تولای حاتیمۆغولاری: پێویستە مافی هیوا بکەوێتە پراکتیکەوە

خالید ئەرمیش

تولای حاتیمۆغولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند، لەمەبەدوا بەرپرسیارێتی ڕاستەقینە دەکەوێتە سەر شانی دەوڵەت و وتی: بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەوپێش بچێت، پێویستە بارودۆخی ڕێبەر ئاپۆ بگۆڕێت و مافی هیوا بکەوێتە پراکتیکەوە.

هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتیمۆغولاری کە بۆ بەشداری لە کۆنگرەی هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی (هاوپەیمانی نەدا) سەردانی شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان کردووە، لەسەر پرۆسە و پێشهاتەکانی دوای کۆنگرەی ١٢ـمینی پەکەکە بۆ ڕۆژنیوز دوا.

تولای حاتیمۆغولاری ڕایگەیاند، دەوڵەت ‘لە پێشخستنی پرۆسەکەدا بە قورسی هەڵسوکەوت دەکات، ئەمەش لە کۆمەڵگادا دۆخێکی هۆشیاری دروست کردووە و هەموو کەسێک چاوەڕوانی هەنگاوی بەرچاون’، حاتیمۆغولاری بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە جەختی لەسەر گرنگی هەنگاوەکانی وەک دەستەبەرکردنی مافی هیوا بۆ ڕێبەر ئاپۆ، گۆڕینی یاسای سزادان، گەڕاندنەوەی شارەوانییەکان کە قەیوومیان لێ دانراوە و ئازادکردنی زیندانییانی دۆسیەی پیلانگێڕی کۆبانێ کردەوە.

بۆ بەشداربوون لە پرۆسەکەدا، پێویستە ڕێگا لەبەردەم ڕێبەر ئاپۆ بکرێتەوە

تولای حاتیمۆغولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، بۆ پێشخستنی پرۆسەکە پێویستە هەنگاوی پێویست بنرێت و وتی: لەو وڵاتانەی کە کەمترین دیموکراسی تێدایە، زیندانەکانیان وەک ئێرە نییە، زیندانییانی نەخۆش لە زیندانەکاندا نامێنن، کەسانێک کە ٣٠ ساڵە لە زیندانن ئازاد دەکرێن، پێویستە لەم ڕووەوە هەنگاو بنرێت، زۆر زیندانی هەیە کە لەبەر بیر و بۆچوونەکانیان، لەبەر ئەوەی ئازادی بیرکردنەوەی خۆیان بەکارهێناوە، خراونەتە زیندانەکانەوە و پێویستە لە زووترین کاتدا ئازاد بکرێن، پێویستە لەم پرۆسەیەدا کۆتایی بە دژایەتی، ناکۆکی و دژایەتیکردن بهێنرێت، هەروەها پێویستە مافی هیوا بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەستەبەر بکرێت.

هەروەها وتیشی: لە کۆتاییدا، گەر ئێمە باسی دامەزراندنی ئاشتی دەکەین، بێگومان پێویستە لەم بارەیەوە دەستپێشخەریی جددی بکرێت، ئەمەش پێدان و جێبەجێکردنی مافی هیوایە بۆ بەڕێز ئۆجالان، هەروەها پەکەکە دەڵێت کە کردنەوەی ڕێگا بۆ ئەم پرۆسەیە بە بەشداری ڕاستەوخۆی بەڕێز ئۆجالان لە پرۆسەکەدا مومکینە، بابەتی مافی هیوا لەلایەن دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپاوە گفتوگۆی لەسەر کراوە و لە ڕاستیدا مافێکە کە هاوتایەتی هەیە لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا کە تورکیا پابەندە پێیەوە، پێویستە ئەم مافە جێبەجێ بکرێت.

پێویستە بەڕێز ئۆجالان بتوانێت لەگەڵ لایەنەکاندا دیدار ئەنجام بدات’

تولای حاتیمۆغولاری جەختی کردەوە، پێویستە ڕێگا بدرێت کە ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ لایەن و کەسایەتییە جیاوازەکان بتوانێت دیدار ئەنجام بدات و وتی: بەڕێز ئۆجالان دەیەوێت لەگەڵ زۆر کەسدا لە ناوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات وەک؛ ئەکادیمیستییەکان، پارێزەر، ڕۆژنامەنووس و نوێنەرانی بزووتنەوەکانی ژنان، ئیکۆلۆژی و گەنجان دیدار ئەنجام بدات. کاریگەری بەڕێز ئۆجالان لەسەر بەشە بەرفراوانەکانی کۆمەڵگا دەکرێت بۆ مسۆگەرکردنی ئاشتی بەکاربهێنرێت، هەموومان لە کاریگەری بەڕێز ئۆجالان لەسەر گەلی کورد، لەسەر کۆمەڵگەکان، لەسەر کۆمەڵگەکانی تورک و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناکورد ئاگادارین، بۆ ئەوەی ڕێگا لەبەردەم دامەزراندنی ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی تەندروست بکرێتەوە، بۆ ئەوەی بە ڕاستی بتوانین بڵێین سەرکەوتین، پێکەوە ئاشتیمان دروستکرد و شوێنپەنجەیەکی ئەوەندە گرنگ لەسەر مێژوو بەجێبهێڵین، بیردەکەینەوە کە پێویستە بارودۆخی بەڕێز ئۆجالان زۆر بە خێرایی باشتر بکرێت و پێویستە بارودۆخێک کە بە ئازادی کاربکات بڕەخسێندرێت.

