سلێمانی
لە پانێڵی دووەمی کۆنگرەی هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی سەرنج خرایەسەر هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئازادیی ژن و زانستی ژنۆلۆژی و تێکۆشانی ژنان بۆ یەکسانی درا، هەروەها وترا: بەڕێز ئۆجالان جەختی لەسەر ڕۆڵی ژنان وەک هەڵگری کەلتووری و پارێزەری کەلتوور کردووەتەوە، ئەوە دەوڵەتان نین کە کەلتوور هەڵدەگرن و دەیپارێزن، بەڵکو خودی ژنانن.
لە میانی یەکەمین کۆنگرەی دوای دامەزراندنی هاوپەیمانی نەدا (هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی)، پانێڵی دووەم بە ناونیشانی “دەستکەوتەکانی خەباتی ژنان لە هەرێمەکە” بەڕێوەچوو و کۆنگرەکە بەردەوامە.
لە پانێڵی دووەمدا هەریەک لە (ڕۆژدا یڵدز، بەسی شاماری، جەدیجە ئەلحۆسینی، کنێر عەبدوڵا) بەشدارییان تێدا کرد.

لە سەرەتای پانێڵەکەدا، ڕۆژدا یڵدز، بابەتێکی بە ناونیشانی مێژووی ژن و بەها کۆمەڵایەتییەکان پێشکەش کرد و وتی: لە پانێڵی یەکەمدا، باس لە کوشتنی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و لە سەرتاسەری جیهاندا کرا، هەروەها کاریگەری دەوڵەت-نەتەوە و سەرمایەداری لەسەر ئەم کوشتارە کرا، پێویستە توندوتیژی دژی ژنان بە شێوەیەکی قووڵتر و ڕیشەییتر تاوتوێ بکرێت، زهنییەتی سەرمایەداری و دەوڵەت-نەتەوە، کاولکارییەکی گەورەی لە شێوازی پەیوەندییەکانی ژنان و کۆمەڵگادا دروستکردووە، لە ناو مێژوودا بوارەکانی وەک میتۆلۆژیا، فەلسەفە و زانست پڕن لە لێکدانەوەی دژ بە ژنان، ناسنامەی ژن لەمڕۆشدا لەم پێکهاتانە پاک نەبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، تێکۆشانی ژنان هەوڵنادات تەنها توندوتیژی لەناوببات، بەڵکو هەوڵدەدات ئەو پێکهاتانە لەناوببات کە توندوتیژی بەرهەمدەهێنن، ژنناسی (ژنۆلۆژی) ماوەیەکی درێژە، ڕەخنەی گەورە لە سەرمایەداری و مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەگرێت.

دواتر، بەسی شاماری، بە زمانی فارسی بابەتێکی دیکە بە ناونیشانی “ڕۆڵی ژنان لە پاراستن و پەرەپێدانی زمان، کەلتوور و کۆمەڵگا پێشکەش کرد و وتی: ژنان لە واتاکانیان دوورخراونەتەوە و وەک ماددەیەک پێشکەش دەکرێن. وا هەست دەکرێت کە ژنان داهێنەر نین و ناتوانن هیچ شتێک بەرهەم بهێنن.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر دایکێک منداڵەکەی بە زمانی دایکی پەروەردە نەکات، ئەگەر مامۆستایەک بەهاکانی ڕابردوو بۆ منداڵانی نوێ نەگوازێتەوە، ئەگەر ژنێک نەتوانێت بڵێت ‘من هەڵگری کلتوور نیم، من دامەزرێنەری مێژووم’، ئەوا کێشەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە هەیە.
هەروەها وتیشی: ژنان بەردی بناغەی کۆمەڵگا، خێزان و گەلانن، دەبێت ژنان هەمیشە لە چوارچێوەی سرووشتی خۆیاندا هەنگاوی بەهێز بنێن، ئەوان ئەوانەن کە کۆمەڵگا دەگۆڕن، عەبدوڵا ئۆجالان، لەم بارەیەوە کەلتوورێکی نوێ و ڕوانگەیەکی نوێ پێشکەش دەکات. ڕێبەری کوردان، دامەزرێنەری پەکەکە و شۆڕشگێڕ عەبدوڵا ئۆجەلان، چەندین بۆچوونی لەم بارەیەوە پەرەپێداوە.
ئاماژەی بەوەشدا، دەمەوێت وتەیەکی عەبدوڵا ئۆجالان بڵێم “ژنان یەکەم داگیرکراوەکانی مێژوون. پێش ئەوەی دەوڵەتان و کۆمەڵگاکان داگیر بکرێن، ژنان لە لایەن پیاوانەوە داگیرکران. بەم شێوەیە ژنان لە ژیانی بەکۆمەڵ دوورخرانەوە.”
لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: لە تیۆری نەتەوەی دیموکراتیکدا، ژنان شوێنێکی گرنگیان هەیە، ئەگەر لە خۆڕاگریدا ئازادی ژنان وەک بنەما دانەنرێت، ناتوانرێت ژیانی نوێ بنیات بنرێت، ژیانی نوێ تەنها بە ئازادی ژن دەتوانرێت بنیات بنرێت، ئۆجالان جەختی لەسەر ڕۆڵی ژنان وەک هەڵگری کەلتووری و پارێزەری کەلتوور کردووەتەوە، ئەوە دەوڵەتان نین کە کەلتوور هەڵدەگرن و دەیپارێزن، بەڵکو خودی ژنانن.

