هەر ئاژەڵێک لەسەر شەقامەکانی هەڵەبجە ببیندرێت خاوەنەکەی سزا دەدرێت

ناوەندی هەواڵەكان

سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە ڕایگەیاند، ئاژەڵ زیانی زۆر بە ژینگە و ماڵی هاوڵاتییانی شارەکە گەیاندوە، بۆیە بڕیاریانداوە هەر  ئاژەڵێك لەسەر شەقام ببینن، خاوەنەكەی بە ١٥٠ هەزار سزا دەدەن.

 ئەندازیار سەلام بیلال، سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجە سەبارەت بە زۆربوونی دیاردەی ئاژەڵی بەرەڵا لە شارەكەیان و گرتنەبەری ڕێكاری لە بەرامبەر ئەو دیاردەیە، بۆمیدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

سەلام بیلال ڕایگەیاند، بەشێكی زۆری ئەو هاووڵاتییانەی ئاژەڵدارن، ئاگاداری مانگاكانیان نین، بەرەڵایان دەكەن و دێنە سەر شەقامەكان و شوێنە گشتیی و كشتوكاڵییەكان، زیان بە ماڵی خەڵكی دەگەیەنن.

ئاماژەی بەوەشكردوە، بەشێكی زۆری ئەو دارانەی لەلایەن شارەوانییەوە لەسەر شەقامەكان ڕووێندراون، لەلایەن ئاژەڵەکانەوە زیانیان پێگەیەندراوە، بۆیە هەر مانگایەك لەسەر شەقامەكان ببینن، دەستبەسەری دەكەن.

سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە باسی لەوە كرد، تائێستا ٧٠ مانگا لەسەر شەقامەكان دەستبەسەر کراون، بۆ هەر مانگایەك ١٥٠ هەزار دینار لە خاوەنەكانیان وەرگیراوە، بە كۆی گشتیی دەكاتە ١٠ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار.

لە كۆتایدا داوا لە هاووڵاتییان دەكات ئاگاداری ئاژەڵەكانیان بن، چونكە زیان بە سەروماڵی هاووڵاتییان و ژینگەی پارێزگاكە دەگەیەنن، بەپێچەوانەوە دووچاری سزای پێبژاردن دەبنەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.