“ئەوەی کورد دەپارێزێت زمانەکەیەتی”

مەخموور- غوربەت عەلی

هەوار شڕناخی مامۆستا و وتەبێژی کۆمیتەی زمانی کوردی سەبارەت بە گرنگی زمانی کوردی ڕایگەیاند، دەمانەوێت هەمووان خاوەنداری لە زمانی خۆیان بکەن، دەشڵێت: ئەوەی کورد دەپارێزێت زمانەکەیەتی.

١٥ـی ئایار جەژنی زمانی کوردییە، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ساڵی ١٩٣٢ یەکەم ژمارەی گۆڤاری هاوار لەلایەن جەلادەت عەلی بەدرخانەوە لە شامی پایتەختی سووریا دەرچوو، هەروەها یەکەم ژمارەی گۆڤاری هەتاو لە ١٥ـی ئایاری ١٩٥٤ لە هەولێر دەرچوو، وە لە ساڵی ١٩٦٣ێش یەکەم ژمارەی گۆڤاری ڕۆژی نوێ لە ئەستەنبوڵ دەرچوو، هەر بۆیە ١٥ـی ئایار لە ناو کورددا بە ڕۆژی زمانی کوردی پێناسە دەکرێت.

هەوار شڕناخی
هەوار شڕناخی

هەوار شڕناخی مامۆستا و وتەبێژی کۆمیتەی زمانی کوردی لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخموور، سەبارەت بە گرنگی و ڕۆڵی زمانی کوردی بۆ گەلی کورد قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد.

لە سەرەتای قسەکانیدا مامۆستا هیوا شڕناخی ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر کۆمەڵگایەک هەست و بیری یەکگرتوویی نەتەوەیی خۆی یەک نەخات، ناتوانێت ڕاستی و واقیعی خۆی بپارێزێت، بۆیە پێویستە مرۆڤ هی خۆی بێت کە ئەمەش بە هزری مرۆڤوە گرێدراوە و پێویستە مرۆڤ بیر لە زمان و هەستەکانی خۆی بکاتەوە، بۆ ئەمەش دەبێت بە زمانی خۆی قسە بکات، منداڵەکانی لەسەر ئەو بناغەیە پەروەردە بکات و کولتووری ڕەسەنی خۆمان بپارێزین و خاوەنداری لە زمانی خۆمان بکەین.

وتیشی: جەلادەت عەلی بەردخان دوای درووستکردنی ئەلف و بێی لاتینی و بڵاوکردنەوەی لە گۆڤاری ڕۆناهیدا، ویستی ئەم هەستەی، کە لە خەباتی چەکداریدا بەدەستمان هێناوە بیبەینە ناو ئەدەبیات و وێژەیشمانەوە، لەم لایەنەوە ئێمەی کورد لاوازی بووین، بێگۆمان زمانی کوردی زمانێکی هەمیشە لە فراوانبووندایە، دەزانین، کە کاریگەری دووژمنانی دەوروبەرمان زۆربوون، بەڵام دیسانیشەوە ئەوەی کورد دەپارێزێت زمانەکەیەتی، ئەگەر شارەزاییمان لە زمانی خۆماندا نەبێت، ئەوا ناتوانین لە بەرامبەر دووژمندا خۆمان بپارێزین، ئەگەر دیواری زمانی خۆمان بەهێز نەکەین و نەیپارێزرین، ڕووبەڕووی زۆر شت دەبینەوە.

مامۆستا هاوار باسی لەوەشکرد: کاتێک سەیری ئەمڕۆ دەکەین، دەبینین ئەو کۆمەڵگەیەی لەسەر پێی خۆی وەستاوە دەستەکانی کلتوور، زمان و هەستەکانییەتی، دەڵێین، با منداڵەکانمان فێری زمانی جیاواز ببن، بەبێ ئەوەی هەستی پێبکەین منداڵەکانمان دەتوێنینەوە، کە ئەمە لاوازیی هەموومانە و دەبێت تێی پەڕێنین.

لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: ئەو خاڵەی، کە دەبێت سوودی لێبینین، لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیمانەوە تا دەگاتە کلتوور و جلوبەرگ و بەرکەوتنەکانی نێوان گەنج و پیرەکانمان، ئەوەیە دەبێت بەپێی ناسنامەی مێژوویی کوردبوون خۆمان نەوەکانی خۆمان پەروەردە بکەین، چونکە ئەوەی گەشەمان پێبدات و ڕزگارمان بکات ئەوەیە، ئەو دەستکەوتانەی هەمانە بیکەینە موڵکی نەوە نوێیەکانمان.

ب. ق

Comments are closed.