ناوەندی هەواڵەکان
دەستگیرکردنى شاندێکی ئەنجوومەنی گەلی مەخموور لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان کاردانەوەى فراوانى لێدەکەوێتەوە و دانیشتوانى کامپی مەخموور دەستیان بە خۆپیشاندان و مانگرتن کردوە.
ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە شاندێکی ئەنجوومەنی گەلی مەخموور کە لە سێ کەس پێکهاتبوون، سەبارەت بە پرسی گەمارۆکانی عێراق و کێشەکانی کامپی مەخموور چوونە بەغداد، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری داد و لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ کامپەکە بەبێ هیچ هۆکارێک دەستگیر کران و تائێستاش ئازاد نەکراون، حکومەتى عێراقیش تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی دەرنەبڕیوە.
لە ١٠ی نیسانی ڕابردووەوە حکومەتى عێراق ڕێگریی لە چوونى کاڵاو خزمەتگوزارییەکان دەکات بۆ ناو کامپەکە، هاوکات ناسنامەى دانیشتوانى کامپەکە نوێ ناکاتەوە و ڕێگریش لە هاتووچۆی هاوڵاتییانى ناو کامپەکە دەکەن، ئەوەش کێشەیەکی گەورەی بۆ دانیشتوانى ئەو کامپە درووست کردوە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز چوونى شاندەکەى ئەنجوومەنی گەلی مەخموور بۆ بەغدا بۆ ئەوە بووە کە گەمارۆ لەسەر کامپەکە لابدرێت و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی هاوڵاتییانی کەمپەکە بکرێت و ناسنامەکانیشیان بۆ نوێ بکرێتەوە.
شاندەکە دوای ئەوەى داواکارییەکانیان گەیاندووەتە بەرپرسانى عێراق و وەزارەتى داد، لەکاتی گەڕانەوەیان لەلایەن هێزێکی سەربازییەوە ڕێگایان پێدەگرن و دەستگیر دەکرێن، تائێستاش حکومەتى عێراق و لایەنە ئەمنییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر دەستگیرکردنى شاندەکە بڵاونەکردووەتەوە.
دوای دەستگیرکردنى شاندەکە دانیشتووانى کامپی مەخموور دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز کردەوە و دەستیان بە خۆپیشاندان کرد، سەدان کەس لەبەردەم ڕێکخراوی خانەوادەی شەهیدان لە کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و فشارەکانی حکومەتی عێراقیان ئیدانە کرد.
هاوکات لە دەروازەی شارۆچکەی مەخمور دانیشتوانی ئەو کەمپە چادری بەرخۆدانیان بەرامبەر هێزە سەربازییەکانی سوپای عێراق هەڵداوە و داوا لە حکومەتى عێراق دەکەن بە زووترین کات شاندەکە ئازاد بکەن، دەشڵێن: تا ئەو کاتەى شاندەکە ئازاد دەکرێت و داوای لێبوردنیان لێنەکرێت کۆتایی بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ناهێنن.
هەروەها لە ئێستادا هێزێکی سوپای عێراق گەمارۆی کەمپەکە و خێمەى خۆپیشاندەرانیان داوە و دەیانەوێت بە زەبری هێز کۆتایی بە خۆپیشاندانەکە بهێنن، بەڵام بەهۆی سووربوون و پێداگیری دانیشتوانى کامپەکە هێزەکەى عێراق نەیانتوانیوە لە خۆپیشاندەران نزیکببنەوە.
لە ساڵی ٢٠١٩ وە و لەدوای ڕووداوەکەى ڕێستۆرانتى هۆقەباز لە هەولێر کە بەرپرسێکی باڵای میتی تورک تێیدا کوژرا، پەدەکە گەمارۆییەکى توندی خستووەتە سەر کامپی مەخمور کە تا ئێستاش بەردەوامە.
هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٣ش سوپای عێراق لەسەر فشارو داوای دەوڵەتى تورک هێرشی کردە سەر کامپەکە و گەمارۆیدا کە تائێستاش ڕێگە بە هاتووچۆی هاووڵاتییانی کامپەکە و خزمەتگوزاریی و بردنی کاڵاو خۆراک بۆ ئەو کامپە نادەن.
خۆپیشاندەرانى کامپی مەخموور بۆ ڕۆژنیوز ڕایدەگەیەنن، شاندەکەى ئەنجومەنى گەلی مەخموور بۆ چارەسەرکردنى ناسنامە و خزمەتگوزاریی و هاتوچۆ سەردانی حکومەتى عێراقیان کردوە لە بەغدا، بەڵام دوای گەڕانەوەیان دەستگیرکراون، بەڵام ئێمە ئەوە قبوڵ ناکەین دەبێت دەست بەجێ شاندەکە ئازاد بکرێن.
خۆپیشاندەران کە دروشمی “بژی بەرخۆدانى مەخموور”یان بەرز کردوەتەوە، داوا لە بەرپرسانى عێراق دەکەن هەتا چەند کاتژمێری داهاتوو دەبێت ئەندامانى شاندەکە ئازاد بکەن و جەخت لەوە دەکەنەوە تا شاندەکە ئازاد نەکرێت ئەوان کۆتایی بە چالاکییەکانیان ناهێنن.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ڕۆژی ٩ی ئەم مانگەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری تورکیا ڕێکەوتنێکی ١٢ خاڵییان واژۆکرد کە تا ئێستا دیارنییە لە بەرامبەر چیدا ئەو ڕێکەوتنە واژۆکراوە، دەستگیرکردنی شاندی مەخموریش گومانەکانی زیاتر کردووە.
هـ.ح
Comments are closed.