سلێمانی
پەڕلەمانتارێکی یەگرتووی ئیسلامی دەڵێت، زیادکردنی نرخی کارەبا بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی فیدڕاڵی پێچەوانەی دەستوورە و پێویستە بە هەموومانەوە ئەم بڕیارە ڕەت بکەینەوە.
ئەمڕۆ لە نوسینگەی پەڕلەمانی سلێمانی، هەریەکە لە کاوە شێخ محەمەد و مستەفا عەبدوڵا پەڕلەمانتاری سەرکەوتوو بۆ خولی شەشەمی پەڕلەمانی هەرێم لەسەر فراکسیۆنی یەگرتووی ئیسلامی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا چەند زانیاریەکی گرنگی سەبارەت بە پرۆژەی رووناکی خستەڕوو.
لەسەرەتای کۆنگرەکەدا مستەفا عەبدوڵا، وتی، حکومەتی هەرێم کەمتەرخەمبووە لە دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری و ئەو پرۆژەیەشی کە لە ئێستادا بەناوی پرۆژەی رووناکیەوە هەیە نرخەکەی زۆرە و بارگرانیە بۆ هاوڵاتیان.

دەشڵێت: هەرێمی کوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی فیدڕاڵی و راوێژکردن لەگەڵیدا نرخی کارەبای زیادکردووە کە ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە، بۆیە پێویستە لەسەرمان کە بە هەموومانەوە ئەم بڕیارە رەت بکەینەوە.
هەر لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا کاوە شێخ عەلی، پەڕلەمانتاری یەگرتوو، وتی، لە ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٢دا حکومەتی هەرێم رایگەیاندبوو کە بە هیچ شێوەیەک نرخ بەرزناکرێتەوە، کەچی لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا نرخەکەیان بەرزکردەوە کە ئەمەش بارگرانی لەسەر هاوڵاتیان درووست دەکات.

سەبارەت بە دیاریکردنی نرخیش کاوە شێخ عەلی وتی، بەپێی وتەی وەزارەتی کارەبا نرخی تێچووی کارەبا ١٢٠ دینارە، پێویست دەکات پێوەرەکانی دیاریکردنی نرخی کارەبا پشت بە تێچووی دابینکردنی کارەبا و پاڵپشتی حکومەت، هەروەها باری دارایی هاوڵاتیان ببەستێت، بۆ ئەوەی پرۆسەکەش سەربکەوێت، مەرجە کە بکرێتە پرۆسەیەکی یاسایی، هەروەها بۆ نرخیش دەبێت رەچاوی دۆخی هاوڵاتیان بکرێت.
جێگای باسە حکومەتی هەرێم لە پرۆژەی رووناکیدا لە یەک بۆ ٤٠٠ کیلۆواتدا ٧٢ دیناری دیاری کردووە، وە لە لە بەکارهێنانی ٤٠١ بۆ ٨٠٠ کیلۆواتدا ١٠٨ دیناری دیاری کردووە، لە ٨٠١ بۆ ١٢٠٠ کیلۆواتیشدا ١٧٥ دیناری دیاری کردووە، وە لە ١٢٠١ بۆ ١٦٠٠ کیلۆواتیشدا ٢٦٥ دیناری داناوە وە لەو بڕەش زیاتر ٣٥٠ دینار وەردەگیریت.
ئ پ
Comments are closed.