خەڵکی مەخموور نوێژی هەینیان لەژێر چادری بەرخۆدان ئەنجامدا

مەخموور

بەرخۆدانی خەڵکی مەخموور دژی گەمارۆ، دەستگیرکردن و ڕێگرییەکانی حکومەتی عێراق لە بەردەم خاڵی پشکنینی هێزەکانی عێراق لە دووەم ڕۆژدا بەردەوامە و ئەمڕۆ چالاکوانان نوێژی هەینیان لە چادری چالاکییەکە ئەنجامدا.

دانیشتوانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جوودی (مەخموور)، دژی گەمارۆ و ئابڵوقەی سەر کامپەکە، هەروەها دەستگیرکردنی شاندێک، کە بە ناوی خەڵکەوە چووبوون بۆ کۆبوونەوە لە بەغدا، لە بەردەم دەروازەی خاڵی پشکنینی هێزەکانی سوپای عێراق، چادری بەرخۆدانیان هەڵدا.

لەسەر هەڵوێستی خەڵک، بەرپرسانی عێراق ڕایانگەیاند، ئەندامانی شاندەکە، ئازاد دەکەن، پەیوەست بەوەش گەلی مەخموور ڕایانگەیاند، تا شاندەکە ئازاد نەکرێت، چالاکییەکانیان بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ بەرخۆدانی خەڵکی مەخموور لە ڕۆژی دووەمیدا بە ئیرادەوە بەردەوامە، پەنابەران لە ڕۆژی دووەمدا نوێژی هەینیان لە چادری چالاکییەکەدا ئەنجامدا، بە سەدان هاوڵاتی بۆ بەشداری کردن لە نوێژی هەینی بەرەو چادرەکە ڕۆیشتن و لەوێ نوێژی هەینی خۆیان ئەنجامدا.

لە وتاری هەینیدا، باس لەو زوڵمانە کرا، کە بەرامبەر بە پەنابەران دەکرێت و وەکو کوفر ناوبرا، هەروەها داوای یەکڕیزی و یەکێتی نێوان گەلی کورد کرا.

جێگای ئاماژەیە، لە ١٠ـی نیسانەوە حکومەتی عێراق گەمارۆیەکی توندی سەپاندووە بەسەر کامپی مەخمووردا و ڕێگە نادات کەرەستەی بیناسازی ببردرێت بۆ کامپەکە و هەروەها ڕێگە نادات کرێکاران بچن بۆ بەغداد بۆ کارکردن، بە هۆی ئەوەشەوە شاندێک بە ناوی خەڵکەوە ڕوویان کردبووە بەغدا و دوێنێ لە کاتی گەڕانەوەدا لە خاڵی دەرچوونی بەغدا ڕەشبگیرییان بەرامبەر ئەنجامدرا.

ب. ق

Comments are closed.