ناوەندی هەواڵەکان
لە دووەم ڕۆژی کۆنگرەی ‘هاوپەیمانی نەدا’ ژنان بە گرنگییەوە باس لە ئەنجامدانی ئەو کۆنگرەیە دەکەن و دەڵێن: لە هەر کوێیەک کێشەی ژنان هەبێت پێویستە بەیەکەوە داکۆکی لە مافەکانی خۆمان بکەین، دەشڵێن: هەرکاتێک ژنان خۆیان بەڕێکخستن دەکەن ڕۆڵی گرنگیان لە گۆڕینی کۆمەڵگەدا دەبێت
دوێنێ، لە هۆتێل هایکرست لە شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەریی ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی کوردستان، بە درووشمی “لەسەر بنەمای شۆڕشی ژنان، بەرەو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک” یەکەمین کۆنگرەی هاوپەیمانی نەدا (هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی) دەستی پێ کرد، ئەمڕۆ لە دووەم ڕۆژیدا بەردەوامە، لەو بارەیەوە ژنانی بەشداربووی کۆنگرەکە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

هاجەر ئۆزدەمیر لەسەر ناوی تەڤگەری ژنانی ئازاد لە باکووری کوردستان قسەی کرد و وتی: لە دووەم ڕۆژی کۆنفرانسدا گفتوگۆکان بەشێوەی پانێل بەڕێوەچوون کە هەر گرووپەو باس لە گرفت و کێشەی تایبەتی وڵاتەکانیان کرد لەگەڵ ئەو شەڕانەی لەمڕۆدا ڕوودەدەن.

وتیشی: ئەو شەڕەی لەمڕۆدا ڕوودەدات شەڕی جیهانیی سێیەمە و بەتایبەت بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت، بۆیە گرنگە ژنان کار و خەباتکی هاوبەش درووست بکەن یەکگرتوییەک پێکبهێنن، چونکە هەرکاتێک ژنان خۆیان بەڕێکخستن دەکەن ڕۆڵی گرنگیان لە گۆڕینی کۆمەڵگەدا هەیە، ئەمەش خەباتێکی دوور و درێژە، لە هەمانکاتدا زۆر و زەحمەتە و باوەڕم بەوەیە ژنان بەسەر ئەو خەباتەدا سەر دەکەون.
هەروەها تریفە حەمە ڕەشید بەڕێوبەری ناوەندی ئەرشیف و توێژینەوەی پەرتوکخانەی ژنی کورد وتی: لە دووەم ڕۆژی پانێڵەکەدا ژنان بە گرووپ باسیان لە بەربەست و ئاستەنگییەکانی بەردەم ژنان کرد، هەروەها باسیان لە ڕۆڵی ڕێکخراوەکان و گرنگی هاوپەیمانییەکانی ژنان کرد.

وتیشی: کۆبوونەوەی ژنان بە ڕەنگ و کلتوری جیاواز گرنگی خۆی هەیە و ئەوەشمان بۆ دەرکەوت ژنان لە هەرکوێیەک بن خاوەنی هەمان کێشەن و مافیان پێشێل دەکرێت بۆیە ئەم کۆڕ و کۆبوونەوانە زۆر گرنگە بۆ ئەو وڵاتانەی کە ژنان تیایدا سەرکوت کراوە .
هەروەها سوهام شنگالی بەرپرسی کۆمیسۆنی دیبلۆماسی شنگال وتی: لە دووەم ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا بە شێوەی گرووپ کۆبوونەوە چەند پرسێک دیاری کرا بوو، ژنانی بەژدار بوو گفتوگۆیان لەسەر کرد بەتایبەت لەسەر تێکۆشانی ژنان و کێشەکانیان باسکراو باس لە چارەسەرەکان کرا لە ئەنجامی گفتوگۆکان پێشنیار دروست بوو کە تەحالف لەسەر ئەو پرسانە کار بکات لە ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاستدا.
ب.گ
Comments are closed.