“پرسی ژنان پرسێکی هاوبەشە لە هەرکوێیەک بین کۆماندەکاتەوە”

سلێمانی

سەبارەت بە گرنگی کۆنگرەی هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی، پارێزەرێک دەڵێت: چەندین وڵاتی جیاواز بەشدارن ئەمە دەرخەری ئەوەیە، کە پرسێکی هاوبەش کۆمانداکاتەوە، چونکە کێشەکانی ئێمە تەنها کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو کێشەیەکی گەورەی سیاسیمان هەیە، کە کورد تا ئێستا خاوەنی زمان و خاکی خۆی نییە، هاوکات ئەندامێکی سکرتێری کوالیسیۆنی نەدا دەڵێت: بەستنی ئەم کۆنگرەیە زۆر گرنگە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ڕۆژی ١٥ـی ئەم مانگە لە شاری سلێمانی بە بەشداری نوێنەری ژنان لە ١٨ وڵاتی جیاواز کۆنگرەی هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی، یەکەم ڕۆژی کارەکانی خۆی دەستپێکرد، لەوبارەیەوە بەشداربوانی کۆنفرانسەکە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

ڕێزان شێخ دلێر
ڕێزان شێخ دلێر

ڕێزان شێخ دلێر پاڕێزەر و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق سەبارەت بە بە ستنی یەکەمین کۆنگرەی هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی وتی: گرنگی ئەم هاوپەیمانییە لەوەدایە، کە ژنانی زیاتر لە ١٨ وڵات بەشدارن، بەتایبەت وەک کورد، کە توانیویانە ژنان کۆبکەنەوە لە باشووری کوردستان لە شاری سلێمانی، کە شاری ئاشتی و ئارامییە.

وتیشی: چەندین وڵاتی جیاواز بەشدارن ئەمە دەرخەری ئەوەیە، کە پرسێکی هاوبەش کۆماندەکاتەوە، چونکە کێشەکانی ئێمە تەنها کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو کێشەیەکی گەورەی سیاسیمان هەیە، کە کورد تا ئێستا خاوەنی زمان و خاکی خۆی نییە، بۆیە ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسە، کە پرۆسەی ئاشتی لە ئارادایە گرنگی خۆی هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا: ئێمەی ژنان بەردەوام باس لە پرۆسەی ئاشتی دەکەین ژنیش خۆی بە پێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتوەکان و بڕیاری ١٣-٢٥ یەکێک لە کارە سەرەکیەکانی ژن ئاشتییە، هەربۆیە بە تایبەت دەستخۆشییەکی زۆرم بۆ پەروین بوڵدان هەیە، کە ڕۆڵێکی گەورە و کاریگەر دەبینێت لەم نێوەندەدا.

نەوبەهار مستەفا
نەوبەهار مستەفا

هاوکات نەوبەهار مستەفا ئەندامی سکرتێری کوالیسیۆنی نەدا وتی: ئامانجی ئەم کۆنگرەیە بۆ گفتوگۆکردنە بۆ زۆر پرسی گرنگی پەیوەست بە ژنان وەک دەستکەوت و تێکۆشانی ژنان تاوەکو ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سوودی لێوەرگرن.

وتیشی: گرنگی ئەنجامدانی ئەم کۆنگرەیە لەوەدایە لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە گۆڕانکاری جوگرافی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێرشی سەر ژنانی وڵاتانی ناوچەكە هەیە، بۆیە بەستنی ئەم کۆنگرەیە زۆر گرنگە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات.

ئـ. پـ

Comments are closed.