سلێمانی
دانیشتنی چوارەمی کۆنگرەی هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی لە دووەم ڕۆژی کۆنگرەکەدا بەڕێوەچوو و تێیدا تولای حاتیمۆغولاری ئاماژەی بەوەدا، بەڕێز ئۆجالان بڕیاریدا ڕێکخستنێک درووست بکات کە میتۆدی سیاسەتی دیموکراسی پەرە پێبدات.
لە میانی یەکەمین کۆنگرەی دوای دامەزراندنی هاوپەیمانی نەدا (هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی)، دانشتنی چوارەم بە ناونیشانی “تێڕوانینی خەباتی ژنان و پێشخستنی چارەسەری لە بەرامبەر سیاسەتەکانی شەڕی جیهانی سێیەم” بەڕێوەچوو و کۆنگرەکە بەردەوامە.
لە دانیشتنی چوارەمدا هەریەک لە (غەدا مووسا، ڕووکەن ئەحمەد، شەهرزاد ئەلجاسم، تولای حاتیمۆغولاری) بەشدارییان تێدا کرد.

لە سەرەتادا غەدا مووسا، بابەتێکی بە ناونیشانی “دەستپێکردنی سیاسەتی ژنان بە ڕوانگەیەکی یەکگرتوو (تۆڕی ژنان بۆ ئاشتی)” و کورتەیەک لە قسەکانی بەمشێوەیەیە: “من دەربارەی نوێنەرایەتی سیاسی ژنان قسە دەکەم، پێگەی ژنان لە بوارەکانی ئاسایش و بونیادنانی ئاشتییدا تێکەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخەکانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ناکۆکییە چەکدارییەکانەوە هەیە. ڕێگرتن یان کۆتاییهێنان بە شەڕ بە بزووتنەوەیەکی سیاسی بەهێز و کاریگەری ژنانەوە مومکینە، دابینکردنی ئاشتی پێویستە، پێویستە ڕۆڵی سیاسی ژنان و بەشداریان لە بونیادنانی ئاسایش و ئاشتی زیاد بکرێت.
پێش ئەوەی تەرکیز بکەینە سەر لایەنە پێکهاتەییەکان، دەبێت تەرکیز بکەینە سەر لایەنە سیستەمییەکان، کەلتووری فێمینیستی ڕەنگدانەوەی کۆلێکتیڤ و هاوکارییە و کەلتووری پیاوسالاری ڕەت دەکاتەوە، هەروەها فێمینیزم ئامانجی ئەوەیە کە پشتگوێخستنی ژنان نەهێڵێت.
هەمیشە ڕۆڵە سیاسییەکان تێکەڵ بوون لەگەڵ ڕۆڵە ئاینی و بونیادنانی ئاشتییدا، بۆ نموونە، زەنوبیا لە پالمیرا نموونەیەکە لەمە، ژنانی ناو کۆشک کاریگەرییەکی ناڕاستەوخۆیان لەسەر شەڕەکان هەبووە.”

پاشان، لەلایەن ڕووکەن ئەحمەد، بابەتێک بە ناونیشانی “ڕۆڵی هاوپەیمانی “نەدا” لە بەهێزکردنی کۆنفیدراسیۆنی نێونەتەوەیی ژنانی دیموکراتیک پێشکەش کرا و قسەکانی بەمشێوەیە بوو: “هۆکاری کۆبوونەوەمان گفتوگۆکردنە لەسەر ڕێگاکانی دروستکردنی کۆنفیدراڵیزمی ژنان، لە جیهانێکدا کە قەیران و سەختییەکانی سیستەمی سەرمایەداری زیاد بوونە، پێویست بە دروستکردنی ئەڵتەرناتیڤ هەیە، لەم ڕوانگەیەوە، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی ژنان کە ئامانجی دروستکردنی کۆمیتە جیهانییەکانی ژنان گرنگە نەداش لە ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانە دروست بوو.
لە وڵاتانی وەک سووریا، عێراق، یەمەن و لیبیا، ژنان بەهۆی ناکۆکییەکانەوە بە شێوەیەکی سیستەماتیک ڕووبەڕووی فشار دەبنەوە، یەکێک لە کێشە مەترسیدارەکانی ئەم ناکۆکییانە ئاوارەکردنی زۆرەملێیانەیە، ئەو ژنانەی کە کێشەیان هەیە لە گەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکان ژنانی پەنابەرن، ئەمەش بەرەو ناچارییەکمان دەبات بۆ دەستنیشانکردنی بابەتی ئازادی ژن، گەڕان بەدوای چارەسەرییدا بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووبووی سیستەمی پیاوسالاری ببیتەوە، چارەسەری کاتی یان تەنانەت بێ چارەسەری دروست دەکەن.”