هاوسەرۆکی دەم پارتی، هۆشداریی لە مەترسییەکانی ئەگەری دواکەوتنی هەنگاوە پێویستەکان دا و وتی: کۆنگرە بەڕێوەچوو، بەڵام ئێستا چی هەڵدەسەنگێنرێت؟ ئێمەش وادەڵێین و ئەوانیش خۆیان وتیان کە ئەگەر حکومەتی هەیی هەڵوێستێکی خێرا نەگرێت و لەم پرۆسەیەدا هەنگاو نەنێت، ئەم پرۆسەیە قوفڵ دەدرێت، پێویستە پرۆسەکە درێژ نەبێت و ئەگەر هەنگاوە پێویستەکان بە خێرایی بنرێن، دەکرێت ئەنجامی بەرچاو بەدەست بهێنرێت.

پێویستە سووتاندنی مافی زیندانیان ڕابوەستێنرێت و دۆسیەی کۆبانێ لابرێت

حاتیمۆغولاری لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە گرنگی ئازادکردنی زیندانییانی نەخۆش، دۆخی کەسانێک کە ٣٠ ساڵە لە زیندانن و ڕاوەستاندنی سووتاندنی مافی زیندانیان کرد و وتی: “پێویستە هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ کە لە دۆسیەی کۆبانێدا زیندانیکراون، هەروەها کەسانی دیکە کە لەم دۆسیەیەدا گیراون، ئازاد بکرێن.

شارەوانییەکان پێویستە بگەڕێنرێنەوە

پێویستە ئەو شارەوانییانەی کە لەلایەن حکومەتەوە بە دانانی قەیوومەکان دەستیان بەسەردا گیراوە بگەڕێنرێنەوە، بە ڕاستی، دانانی قەیوومەکان خاڵێکی نادەستوورییە و پووچەڵ و بێ کاریگەرە، ئێستا دەستوورێک دژی دەستوور دروستکراوە و ئەوان لەسەر ئەو ڕێگایە دەڕۆن، قەیووم بۆ شارەوانییەکانی دەرەوەی دەم پارتیش دانراون، لەبەر ئەم هۆکارە، ئەمڕۆ پێویستە واز لە ڕژێمی قەیوومەکان بهێنین و سەبارەت بە دانانی قەیوومەکان بۆ هاوسەرۆکانی شارەوانییەکان و سەرۆک شارەوانییەکان ڕاستکردنەوەیەک بکەین، پێویستە لەم پرۆسەیەدا سەرلەنوێ هاوسەرۆک و سەرۆکانی شارەوانییەکان ئەرکەکانیان بۆ بگەڕێنرێتەوە، لەبەر ئەوەی دەزانین کە قەیوومەکان نەک لەبەر هۆکاری یاسایی، بەڵکو لەبەر هۆکاری تەواو سیاسی دانراون.”

پاککردنەوەی ڕێگای چارەسەری

تولای حاتیمۆغولاری ئاماژەی بەوەدا، هەنگاوەکان بەم شێوەیە لە چوارچێوەی کردنەوەی ڕێگای پێشخستنی چارەسەریدان و وتی: بەڵام کێشەی ڕاستەقینە کە ئێمە پێی دەڵێین کۆمەڵگای دیموکراتیک بەرفراوانترە و بۆ پێکهێنانی پارادایمە، پێویستی بە ڕێکخستنبوونێکی زۆر بەرفراوانترە، ئەم پرۆسەیە بۆ پرۆڤۆکاسیۆنەکان کراوەیە و لایەنانێک لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیا هەیە کە دەیانەوێت پرۆسەکە تێکبدەن، لەوانەیە ئەم گرووپانە هەمیشە بیانەوێت چالاکی بکەن، لەوانەیە چاوەڕێی دەرفەت بن، لە بەرامبەر ئەمانە، پێویستە لایەنە ناکۆکەکان دژی یەکتر بە خێرایی هەڵسوکەوت بکەن، دەوڵەت دەیوت، ‘با پەکەکە کۆنگرەی خۆی ئەنجام بدات’، کۆبوونەوە و ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە، ئێستا بێگومان سەرەی دەوڵەت و حکومەتە، لەبەر ئەوە تۆپ لە گۆڕەپانی ئەواندایە، لەبەر ئەم بێدەنگییە و خێراییەی کە لەلایەن بارودۆخە بابەتییە هەیەکانەوە لەسەر ئێمە سەپێنراوە، پێویستە بە خێرایی هەڵسوکەوت بکەین و بەبێ درێژکردنەوەی پرۆسەکە کارێکی ئەنجامدار بکەین.

