڕاگِەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕٍایگەیاند، ڕێژەی نوێ نەكردنەوەی داتای دەنگدەران لە نێوان پارێزگاكاندا جیاوازە، هێشتا زیاتر لە هەشت ملیۆن هاوڵاتی داتای هەڵبژاردنەكانیان نوێ نەكردووەتەوە، كە زۆرترینیان لە پارێزگاكانی بەغدا و نەینەوان.

عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەبارەت بە ژمارەی ئەو كەسانەی تا ئێستا داتاكانیان بۆ هەڵبژاردن نوێ نەكردوەتەوە، بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت.

عیماد جەمیل ڕایگەیاند، ڕێژەی نوێ نەكردنەوەی داتای دەنگدەران لە نێوان پارێزگاكاندا جیاوازە، هێشتا زیاتر لە هەشت ملیۆن هاوڵاتی داتای هەڵبژاردنەكانیان نوێ نەكردووەتەوە، زۆرترین ڕێژەش لە سێ پارێزگادا چڕبووەتەوە، بریتین لە بەغدا، بە جۆرێك دوو ملیۆن و ٤٠٠ هەزار كەس داتاكانیان نوێ نەكردووەتەوە.

وتیشی، نەینەوا بە نزیكەی یەك ملیۆن كەس، دواتر بەسرە بە ٨٠٠ هەزار كەس داتاكانیان نوێ نەكرووەتەوە، كۆمسیۆن بڕیاریداوە ماوەی نوێكردنەوەكە بۆ ماوەی مانگێكی تەواو درێژ بكاتەوە، بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێت بە هەموو هاوڵاتیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا.

ئەوەشی خستەڕوو، تیمە گەڕۆكەكانی كۆمسیۆن لە سەرتاسەری وەزارەت و دامودەزگاكانی دەوڵەت جێگیركراون، وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتیەكانیش دەستیان بە نوێكردنەوەی داتاكانیان كردووە و داوا لە فەرمانبەران دەكەین هەمان كار بكەن.

بڕیارە ١١ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، كۆمسیۆنیش بەردەوامە لە ئامادەكارییەكانی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە.

هـ.ئ

Comments are closed.