وسام زەهرونی
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆبوونەوەکانی خولی ٣٤ـی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغداد، سەرنجی زیاتر دەخرێتە سەر کاریگەری لوتکەکە کە لە سێبەری بارودۆخێکی ناسەقامگیری ناوچەکە و کێشە ئابوورییەکان بەڕێوەدەچن.
هەرچەندە بەگوێرەی باسم عەواد، وتەبێژی حکومەتی عێراقی کە ئاستی بەشداریکردنی بەرز نرخاند، بەڵام چاودێرانی سیاسی گرنگی لوتکەکە بە کەم دەبینن و پێیانوایە کە “لە کۆبوونەوەیەکی ڕواڵەتی زیاتر هیچی تر نییە.”
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سێقۆڵی وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەردەن و میسڕ کە تایبەت بوو بە هەماهەنگی هەر سێ وڵات دەربارەی پرسەکانی “فەڵەستین، نەوت و وزە” ، ئاستەنگیی و قەیرانەکانە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەکان زیاتر دەکەونە بەر ڕۆشنایی، کە لە ژمارەیەک وڵاتی عەرەبیدا پەرەدەسێنن، ئەوەش لەکاتێکدایە ڕای گشتی عێراقی و جیهانی عەرەبی چاودێری دەرئەنجامەکانی ئەم لوتکەیە دەکەن، ئەو پرسیارەیان لەلا دروست دەبێت کە ئایا هەنگاوەکان دەگۆڕێن بۆ کردار، یاخود تەنیا لەچوارچێوەی وتاردا دەمێننەوە.

لەوبارەیەوە پسپۆڕی ئابووری نەبیل مەرسوومی بۆ ڕۆژنیوز دوا و وتی: ئەم جۆرە کۆبوونەوانە بە گشتی بۆ دۆزینەوەی ڕێکاری هەماهەنگی ئابوورییە، بەتایبەتی بۆ عێراق کەلە پەیوەندی ئەرێنیدایە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بۆ نموونە تایبەت بە پرۆژەی بەستنەوەی هێڵی کارەبا لەگەڵ وڵاتانی ئەردەن و سعودیە و کوێت هەروەها بۆ ئەنجامدانی هەندێ پرۆژەی تر، بەڵام لە ڕاستیدا سەرکەوتن بەدەست ناهێنن.
نەبیل مەرسوومی ئەوەشی ڕاگەیاند، ئەو کۆبوونەوانە بە گشتی ڕووکەشین و بێئەنجام دەبن، هۆکاری ئەوەش جیاوازی سرووشتی ئابووری وڵاتانی عەرەبییە، کە زۆربەی جار بە شێوەی دەزگای کرێگرتەن بەدوای وەبەرهێنەری دەرەکیدا دەگەڕین، بۆیە گفتوگۆکانی ئەو ئەو جۆرە کۆبوونەوانە زیاتر لە چوارچێوەی پرسە گشتیی و لاوەکییەکاندا دەمێننەوە و زیاتر نماییشکردنێکی سیاسی دەبن، بەڵام ناتوانرێت بڕیاری ئابووری گرنگی تێدا بدرێت.

لەلایەکی ترەوە، پسپۆڕی ئابووری عەبدولحسێن شەمەری بۆ ڕۆژنیوز دوا و وتی: کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی هەر لە بناغەدا بابەتێکی ساناییە و هەتا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نە لە لایەنی ئابووری و نە لایەنی سیاسی بەدەستنەخستووە.
هەروەها ڕایگەیاند، ئەم کۆبوونەوانە هیچ سودێکی ئابوورییان نییە، چونکە هەر لە بناغەوە هیچ هەماهەنگییەکی ئابووری ڕاستەقینەی عەرەبی بوونی نییە، وڵاتانی کەنداو زلهێزی دارایی ناوچەکەن، بەڵام ئابوورییەکی گۆشەگیریان هەیە و بە گشتی پشت بە وەبەرهێنانی بیانی-ناعەرەبی دەبەستن.
وتیشی: ئەم کۆبوونەوانە ڕووکەشین هیچ کام لە بڕیارەکانی جێبەجێ ناکرێت، ئەوەش دەیان ساڵە دووبارە دەبێتەوە و هیچ سوودێکی ئابووری یان هیچ پرۆژەیەکی بۆ هیچ کام لە دەوڵەتە بەشداربووەکان بەرهەم نەهێناوە.
ڕۆژی شەمەی داهاتوو خولی ٣٤ـەمینی کۆبوونەوەی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی هاوکاتی کۆبوونەوەی وەبەرهێنانی عەرەبی لە بەغداد بەڕێوەدەچێت، ئەوەی کە تا ئێستا ئاشکرایە سەرۆکی لوبنان و سەرۆکی دەسەڵاتی دیمەشق لەو لوتکەیەدا بەشدار نابن.
شایەنی بەبیرهێنانەوەیە کە یەکەم کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی لە ساڵی ١٩٤٦ لە وڵاتی میسڕ ئەنجامدراوە، ئەمساڵ لوتکەی ژمارە ٣٤ لە بەغداد بەڕێوەدەچێت.
ب. جـ
Comments are closed.