ژنانی سلێمانی داوای ئازادکردنی شاندەکەی مەخموور دەکەن

سلێمانی

ژنانی سلێمانی ئیدانەی دەستبەسەرکردنی شاندی گەلی مەخموور لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دەکەن و داوا دەکەن بە  زووترین کات کێشەکانی کامپەکە چارەسەر بکرێن و شاندەکەش ئازاد بکرێت.

لە سەرەتای مانگی نیسانەوە، وێرای پەدەکە حکومەتی عێراقیش ئابوڵقەی خستووەتە سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخموور) و ڕێگە نادات کەرەستەی بیناسازی ببرێتە کامپەکە و کرێکاران بۆ کارکردن بچنە ناوچەکانی دیکە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەش، شاندێک لەسەر ناوی گەلی مەخموور، سەردانی بەغدادیان کرد، دوای کۆبوونەوەکانیان لە کاتی گەڕانەوەیاندا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەستبەسەرکران و تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.

لەو بارەیەوە بانوو هەڵەبجەیی، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان و سارا ڕەزا، چاودێری سیاسیی لە شاری سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

بانوو هەڵەبجەیی
بانوو هەڵەبجەیی

بانوو هەڵەبجەیی، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان سەبارەت دەستبەسەرکردنی شاندەکەی مەخموور ڕەخنە لە دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی دەگرێت و دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی گەمارۆیەکی زۆر لەسەر کامپی مەخموور هەیە لە لایەن حکومەتی عێراق و پەدەکەوە، کەچی لە پاش سەردانی کردنی شاندێکی مەخموور بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، دەستبەسەر و بێسەروشوێن دەکرێن.

دەشڵێت: داوا لە حکومەتی عێراقی دەکەین بە زووترین کات کێشەکانی پەنابەرانی مەخموور چارەسەر بکات و دەستبەسەرکراوانیش ئازاد بکات.

سارا ڕەزا
سارا ڕەزا

هەروەها سارا ڕەزا، چاودێری سیاسیی ئاماژەی بەوەدا، هەر وڵاتێک پەنابەری هەبێت دەبێت مافیان بپارێزێت بەڵام بەداخەوە لە عێراق پێشێلی مافی پەنابەران دەکرێت.

سارا ڕەزا وەک چاودێرێکی سیاسیی داوای لە حکومەتی عێراق دەکات بە زووترین کات ئەو شاندە ئازاد بکات.

شایەنی باسە، دەستبەسەرکردنی ئەو شاندە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و دوێنێ توێژەکانی مەخموور ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا، پاشان لە بەرامبەر خاڵێکی پشکنینی سوپای عێراق خێمەی مانگترنیان هەڵداوە.

ب. جـ

Comments are closed.