هەروەها لە درێژەی پانێڵەکەدا، خەدیجە ئەلحۆسینی بابەتێکی بە ناونیشانی “تێکۆشانی ژنان لە سەدەی ٢١ـدا: کۆسپ و لەمپەڕ و دەرفەتەکان” پێشکەش کرد و وتی: ناتوانین کۆمەڵایەتی بوون و خەباتی ژنان لە یەکتری جیابکەینەوە، چونکە ژنان لە هەموو گەشەکردنەکانی کۆمەڵگا کاریگەرن، هەروەها کۆمەڵگاش لە هەموو گۆڕانکارییەکانی ژنان کاریگەر دەبێت، جیهان بە خێرایی دەگۆڕێت و هێشتا گۆڕانکاری ڕوو دەدات، لە خەباتی ژنانماندا، ئێمە تا ساڵی ٢٠١١ لە وڵاتەکەماندا دەخراینە پشتەوە، دەیانویست ژنان ماڵی بکەن و لە ماڵەکاندا زیندانی بکەن.
ئاماژەی بەوەشدا، دەزانرێت کە بەهاری عەرەبی چەندە کاریگەری لەسەر خەباتی ژنان لە وڵاتەکەماندا هەبووە، خەباتی کۆمەڵگای ئێمە، خەباتێکە کە دژی زهنییەتی باوکسالاری پەرەی سەندووە، دیموکراتی نەبوونی وڵات، هەژاری و چەندین کێشەی دیکەش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، لەم پرۆسەیەدا، بینیمان چۆن ژنان بەرەو مەیدانەکانی خەباتی ئازادی ڕۆیشتن و چۆن دژی ئەو عەقڵییەتە وەستانەوەکە کە هەوڵی لەناوبردنی ژن دەدات.

لە کۆتایی پانێڵەکەشدا، کنێر عەبدوڵا بابەتەکەی لەسەر “ڕاستینەی ژنانی کورد لە باشووری کوردستان” پێشکەش کرد و سەرەتا ئاماژەی بە ئاماری بەشداریی ژنان لە پەرلەمان، حکومەت و حزبەکان دا و وتی: لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕێژەی بەشدارییان ژنان تا ساڵی ٢٠١٨ سفر بووە و دواتر بۆ جاری یەکەم ژنێک وەک سەرۆکی پەرلەمان دیارییکرا، لە ساڵی ٢٠٠٥ بڕیاردرا کە ڕێژەی ژنان لە ٢٥٪ کەمتر نەبێت دواتریش ئەوە لە ساڵی ٢٠٠٩ بەرز کرایەوە بۆ ٣٠٪، لە کابینەی نۆیەمدا لە کۆی ٢٢ وەزیر تەنها سێ ژن وەزیر بوون، هەر لەناو حکومەتدا ساڵی ٢٠٠٥ لە هەرێمی کوردستاندا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان چەسپا و ڕێژەی ژن بە ٣٠٪ دیاریی کرا، لەناو حزبە سیاسییەکاندا بەداخەوە سەرەڕای هەبوونی ١٥ حزب هیچ حزبێک سەرۆک یان جێگری سەرۆک نەبوو.
ئەوەشی وت: لە ڕووی یاساییەوە تا ئێستا دەستوورمان نییە و سەرچاوەکەمان دەستووری عێراقە کە لەسەر ئاینی ئیسلام دانراوە، ئەمەش تا ڕادەیەک ئاستەنگی خستووەتە بەردەم ژنان.
هەروەها سەرنجی خستەسەر ئەوەش، لە ناوەندە حکومییەکاندا لە ڕووی چەندێتییەوە ڕێژەی ژنان زیادبوون بەڵام لە ڕووی چۆنێتییەوە بەداخەوە پێچەوانەیە، لێرەدا پرسیارێک دێتە پیشەوە ئایا سیاسەتی کۆتا کە بەرامبەر ژنان پەیڕەو دەکرێت توانیویەتی دەستپێشخەرییەکانی ژنان زیاد بکات، بەداخەوە نەخێر چونکە لەناو حزبەکاندا بەپێی پێویست ڕۆڵ بە ژنان نادرێت یاخود بە پێوەری دیکە مامەڵە دەکەن و ژنان پشتگوێ دەخەن.
لە کۆتایی قسەکانیدا کنێر عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشدا، بەربەستەکان بەهۆی نەبوونی دەستوور لە هەرێم، بەهۆی عەقڵییەتی پیاوسالاری و دادپەروەرنەبوونی دادگاکان و چەندین هۆکاری دیکە تا ئێستاش بەردەوامن و درێژەیان هەیە.
پانێڵی دووەم بە کۆتا هات و ئەم ئێوارەیە کۆنگرەکە بەچالاکی هونەری بەردەوام دەبێت.
ب. جـ
Comments are closed.