تولای حاتیمۆغولاری، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی کە بەشداری لە کۆنگرەی هاوپەیمانێتی نەدا لە سلێمانی کردووە ڕایگەیاند کە ژنانی هەرێمیش لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پرۆسەکە دەکەن و زۆر ئارەزوومەندن بزانن چی ڕوودەدات و دەربارەی گفتوگۆکان لەسەر ئەم بابەتە ئەم هەڵسەنگاندنانەی کرد: تەنها لە تورکیا لەسەر ئەم بابەتانە گفتوگۆ ناکەین، ئەمە لە ڕۆژەڤی هەرێمیشدایە، هەروەها لە ڕۆژەڤی بزووتنەوەکانی ژنانی زۆر وڵاتدایە، بێگومان، نەدا هاوپەیمانێتییەکە کە بزووتنەوەی ژنانی کورد و بزووتنەوەی ژنانی عەرەب، هەروەها بزووتنەوەکانی دیکەی ژنان لە هەرێمەکە پێکەوە کۆدەکاتەوە، لەم ڕووەوە، کارێکی زۆر واتادارە، بێگومان، بانگەوازەکە کە لەلایەن بەڕێز ئۆجالانەوە کراوە، کۆنگرەکەی پەکەکە بەڕێوەچووە و پرۆسەکە دوای ئەوە چۆن بەرەوپێش دەچێت، نەدا چۆن دەتوانێت بەشداری ئەو تێکۆشانە بێت کە ژنان تورکیا بەڕێوەی دەبەن، ئەم بابەتانە بەم شێوەیە لەناو بابەتە سەرەکییەکانی ڕۆژەڤدا بوون، لەم ڕووەوە، بە ڕاستی ئەرێنییە.

چارەسەری کێشەی کورد و دیموکراتیکبوون، دەبێت کاریگەری لەسەر هەموو هەرێمەکە هەبێت

حاتیمۆغولاری جەختی لەوە کردەوە، کە تورکیایەک کە کێشەی کوردی چارەسەر کردبێت دەبێتە وڵاتێکی نموونەیی لە هەرێمەکەدا و بەم شێوەیە درێژەی دا: “تورکیا سیاسەتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەورووپا لەسەر کێشەی کورد دامەزراندووە، تورکیایەک کە کێشەی کوردی چارەسەر کردبێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا چۆن دەبێت؟ بێگومان، ئەوان ئاشتییانەتر و دیموکراتیکتر دەبن، پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق چۆن دەبن؟ دیسان، ئەوان ئاشتییانەتر و دیموکراتیکتر دەبن، منیش باوەڕم وایە کە تورکیا دەتوانێت بە چارەسەرکردنی کێشەی کورد مۆدێلێک پێشبخات، دەتواندرێت وەکو مۆدێلێک بۆ وڵاتانی دیکە نیشان بدرێت، سبەینێ یان ڕۆژانی دواتر، کاتێک کە تورکیا لەسەر هەر کێشەیەک بڵێت، ‘من هێمای ئاشتییم، وەرن با لێرە ئاشتی بنیات بنێین’، وەکو وڵاتێک کە کێشەی خۆی چارەسەر کردووە، مەیدانی کاریگەری و کاریگەرییەکەی لە بواری سیاسیدا زۆر بەرزتر دەبێت.

بەرپرسیارێتی هەرە گەورە لەسەر دەوڵەتە

تولای حاتیمۆغولاری، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ و بەڕێوەچوونی کۆنگرەی پەکەکە بەشدارییەکی گەورەیان لە ئافراندنی کەشوهەوایەکی ئاشتی لە تورکیا کردووە و بەم شێوەیە وتی: هەرچەندە دەم پارتی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی هەیە، هەموو بەشەکانی دیکەش خاوەن ئەرک و بەرپرسیارێتین، بەڵام بەرپرسیارێتی هەرە گەورە دەکەوێتە سەر شانی دەوڵەت و حکومەت، ئەو هەنگاوانەی کە بە نیازی باش لەم بابەتەدا دەنرێن ئەرێنی دەبن، کاتمان نییە بۆ لەدەستدان، وەرن با ئێستا ئاشتی بنیات بنێین.

ب. جـ

Comments are closed.