پانێڵی یەکەمی کۆنگرەی هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی بەڕێوەچوو

سلێمانی

لە پانێڵی یەکەمی کۆنگرەی هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی ئاماژە بە دەستپێشخەریی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئەو ئاستەنگییانەی کە لەلایەن سیستەمی سەرمایەداری و دەوڵەت-نەتەوەوە دەخرێت بەردەم ژنان و تێکۆشانی ژنان بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان و یەکسانی کرا.

لە میانی یەکەمین کۆنگرەی دوای دامەزراندنی هاوپەیمانی نەدا (هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی)، پانێڵی یەکەم بە ناونیشانی “جەنگی جیهانی سێیەم؛ جینۆسایدێکی شاراوە دژ بە ژنان” بەڕێوەچوو و کۆنگرەکە بەردەوامە.

لە پانێڵی یەکەمەدا هەریەک لە (هاجەر ئۆزدەمیر، سەما بەکداش، ئەسما کەفتارۆ، بووشرا عەبدولعیسا، عەفاف گاتاشا) بەشدارییان تێدا کرد.

هاجەر ئۆزدەمیر
هاجەر ئۆزدەمیر

سەرەتا هاجەر ئۆزدەمیر، بابەتێکی لەسەر قۆناغەکانی جەنگی جیهانی سێیەم لە ناوچەکە پێشکەش کرد و وتی: ساڵانێکە شەڕێکی بەردەوام لە جیهاندا بەڕێوەدەچێت، هێزە ئیمپریالیستەکان هەمیشە ویستوویانە کە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا درێژە پێبدەن، ئەمڕۆش لە جیهاندا جەنگی جیهانی سێیەم بەڕێوەدەچێت و بەتایبەت ژنان بە ئامانج دەگرێت و ڕێگریی دەکات لەپێشکەوتنەکانیان و مافەکانیان پێشێل دەکات.

جەختیشی کردەوە، پێناسەی جەنگی جیهانی سێیەم بۆ یەکەمجار بەڕێز عەبدولا ئۆجالان ئاماژەی پێدا، جەختی کردەوە کە لە جیهاندا جەنگی جیهانی سێیەم بەشێوەی فکری بەڕێوەدەچێت و هەوڵدەدەرێت چارەسەرییەکان لەناوببرێت و درێژە بە شەڕ بدرێت، نەتەوەپەرست و ئارەزوومەندانی جەنگ، بۆ ئەوەی هیچ تێکۆشانێک لە دژیان بەڕێوەنەچێت ئەوا هەموو هەوڵێک بە ئامانج دەگرن.

سەبارەت بە بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆش ئاماژەی بەوەدا، ئەو بانگەوازییە چارەسەری بنەڕەتییە بۆ کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەڵێت ئێمە دەتوانین پێکەوە بژێین و پێکەوە چارەسەری کێشەکانمان بکەین، کار لەسەر کۆمەڵگای دیموکراتیک و دیموکراسیی دەکات، کە ئەوەش بە دەستی ژن بەدی دێت.

سەما بەکداش
سەما بەکداش

دواتر، سەما بەکداش، بابەتێکی بە ناونیشانی “مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە لە ناوچەکە و نەبوونی دیموکراسی: ئامرازێکی شەڕ بۆ هەژموونی پیاوسالاری دژ بە ژنان” پێشکەش کرد و وتی: دەوڵەتە نەتەوەییەکان وەک پڕۆژەیەکی توندوتیژی دەرکەوتن و خۆیان تا ئەمڕۆ هێناوە. دەوڵەت-نەتەوەیی زۆربەی جار لەسەر بنەمای لەناوبردنی دەوروبەری شکڵی گرتووە. یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە، بە تەواوی لەسەر سیستەمێکی پیاوسالار بنیات نراوە و ئەمەی وەک کەرەستەیەک بەکارهێناوە. ژنان لەم سیستەمە پەراوێزخراون و گۆشەگیر کراون.

ئەوەشی بەبیرهێنایەوە، لە کۆمەڵگاکانی پێشوودا، ژنان لە زۆر بواری ژیاندا، هەرچەندە کەمیش بێت، ڕۆڵیان هەبوو، بەڵام لە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەدا بە تەواوی پەراوێز خراون.

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا، ڕێبەر ئاپۆ، دەوڵەت-نەتەوە لەسەر زهنییەتی پیاوسالارییەوە هەڵدەسەنگێنێت، دەوڵەتە نەتەوەکان بە ڕێگەی ڕەگەزپەرستی، چینایەتی و چەندین ڕێگای دیکە کۆمەڵگە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ دەکەن. ژنان گەورەترین قوربانییانی ئەم سیستەمەن.

ئەسما کەفتارۆ
ئەسما کەفتارۆ

هەر لە پانێڵەکەدا ئەسما کەفتارۆ، بابەتێکی بە ناونیشانی “ئیسلامی سیاسیی تاکڕەو- چەکێکی شەڕ لەسەر جەستەی مرۆڤ” پێشکەش کرد و وتی: پێکەوە باس لەوە دەکەین کە چۆن دەتوانین یەکێتی ژنان پەرەپێبدەین، هەروەها باس لە پشتگوێخستنی ئیرادەی ژنان دەکەین، ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتی دابڕێنران و هێزیان لەدەست دا.

