ئێران: وەڵامی كۆتاییمان لەبارەی ڕێككەوتن لە ئەمریكاوە پێنەگەشتووە

ناوەندی هەواڵەكان

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەتیكردەوە، وڵاتەكەی هیچ نووسراوێكی فەرمی لەلایەن ئەمریكاوە سەبارەت بە دانووستانە ئەتۆمییە بەردەوامەكان پێگەیشتبێت، تاران چاوەڕێی پێشنیاری فەرمی دەكات، كە ڕەنگە لە ڕێگەی نێوەندگیری عوماننەوە بگوازرێتەوە.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەردانەكەیدا بۆ پێشانگای نێودەوڵەتی كتێبی تاران سەبارەت بە دانووستانە ئەتۆمییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا بۆ ڕۆژنامەنووسان دەدوێت.

عەباس عێراقچی وتی: تا ئێستا هیچ بەڵگەنامەیەكی نووسراومان لە ئەمریكییەكانەوە سەبارەت بە دانووستانە ئەتۆمییە بەردەوامەكان پێنەگەیشتووە، لە كاتێكدا ئێمە هەندێك لە هەڵوێستەكانمان بە نووسراو پێشكەشی لایەنی عومانی كردووە، بەڵام وەڵامێكی هاوشێوەمان پێنەگەیشتووە.

ئاماژەی بەوەشكرد: دەستبەرداری مافە سەرەكییەكانی پیتاندنی ناوەكی یۆرانیۆم نابن و ناتوانرێت وتووێژی تێدا بكرێت، تواناكانمان لە شوێنی خۆی دەمێنێت و كەس ناتوانێت لەو مافەمان بێ بەش بكات.

باسی لەوەشكرد: ئەگەر واشنتۆن توانای لەناوبردنی ئێمەی بە زەبری هێز هەبووایە، پەنای بۆ دانووستان نەدەبرد، ئەوان دانووستان دەكەن، چونكە توانای سەپاندنی ئیرادەی خۆیان لە ڕووی سەربازییەوە نییە.

جێگای ئاماژەیە، دوای بەڕێوەچوونی چوار خولی دانووستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران تا ئێستا هیچ ئاماژەیەك بۆ ڕِێككەوتن ڕوون نەبووەتەوە، بەڵام هەردوولا ئاماژە بۆ ئەرێنی كۆبوونەوەكان دەكەن.

هـ.ئ

Comments are closed.