ناوەندی هەواڵەکان
لە دوای هەنگاوە مێژووییەکانی پەکەکە، کامپەینی ئازادیی بۆ ئۆجالان بانگەوازی لە دەوڵەتی تورک کرد، کە دەستبەجێ ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکەن و بۆ ئاشتی بەردەوام پێویستە تورکیا هەنگاوی یاسایی و سیاسی بنێت.
ماوەیەکی زۆرە گەورەترین سەندیکای بەریتانیا، کە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئەندامی هەیە (Unîte the Unîon) و سەندیکای (GMB) کە ٧٠٠ هەزار ئەندامی هەیە، کامپەینی ” Freedom For Ocalan” (ئازادی بۆ ئۆجالان) بەڕێوەدەبەن و لەو چوارچێوەیەشدا، دەربارەی کۆنگرەی ١٢ هەمینی پەکەکە نەخشە ڕێگایەکیان بڵاوکردەوە.
کامپەینی ئازادیی بۆ ئۆجالان لە سەرەتای نەخشە ڕێگاکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، دڵخۆشین بە هەوڵی ئاشتی و ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و نوێنەرانی کورد، کۆنگرەکەی پەکەکە، کۆنگرەیەکی مێژووییە.
دەشڵێن، پەکەکە بەم کۆنگرەیە دیسانەوە پەیوەستبوونی خۆی بە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەربڕی، ئەم بڕیارە ماوەیەکی زۆر بوو چاوەڕوان دەکرا، هەنگاوێکی گرنگە، ئەم بڕیارە لە ئاستی نێونەتەوەییەدا بە دڵخۆشییەوە پێشوازی لێ کرا، ئێمە پڕ لە هیوا و دڵخۆشن، باوەڕمان وایە ئەمە دەبێتە بناغەی دیموکراتیکبوونی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
باس لەوەشکراوە، لەچوارچێوەی مافی هیوادا، بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان، دەبێت پرۆسەی یاسایی و سیاسیی دەست پێ بکات.
کامپەینەکە بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە و دابینکردنی ئاشتییەکی درێژخایەن، ئەم داوایانەی لە دەوڵەتی تورک و بەریتانیا و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد، كە بەمجۆرەن:-
١- ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان: دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان لە دانووستانەکانی ئاشتیدا ڕۆڵی ناوەندی بگێڕێت، بۆ ئەمەش دەبێت دەستبەجێ ئازاد بکرێت و مافی دانووستانی لە هەلومەرجێکی سەلامەتدا پێ بدرێت.
٢- ڕیفۆرمی سیاسی و یاسایی: بۆ ئاشتی بەردەوام پێویستە تورکیا هەنگاوی یاسایی و سیاسی بنێت، پەرلەمان بەشداربێت لەو پڕۆسەیەدا، پاڵپشتی لایەنەکان بکرێت.
٣- پێویستە چاو بخشێنرێتەوە بە قەدەغەی پەکەکەدا: پێویستە حکومەتی بەریتانیا پێداچوونەوە بە بڕیاری پەکەکە بۆ چەکداماڵین و چارەسەرێکی سیاسی بکات، چاو بخشێنێتەوە بە هێشتنەوەی ئەو ڕێکخستنە لە لیستی تیرۆردا، قەدەغەکردنی ئێستا تێکۆشانی ڕەوای گەلی کورد بە تاوان دەزانێت.
٤- پشتگیری جەماوەری لە بەریتانیا: پێویستە حکومەت بە شێوەیەکی ئاشکرا پشتگیری لە پرۆسەکە بکات، دەبێت دیپلۆمات و پەرلەمانتارەکان بە ڕێگەی جیاواز تورکیا هانبدەن بۆ دیالۆگ.
٥- بەشداری نێونەتەوەیی: پێویستە ئەمریکا و کۆنسەی ئەوروپا و ئەکتەرە نێونەتەوەییەکانی تر بەشێوەیەکی فەرمی پشتگیری لەم پرۆسە نوێیەی ئاشتی بکەن، داوا لە تورکیا بکەن بەگوێرەی ڕێبازە دیموکراتیەکان بجووڵێتەوە، شەڕ بووەستێنێت و بەشداری دانووستان بکەن.
٦- با فشاری سەر کوردانی بەریتانیا کۆتایی بێت: دەبێت سیاسەتی فشار و تاوانبارکردن دژی کوردان کۆتایی بێت.
ب. ق
Comments are closed.