لە درێژەی دانیشتنەکەدا، شەهرزاد ئەلجاسم، بابەتێکی بە ناونیشانی “شۆڕشی ژنان وەک وەڵامێک بۆ کێشە هاوچەرخەکان” پێشکەش کرد و وتی: “لە سەرەتای مێژووەوە، ئەو کۆمەڵگایانەی کە لەلایەن سیستەمی پیاوسالارییەوە بەڕێوە دەبران، دەسەڵاتیان داوە بە پیاو لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، ئەم سیستەمە قەیران و کێشەی قووڵی دروست کردووە کە کاریگەری لەسەر پەرەسەندنی مرۆڤایەتی هەبووە و بووەتە هۆی دژایەتیکردن و پەراوێزخستنی ژن و لە ئەنجامدا بێبەشکردنی کۆمەڵگاکان لە توانا داهێنەریيەکان و درێژکردنەوەی دواکەوتوویی لە زۆربەی کۆمەڵگاکان و بەرهەمهێنانی نەوەکان کە دەناڵێنن بەدەست قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانەوە.
جیهان ئەمڕۆ درکی بە پێویستی هەڵوەشاندنەوەی ئەم سیستەمە کردووە، ئەمجارەیان بە پێشەنگی ژنان و شۆڕشەکەیان بۆ دادپەروەری بۆ گەلان، شۆڕشی ژنان گەلان ڕزگار دەکات چونکە هاوسەنگی بۆ کۆمەڵگاکان دەگەڕێنێتەوە، کاتێک ژن مافەکانی خۆی بەدەست دەهێنێت و دەبێتە هاوبەشێکی ڕاستەقینە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا، توانایەکی نوێی سەرکوتکراو دەکرێتەوە، بەمەش کۆمەڵگاکان دادپەروەرتر و دیموکراتیتر دەبن.
یەکێک لە نموونە ڕاستەقینەکان، ئەزموونی شۆڕشی ژنانە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، توانیویەتی نموونەیەکی زیندوو پێشکەش بکات بۆ بەشداری کاریگەری ژنان لە ژیاندا لە ڕێگەی پرۆژەی خۆبەڕێوەبەرییەوە، ژنان ڕۆڵێکی سەرەکییان گێڕا لە بەرەنگاربوونەوەی داعش لە ڕێگەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان و بوونە هێمایەکی جیهانی بۆ بەرخۆدانی ژنان.”

لە کۆتاییشدا، تولای حاتیمۆغولاری، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی بابەتێکی بە ناونیشانی “ڕۆڵی پێشەنگایەتی و بنەڕەتی ژنان لە دەستپێشخەریی بۆ ئاشتی و بونیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا” پێشکەش کرد و کورتەیەک لە قسەکانی بەمشێوەیەیە: “ئەمڕۆ لە بنەمادا جەنگ و ناکۆکی و چەوسانەوەکاندا سیستەمی پیاوسالاری هەیە، سیستەمی پیاوسالاری کە لەگەڵ سەرمایەداری یەکی گرتووە، بەشی هەرە زۆری سەرچاوەکانی جیهانی لە دەستی پیاواندا کۆکردووەتەوە.
ئەوانەی کە قورسترین باجی ئەو قەیران و جەنگانەی ئەم سیستەمە دروستی کردوون دەدەن، بە تایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، دیسان گەلانی ئەم ناوچەیەن، لە پرۆسەی جەنگدا، ژنان هەم ڕووبەڕووی دەستدرێژی، ڕفاندن و کۆیلەکردن و کرداری نامرۆڤانە دەبنەوە و هەمیش بەزۆر کۆچیان پێ دەکرێت و دەکەونە دۆخی پەنابەری، لەشی ژن وەک دەسکەوتێکی جەنگ سەیر دەکرێت.
ئەو دڕندەییەی کە ژنانی ئێزدی و عەلەوی بە ئامانج دەگرن، یەکێک لە بەرچاوترین نموونەکانی ئەم دۆخەیە. هەروەها ژنان و منداڵان کە لە جەنگ ڕادەکەن و دەکەونە سەر ڕێگای کۆچ، ڕووبەڕووی مەترسی گەورەی وەک دەستدرێژی سێکسی و ڕفاندن دەبنەوە، هەڕەشەیەکی گەورەی دیکە کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، ڕژێمە ناديموکراتییە دەسەڵاتدارەکان و ئیسلامی سیاسییە.
لەو وڵاتانەی کە بزووتنەوەی ژنان لاوازە، ئەم جۆرە پێکهاتانە دەتوانن زۆر ئاسانتر پەلبهاوێژن، ئەم دۆخە بە تایبەتی لە نموونەکانی داعش و بۆکۆ حەرام بە ڕوونی دەردەکەوێت، ئەم ڕێکخراوانە نەک تەنها هەڕەشەن بۆ ئەو وڵاتانەی تێیدان، بەڵکو بۆ وڵاتە دراوسێکانیش هەڕەشەن.
بە مۆڵەتی ئێوە، دەمەوێت بە کورتی باس لە بانگەوازی بەڕێز ئۆجالان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی بکەم کە لە تورکیا کردوویەتی، لەسەر ئەم بانگەوازەی کە لە ٢٧ـی شووبات کرا، پەکەکە کۆنگرەی خۆی بەست و لە ١٢ـی ئایار بڕیاری وەستاندنی چالاکییەکانی لەسەر ناوی پەکەکە ڕاگەیاند و بڕیاری دا ڕێکخستنێک دروست بکات کە میتۆدی سیاسەتی دیموکراتی پەرە پێبدات.
ئەم پێشکەوتنانە نەک تەنها کاریگەرییان لەسەر تورکیا دەبێت، بەڵکو لەسەر عێراق، ئێران و سووریاش دەبێت، لاپەڕەیەکی مێژوویی بۆ ئاشتی و سیاسەتی دیموکراتی کراوەتەوە، ئێمەش بە تایبەتی ئەنجوومەنی ژنانمان، لەگەڵ بزووتنەوەی ژنانی تورکیا و بزووتنەوەی ژنانی کورد، بە تێکۆشانێکی هاوبەش کار دەکەین بۆ پێشخستنی ئەم پرۆسەیە.
شانازی دەکەم کە ئێستا ئەم پێشکەوتنە مێژووییە لەگەڵ ئێوە باس دەکەم، ئەم پێشکەوتنە هەنگاوێکی مێژووییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد کە برینێکی خوێناویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، هیوادارم کە بە ئاشتی و بونیادنانی کۆمەڵگای دیموکراتی کۆتایی بێت.”
کۆنگرەکە لە دووەم ڕۆژیدا دوای وەرگرتنی پشوویەک بە چالاکی هونەری بەردەوام دەبێت
ب. جـ
Comments are closed.