لە کۆنگرەی هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی جەخت لە بەرفراوانکردنی تێکۆشانی ژنان کرایەوە

سلێمانی

لە ڕۆژی دووەمی یەکەمین کۆنگرەی هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی، وۆرکشۆپێک ئەنجامدرا و پاشان هەڵسەنگاندن لەسەر دەرئەنجامەکانی کرا و ئاماژە بە پەرەپێدان بە کاری هاوبەشی ژنان و پشتگیرییکردن لە ڕێکخستنەکانی ژنان و درووستکردنی یەکڕێزی لەئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتییدا کرا و جەخت لە گرنگی ئەنجامدانی ئەم کۆنگرانە کرایەوە.

ئەمڕۆش، کۆنگرەی هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی لە هۆتێل هایکرستی شاری سلێمانی لە دووەم ڕۆژیدا بەردەوامە، لە دانیشتنی سێیەمدا لەلایەن ژنانەوە وۆرکشۆپێک بە ناونیشانی “تێکۆشانی ژنان (ئاستەنگی و دەرفەت)” ئەنجامدرا.

لە وۆرکشۆپەکەدا ژنان دابەشبوون بەسەر چوار گرووپدا کە هەر گرووپێک لە ژنانی ئاین و باوەڕیی و نەتەوە جیاوازەکان پێکدەهات.

گرووپەکان لەسەر ئەم بابەتانە گفتوگۆیان کرد:

– ئاستەنگ و دەرفەتە سەرەکییەکانی لە بەرەوپێشبردنی کار و خەباتی هاوبەشی ژنان چین؟

– ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە خەباتی ژناندا.

– گرنگی و هاوپەیمانی ژنان لە دژی نیولیبرالیزم و هاوپەیمانێتی پیاوسالاری کە دووژمنایەتی ژنان دەکەن.

– گرنگی و پێویستی دامەزراندن و بەهێزکردنی میکانیزمی بەرگری و خۆپاراستنی ژنان لە بەرامبەر سیستەمی پیاوسالارییدا.

دوای ئەوەی گرووپەکان هەڵسەنگاندنیان لەسەر بابەتەکانیان کرد، لەلایەن نوێنەرەکانیانەوە بۆ ئامادەبووانی کۆنگرەکە خرانەڕوو و تێیاندا ئاماژە بەوە کرا: “کە کاری هاوبەشی ژنان لە ئاستی ناوچەیی و  نێودەڵەتی پەرەی پێبدرێت و یەکڕیزی و هەماهەنفی ژنان درووست بکرێت و کۆنگرەی وەک ئەمە ئەنجام بدرێت، هەروەها پشتگیریی هەموو جۆرە ڕێکستنەکانی ژنان بکرێت.

قەیرانەکان زیاتر بن ئەوا هەڕەشەکان لەسەر ژنان زیاتر دەبن

زۆر گفتوگۆ لەسەر بڵابوونەوەی ئیسلامی سیاسیی لە ناوچەکەدا کرا و ئاماژە بەوەدرا کە هەوڵێکی ئیسلامی سیاسییە هەیە بۆ ئاستەنگی خستنە بەردەم ژنان، هەرچەندە قەیرانەکان لەناوچەکەدا زیاتر بن ئەوا هەڕەش و هێرشەکان بەرامبەر ژنان زیاتر دەبن، لە بەرامبەر ئەوانەدا ڕۆڵی ڕێکخراو و ڕێکخستنەکانی ژنان بەرامبەر ئەو توندوتیژییانە بەرز نرخێندرا، پێشنیارێکی بنەڕەتیمان هەبوو کە “هاوپەیمانی نەدا” بەرپرسیاربێت بەرامبەر ئەو کێشانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، بۆیە پێویستە ئەو خاڵە هاوبەشانەی دەمانگەیەنن بە یەک ببینین.

هەروەها سەرنج خرایەسەر سەپاندنی سزای زیندانی بەسەر ژنانی سیاسیی لە ئێران و نووسینەوەی دەستووری سووریا کە وێڕای مافەکانی گەلان و ئاینەکان مافەکانی ژنانی بە تەواوی دەستەبەر بکرێت و وڵاتێکی یەکسان بوونیاد بنرێت.

ڕووبەڕووی هێرشێکی جددی بووینەتەوە بەهۆی نیولیبرالیزم، کە ئەو عەقڵییەتە لە هەناوی سیستەمی پیاوسالاریی و سەرمایەدارییەوە سەرچاوە دەگرێت و ژنان بە ئامانج دەگرێت و هەواڵ دەدات بیانکات بە کۆیلە، تێکۆشانی ژنان دژی ئەو عەقڵییەتە زۆر گرنگە و هەوڵ دەدەین کە یەکڕیزی ژنان لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی دروستبکرێت و هاوپەیمانێتییەکان بەشێوەیەکی کارا هەوڵەکانیان دژی پێشێلکارییەکان و بۆ یەکسانیی و ئازادیی بەگەڕبخەن و ژنان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا ڕۆڵی تەواوەتییان هەبێت.

دەبێت تێکۆشانمان نەک تەنها لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە، بەڵکو لە ڕووی جەستەییشەوە پەرە پێ بدەین، پێویستە چارەسەری کردەیی جێبەجێ بکەین، پێویستە پیاوانێک کە پشتگیری تێکۆشانی فێمینیستی دەکەن، بخرێنە ناو تێکۆشانەکانەوە، پێویستە هۆشیاری دروست بکرێت دەربارەی یەکسانی ڕەگەزیی و لە کۆمەڵگەدا جێگیر بکرێت، دەتوانین ئەکادیمیای ژنان درووست بکەین، ژنانی ئێرانی ئەم پێشنیارەیان هەبوو؛ داوایان کرد بانگەوازێک دژی سزای لەسێدارەدان بکرێت.”

کۆنگرەکە پاش ناوبڕێکی کورت بە بەرنامەکانی دیکە بەردەوام دەبێت.

ب. جـ

Comments are closed.