“پێش دانانی چەک پێویستە باسی پاشەکشێی سوپای داگیرکەری تورک بکەین”

ناوەندی هەواڵەکان

وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە دەڵێت: بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ ستراتیژی ئەم سەردەمە دیاری دەکەن، دانوستان بۆ پڕۆسەی ئاشتی هێشتا دەستی پێ نەکردووە، دەشڵێت: بەرلەوەی باسی دانانی چەک بکەین پێویستە باسی پاشەکشێی سوپای داگیرکەری تورک لەسەر خاکی باشووری کوردستان بکەین.

زاگرۆس هیوا وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە لە دیمانەیەکی تایبەتیدا لەگەڵ کەناڵی ستێرک باسی لە ناوەڕۆکی کۆنگرەی ١٢ـی پەکەکەی کرد و چەندین ڕوونکردنەوەی پێویستیدا تایبەت بە بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـی پەکەکە، کە چەندڕۆژێکە میدیای شەڕی تایبەت کاری لەسەردەکات بۆ گۆڕینی ئامانج و ستراتیژی داهاتوو.

زاگرۆس هیوا وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە دەڵێت: بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ی پەکەکە ناتوانین وەک بڕیاری دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی پێناسە بکەین، باشتر وایە ئەم بڕیارانە وەک بڕیاری سەردەمێکی نوێ بەناوی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێناسە بکەین،

دەشڵێت: بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ ستراتیژی ئەم سەردەمە دیاری دەکەن، دانوستان بۆ پرۆسەی ئاشتی هێشتا دەستی پێنەکردوە، چونکە هەردوولا لەسەر ناوی پرۆسەکە هاوڕا نین، دەوڵەتی تورکیا هێشتاش دەستەواژەی تیرۆر بۆ پرۆسەیە بەکاردەهێنێت، چۆن دەتوانیت لە لایەک باسی ئاشتی بکەیت و لە لایەکی تریش زمانێک بەکاربهێنیت کە هەست و دەرون و ویژدانی گەلی کورد بریندار دەکات، بۆ ئەوەی پرۆسەیەک بە ناوی ئاشتی دەستپێبکات پێویستە سەرەتا زیهنییەتی دەوڵەتی تورک بگۆڕدرێت، ئەو زیهنییەتەی کە کورد وەک تیرۆرست دەبینێت.

وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە  وتیشی: ئەو بڕیارەی کە گیراوە، وەک کۆتایهێنان بە شێوازی چەکداری پێناسەکراوە، هێشتا زووە کە مرۆڤ ئەم دۆخە وەک پرۆسەیەک پێناسە بکات.

ئاماژە بەوەش دەکات: کەس باسی دانان و ڕادەستکردنی چەکی نەکردووە، چونکە ئێستا زەمینەی ئەوە لە ئارادا نییە، چونکە هێشتاش تورکیا لە هێرشەکانی دژی گەریلا بەردەوامە، هێشتا تونێل و سەنگەرەکانی بەرخۆدان لە زاپ و مەتینا لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و پەدەکەوە گەمارۆدراون، مەودای نێوان گەریلاکانی ئازادی و سەربازانی تورک ٥٠ بۆ ١٠٠مەترە، لەدۆخێکی وەهادا چۆن دەبێت مرۆڤ چەک دابنێت، بەرلەوەی باسی دانانی چەک بکەین پێویستە باسی پاشەکشێی سوپای داگیرکەری تورک لەسەر خاکی باشووری کوردستان بکەین.

زاگرۆس هیوا دەشڵێت: ڕێبەر ئاپۆ دەستپکی ئەم قۆناغەی دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی ئەم قۆناغە سەرپێی خۆی بخرێت و لەچوارچێوەی ئەم سەردەمەدا بڕواتە پێشەوە، پێویستە ڕێبەر ئاپۆ بە فیزیکی ئازاد بکرێت، لە کەشێکی ئازادانە و تەندروستدا کاربکات خەبات بکات بۆسەرخستنی ئەم پرۆسەیە.

جەختیش لەوە دەکاتەوە، ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکەش لە ٢٧ـی شوباتەوە تاوەکو ئێستا سێ جار نیازپاکی خۆیان ڕاگەیاندووە و هەنگاوی تاکلایەنەیان ناوە، ئەگەر بەڕاستی دەوڵەتی تورکیا ئاشتی دەوێت پێویستە ڕژێمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمڕاڵی بەتەواوی هەڵبوەشێنێتەوە، هەموارکردنی یاسایی و دەستوری بکات بەشێوەیەک کە کورد مافی هاوڵاتی یەکسان و ئازادی هەبێت لە تورکیادا و وەک پلەدوو سەیر نەکرێت.

 وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەروەی کەجەکە دەشڵێت: ئەم سەردەمە کاریگەری لەسەر هەموو بەشەکانی کوردستان هەیە لە بواری بەرەوپێشبردنی ماف و ئازادییەکان، وەهەروەها دەستەبەرکردنی دەستکەوتەکان، هەروەها ئەم سەردەمە هاوکار دەبێت بۆ بە دیموکراتیزەبونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئ.پ

Comments are closed.