ناوەندی هەواڵەکان
سلێمان موعینی سەرکردەیەکی دیاری ناو خەبات و تێکۆشانى گەلی کورد بوو دژ بە داگیرکەران، بەڵام دەستی خیانەت و دوژمن پەرست دەستى چووە خوێنی و بە شێوەیەکی ترسنۆکانە شەهیدیان كرد، دواتریش تەنیا بۆ سوپاسێک تەرمەکەی ڕادەستی شای ئێران کرایەوە، ئەمەش بۆ هەمیشە ئەمە بووە خاڵێکی ڕەش بە ناوچاوی ئەوانەى دەستییان چووە خوێنی ئەو سەرکردە گەورەیە.
ئەمڕۆ ٥٧ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر شەهیدکردنى سلێمان موعینی سەرکردەی ناسراوی کورد لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، ئەو سەرکردەیەی هەر لە تافی لاویەتییەوە ڕێگای تێکۆشانى بۆ گەلەکەى گرتە بەر و خەون و خەیاڵی ئازادی بۆ گەلەکەى جۆشدا، هەر ئەمەش وایکرد، کە مردن هەڵبژێرێت، نەک ملکەچی و خۆ بەدەستەوەدان بە داگیرکەران.
سلێمان موعینی کێ بوو؟
فایەق محەمەد ئەمین ناسراو بە سلێمان موعینی لە ساڵی١٩٣٣ لە شاری مەھابادی ڕۆژهەڵاتى کوردستان لە دایکبووە و هەر لەسەرەتا یلاویەتییەوە چووەتە تێکۆشان بۆ گەلی کورد و لە ریزەکانى حزبی دیموکراتى کوردستانی ئێران دەستی بە کاری سیاسی کردوە.
محەمەد ئەمین موعینی باوکی سلێمان موعینی یەکێک بووە لەو کەسانەی لە پێناو گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان خەباتی بێووچانى کردوە، هەر بۆیە بەهۆی هەڵوێستەکانییەوە دووچاری زیندان و ئەشکەنجەى زۆر بووەتەوە و بۆماوەیەکی زۆریش لە کوردستان دوور دەخرێتەوە، بۆیە هەڵوێستە نەتەوەییەکانى باوکی کاریگەری گەورەی هەبوو لەسەر تێڕامان و بیری موعینی بۆ گەلەکەی.
موعینی لاوێکی چالاک و بوێر بووە هەر لە خوێندندا بووە ،کە بەشداریکردووە لە دامەزراندنى حزبی دیموکراتى کوردستان و یەکێک بووە لە ئەندامە چالاکەکانى دروستکردنى ئەو پارتە کوردیە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەى شۆرش دژ بە دەوڵەتى ئێران، بەڵام بەهۆی توندوتیژییەکانى شای ئێران دژ بە گەلی کورد لە رۆژهەڵاتى کوردستان و جوڵانەوەى کوردی لەو بەشەى کوردستان سلێمان موعینی ناچار بووە بچێتە باشووری کوردستان و لە جوڵانەوەى کوردی دژ بە رژێمی عێراق بەشداری بکات.
موعینی یەکێک بوو لەو چالاکوانە سیاسییانەى، کە لە بۆسەى ڕژێمی ئێراندا ڕزگاری بووە، هەڕەشە و هەوڵەکانی ئێران بۆ تیرۆرکردنى شکستى هێناوە، بۆیە کاتێک ڕوو لە باشووری کوردستان دەکات واز لە تێکۆشان و هەوڵەکانى بۆ هەڵگیرسانی شۆرش دژی ئێران ناهێنێت و بەردەوام بەدوای کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوەى چالاکوان و سەرکردەکانى رۆژهەڵاتەوەیە.
ئەو سەرکردە کوردە لە باشووری کوردستانیش بەردەوام هەوڵی کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوەی کوردپەروەرانى رۆژهەڵاتى کوردستان دەدات و دەیەوێت لەژێر یەک چەتردا کۆیان بکاتەوە، بۆ ئەمەش بە ئاستێکی باش دەگات و زۆری نامێنێت هەموویان لە ژێر چەترێکی سیاسیدا کۆبکاتەوە، بەڵام کاتێک ئێران بەمە دەزانێت ترسی لا دروست دەبێت و پێیوایە، کە موعینی دەتوانێت جارێکی دیكە شۆڕش دژی ئێران هەڵبگیرسێنێتەوە، بۆیە نامەیەک بۆ موعینی دەنێرێت و داوای لێدەکات بگەڕێتەوە ئێران و بڕیاری لێخۆشبوونى بۆ دەردەکەن.
موعینی لەبەرامبەر دا داواکەی ئێران ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت : من ڕۆڵەى کوردم و ئاڵاهەڵگر و درێژەپێدەری ئامانجەکانى کۆماری کوردستانم، بۆیە دەستبەرداری هیچ شتێک نابم لە پێناو خۆشبەختى خۆم.
