مووچەی خەڵک چۆن کراوە بە قوربانی ململانێ سیاسییەکان؟

ناوەندی هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی عێراق بە نووسراوێکی فەرمیی ڕایگەیاند، هەرێم ڕەسیدی نەماوە و لە پشکی خۆی زیاتری وەرگرتووە بۆیە ناتوانن مووچەی هەشت مانگی داهاتووی ٢٠٢٥ بنێرین، هۆکاری ئەمەش دزینی داهاتی نه‌وت و شاردنەوەی بەشێکی زۆری داهاتی ناوخۆیە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە، باجەکەشی خەڵک دەیدات.

لە ڕێگەی نووسراوی ژمارە (١٤٥٠٢) وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستانی دەربارەی مووچەی مانگی پێنج ئاگادار كردەوە كە ڕێژەی (١٢.٦٧)ـی تەرخانكراوی پشكی هەرێم بۆ بودجەی سێ ساڵی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤و ٢٠٢٥) كۆتایی هاتووە و چیتر ناتوانن مووچەی هەشت مانگی داهاتووی ساڵی ٢٠٢٥ بۆ هەرێم بنێرن.

ئەم بڕیارەی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت؟

وەزارەتی دارایی عێراق سەرجەم داهاتی نه‌وتی و نانه‌وتی هه‌رێمی بۆ بودجی هەرسێ ساڵەكەی کە دەبوو ڕادەستی عێراقی بکات و بڕێکی کەمی ڕادەست کردووە له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕە پارەی کە عێراق بۆ مووچەی موچەخۆرانی هەرێمی ناردووە، پێکەوە هەژمار كردووە و عێراق مووچەی ئەو هەشت مانگەی داهاتووی خستووەتە بەر ئەو داهاتەی کە هەرێم ڕادەستی نەکردووە.

قومارکردنی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەسەر مووچەی خەڵک!

بەپێی ئەو نووسراوەی وەزارەتی دارایی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، هۆکاری نەناردنی مووچە ئەوەیە: لە ماوەی ساڵەکانی (٢٠٢٣-٢٠٢٤-٢٠٢٥)، حکومەتی هەرێم بە داهاتی نەوتی و نانەوتی نزیکەی ١٩ ترلیۆن دینار داهاتی هەبووە، بەڵام تەنها ٥٦٠ ملیار دیناری ڕادەستی بەغداد کردووە، بۆیە هەرێم ڕەسیدی نەماوە و لە پشکی خۆی زیاتری وەرگرتووە.

وێڕای بەدەنگهاتنی فراکسیۆنە کوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق، لە دژی بڕیاری ڕاگرتنی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەشێک لە پەرلەمانتارە کوردەکانیش ڕەخنەی توند لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەگرن و بە بەرپرسیاری دەزانن لەو دۆخە، بەوپێیەی داهاتی نه‌وت كه‌ هه‌رێم بردویه‌تی نادیاره‌، داهاتی ناوخۆش كه‌ یەک لەسەر پێنجی بۆ بەغداد گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌ مووچه‌ی هەشت مانگی ساڵی (٢٠٢٥)ـی موچەخۆرانی هەرێمی خستووەتە بەردەم مەترسییەوە.

هاوکات لەلایەکیترەوە، ڕەخنەی توند لە عێراق دەگرن، کە مووچە و قوتی هاوڵاتییانی هەرێم دەکەن قوربانی ململانێ سیاسییەکانی نێوان خۆیان و هەرێم، لەبری تۆمارکردنی سکاڵا لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەست بۆ مووچە و قوتی خەڵکی هەرێم دەبەن.

مەرجەکانی عێراق بۆ ناردنی مووچەی مانگی پێنج چین؟

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دوو مەرجی داناوە، بۆ ناردنی مووچەی مانگی پێنج کە ئەمانەن:

یەکەم: بڕیار وایە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، واژۆ لەسەر لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بكرێت، بەڵام ڕەوانە كردنی ئەو بڕە پارە بەشێوەی قەرز و لە دەرەوەی پشكی هەرێم بێت.

دووەم: پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا لە نێوان هەولێر و بەغداد بۆ چارەسەری پرسی مووچەی هەشت مانگەكەی ساڵی (٢٠٢٥).

ئەمە لەکاتێکدایە، وەزارەتی دارایی هەرێم لە وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراقدا، بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی شاردنەوە و دزینی داهاتی نەوتیت و نانەوتیی هەرێم ڕایانگەیاند، بڕیاری نەناردنی مووچە، پێچەوانەی بڕگەی سێیەمی ماددەی ١٢١ـی دەستووری عیراقە، كە بەپێی ئەو ماددەیە پێویستە لە داهاتە فیدراڵییەكاندا داهاتی دادپەروەرانە بۆ هەرێمەكان و پارێزگاكان تەرخان بكرێت”.

ئەوەشیان ڕاگەیاندووە، “بۆ ئەم هەشت مانگەی ساڵی ٢٠٢٥، نۆ ترلیۆن و ١١٠ ملیار و ٨٣٥ ملیۆن دینار ماوە لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت كە تاكوو ئێستا نەنێردراوە”.

دەرئەنجام…

لە کۆتاییدا هەمووان سەرقاڵی شەڕ و ململانێی سیاسین و کورد وتەنی “بەرد بکێشی بە گۆزەدا و گۆزە بكێشی بە بەرددا هەر زەرەری گۆزەیە!” لەم نێوەندەشدا، لایەنی خەتابار هەرێم بێت یان بەغداد، زەرەرمەندی یەکەم هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانن و قومار لەسەر قوتی ئەوان دەکرێت.

ب.گ

Comments are closed.