ئاماژەی بەوەشدا، پێش ئیسلام، ژنان لە کۆمەڵگای عەرەبیدا ژیانێکی پڕ لە سەختییان هەبوو، لەگەڵ هاتنی ئیسلامدا هەندێک ژنی تێکۆشەر لەگۆڕەپانی مێژوودا دەرکەوتن و ویستیان ڕێگری لە زوڵم و ستەمی سەر ژنان بکەن، لە پەیامی پێغەمبەردا ئازادییەکان هەیە، لە قورئاندا، یەکسانی ژنان خراوەتەڕوو، لە سەردەمی ئیسلامدا، ئەو ژنانەی تێکۆشانی ئازادی ژنانیان دەکرد بە تێپەڕبوونی کات لە کۆمەڵگە دوورخرانەوە، بەڵام ئێمە ئەوە دەزانین کە ژنان دەتوانن خەبات بکەن و ئازادی خۆیان بەدەستبهێنن.

بووشرا عەبدولعیسا
بووشرا عەبدولعیسا

لە درێژەی پانێڵەکەدا، بووشرا عەبدولعیسا، بابەتێکی بە ناونیشانی “ڕەوایەتییدان بە سیستەمی پیاسالاری بۆ جینۆسایدکردنی ژنان لە ڕێگەی شەڕی یاساییەوە” پێشکەش کرد و وتی: لە ناو کۆمەڵگادا، جار جار گوێمان لە وتار گەلێک دەبێت کە گوایە هەندێک یاسا کە لە ڕاستییدا قەیران دروست دەکەن ژنان دەپارێزن، ئەو یاساییانەی کە ژنان لە توندوتیژی دەپارێزن، بەداخەوە ئەو تاوانبارانەش دەپارێزن کە ژنان لەژێر ناوی شەرەفدا دەکوژن، لێرەدا باشتر لە گرنگی پەیماننامەکانی پاراستنی ژنان تێدەگەین کاتێک سەیری ئەوجۆرە یاسایانە دەکەین.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، وشەی شەرەف لە یاسادا وەک چەمکێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت کە تەنها ژنان دەگرێتەوە، کاتێک ژنێک لەلایەن بەناو هاوژینەکەیەوە دەکوژرێت ئەوا پیاوەکە هیچ سزایەک وەرناگرێت، چونکە بە یاسایی، ئەم پیاوە وەک کەسێک دەبینرێت کە شەرەفی خۆی پاک کردووەتەوە، تەنانەت کوڕانیش دەتوانن ئەم کارە ترسناکە دژی دایکیان ئەنجام بدەن، بۆیە پێویستیمان بە تێکۆشانیكی جددی و بەرفراوان هەیە بۆ گۆڕینی ئەم یاسایانە.

عەفاف گاتاشا
عەفاف گاتاشا

لە کۆتاییشدا، چالاکوانی فەڵەستینی عەفاف گاتاشا، بابەتێکی بە ناونیشانی “تێکدانی ژینگە لەلایەن سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی و کاریگەرییەکانی لەسەر ژنان و کۆمەڵگە” پێشکەش کرد و وتی: لە ساڵەکانی ١٩٧٠ـەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تێکدانێکی ژینگەیی هەیە، قەیرانەکانی ژینگە لە ناو سیستەمی سەرمایەداریدا ڕوودەدەن، سیستەمی سەرمایەداری سرووشتی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و کردوویەتی بە مۆنۆپۆلی بازرگانی، سەرەڕای دەرکردنی یاسای زۆر، تەنها وەک نووسراو ماونەتەوە، ئەوەی کێشەکان دەخوڵقێنێت خودی سیستەمەکەیە، بۆیە ئەوەی کە سیستەمەکە دەیڵێت لە چوارچێوەی لۆژیکدا نییە، ئەمانە بۆ تێکشکاندنی هۆشیاریی ژینگەیی ئێمەن.

وتیشی: گەلی فەلەستین بۆ ماوەی ٦٥-٧٠ ساڵە ڕووبەڕووی جینۆسایدی مرۆیی بووەتەوە و لە دژی تێکۆشان دەکات، ئەم توندوتیژییە سرووشتی فەلەستینیشی کردووەتە ئامانج، جینۆسایدی مرۆیی و سرووشتی ڕوودەدات، ڕەنگە ئێستا نەبێت بەڵام لە ساڵانی داهاتوودا کاریگەرییەکانی ئەم جینۆسایدانە بە قووڵتر هەست پێدەکەین.

جەختیشی کردەوە، ئەم شەڕە هاوکات شەڕێکە دژی ژنان، بە لەناوبردنی فەلەستین ڕێگاکانی گەڕانەوە دادەخرێن. داگیرکەران کاتێک شوێنێک داگیردەکەن، گرنگی بە سرووشت و ژینگەی ئەوێ نادەن، بەڵام شتێک هەیە کە نایزانن، ئەوان ئەو خاکەیان بۆ خۆشیان کردووەتە دۆزەخ، ئێمە ناتوانین هەموو ئەم ڕووداوانە جیا لە ژنان لێکبدەینەوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا عەفاف گاتاشا وتی: دەبێت هۆشیاری ژینگەیی بڵاوبکەینەوە و دژی ئەوەی ڕوودەدات خۆمان ڕێکبخەین، دەزانم کە ئێمە بەهێزین و ئیرادەمان هەیە بۆ ئەوەی بۆ ئەم هەموو ڕووداوانە بڵێین “بەسە”، دەبێت پشتگیری ئەو ژنانە بکەین کە لە ناو بەرهەمهێناندان، دەبێت ئەمە بکەین بۆ پاراستنی سیستەمی ژینگەیی و هاوسەنگی سرووشت.

کۆنگرەکە پاش پشوودانێکی کورت بە پانێڵی دووەم بەردەوام دەبێت

ب. جـ

Comments are closed.