موعینی ماوەیەک لەناو شۆڕشی باشووردا لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانى کار دەکات و نزیکدەبێت لێیەوە، بەڵام بەهۆی ئاڕاستەکردنی شۆڕش بەرەو ڕێگایەکی هەڵە و کۆنترۆڵکردنى شۆڕشەکە لەلایەن هۆزو بنەماڵەوە لەبارزانی دووردەکەوێتەوە و بەردەوام ڕەخنە لە هەڵوێستە نەرێنییەکانى سەرکردایەتى شۆڕش دەبێت و بەردەوامیش پێشنیارو چارەسەر بۆ کەم و کوڕی و کێشەکان دەخاتەڕوو، بەڵام ئەمە مەلا مستەفا و کوڕەکانی نیگەران دەکات.
لە جیاتى وەرگرتنى پێشنیازەکان و چارەسەرەکردنى کەموکوڕییەکانى شۆڕش بە شێوەی توند و هەڕەشە وەڵامی ڕەخنەکانى سلێمان موعینی دەدرێتەوە بە وەستانەوە لەدژی جوڵانەوەی کورد تۆمەتباری دەکەن، بۆیە موعینی ناچار دەبێت بەردەوام خۆی بپارێزێت لەو کەسانەى، کە بۆ دژایەتیکردنى دانراون.
سلێمان موعینی چۆن شەهید کرا؟
ئەو هەڕەشانەى لە سەرکردایەتى شۆڕشەوە لە سلێمان موعینی دەکرا، وایکرد ڕۆژ بە ڕۆژ مەودای گەڕان و ژیانی موعینی بەرتەسک ببێتەوە، دۆستەکانى موعینی لە باشووری کوردستان بەتایبەت شێخ لەتیفی حەفید بەردەوام ئاگاداری دەکاتەوە ،کە ئاگاداری خۆی بێت و لەو کەسانە نزیک نەبێتەوە ،کە موعینی بە دۆستى خۆیان دەزانێت.
وەک خانەوادەى موعینی بڵاویان کردوەتەوە، کەسێک بەناوی قادر تەگەرانی، کە نزیکایەتى لەگەڵ سلێمان موعینی هەبووە و لە پشتى پەردەشەوە کەسێکی نزیک لە بارزانى و ساواک بووە، بەیانییەک موعینی لەسەر رێگای سیتەک، کە دەکەوێتە باکوری شاری سلێمانییەوە دەخاتە داوی ساواک و چەکدارانى بارزانییەوە، دواتر دوو لە هاوڕێییەکانى موعینی شەهید دەکەن و موعینیش دەبەنە بارەگای بارزانى.
مەلا مەستەفا داوا لە موعینی دەکات خۆی ڕادەستى ئێران بکاتەوە و داوای لێبوردنیش لە ئێران بکات لەبەرامبەر ئەو کارانەى کردوویەتى ،بەڵام موعینی زۆر بە توندی وەڵامی ئەو داواکارییەى بارزانى دەداتەوە و دەڵێت: ئێمە هەموو تەمەنى خۆمان لە دژی داگیرکاری و بەرگریکردن لە گەلی خۆمان بەخشییووە، چۆن داوای لێبوردن لە ڕژێمێکی داگیرکەر دەکەم.
بەهۆی ڕازی نەبوون بە داواکەی بارزانى و خۆ ڕادەستنەکردنەوەى بە شای ئێران لە ساڵی ١٩٦٨ سلێمان موعینی بە فەرمانی بازرانى گولـلەباران دەکرێت و شەهید دەکرێت، دواتریش هەر بە فەرمانی بارزانی تەرمەکەى ڕادەستی ئێران دەکرێتەوە، دوای چەند ڕۆژێک لە هەڵواسینی تەرمەکەى لەناو شەقامەکانى ڕۆژهەڵاتدا لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، خانەوادەکەى تەرمەکەى وەردەگرنەوە و لە شاری مهاباد لە زێدی خۆی بە خاک دەسپێردرێت.
مەسعود بارزانى سەرۆکی پەدەکە ،کە یەکێکە لە هاوبەشەكانی بڕیاری گولـلەبارانکردنى سلێمان موعینی لە کتێبی جوڵانەوەى ئازادیخوازانەى کورددا دان بە شەهیدکردنی ئەو سەرکردە کوردەدا دەنێت و نووسیویەتى: سلێمان موعینی دژی شۆڕشی کورد هەڵسوکەوتى کردوە، بۆیە کوژراوە و رادەستى ئێران کراوەتەوە، لەوکاتەشدا ئەوە بڕیارێکی ناچاری بوو.
هـ.حـ
Comments are closed.