ڕانیە
شانۆکارێک دەڵێت: لە دەڤەرەی ئێمە بە تایبەتی هونەری شانۆ نەبووەتە پیشە کە هەم بتوانین ژیانمانی لە ڕێگەیەوە مسۆگەر بکەین هەم هونەری شانۆش بەرەو پێش ببەین، شانۆ لێرە زیاتر لە شەش بۆ حەوت ساڵە کپکراوە و هیچ بەرهەمێک نەبووە، شانۆکارێکی دیکەش دەڵێت: ڕۆشنبیران بەداخەوە وابەستەی کۆمەڵێک شت بوون کە خۆشیان نازانن چییە، لە هەرێمی کوردستاندا کێشەی توانامان نییە بەڵکو کێشەی بەڕێوەبردنی کارەکانمان هەیە.
شانۆ وەک بنەمایەکی هونەریی ساڵانێکە لە باشووری کوردستاندا فەرامۆشکراوە و هیچ گرنگییەکی ئەوتۆی پێنادرێت، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە هەوادەری ئەو بوارە هەیە، بەڵام بە بیانووی قەیران و بە هۆی دەستێوەردانی حزبییەوە ئەو بوارە گرنگەی هونەر فەرامۆشکراوە، شارۆچکەی ڕانیەی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕینیش یەکێکە لەو ناوچە گرنگانەی کە ڕێژەیەکی بەرچاو شانۆکاری تێدایە بەڵام ساڵانێکە مۆمی شانۆ لەو دەڤەرەدا خامۆشبووە، لەو چوارچێوەیەشدا شانۆکارانی ڕانیە لە ڕێگەی ڕۆژنیوزەوە کێشەوگرفتەکانی بەردەم بواری شانۆ دەخەنەڕوو.

ڕزگار سەنگەسەری ئەکتەر و شانۆکار سەبارەت بە کپبوونی هونەری شانۆ دەڵێت: لە دەڤەرەی ئێمەدا بەتایبەتی هونەری شانۆ نەبووەتە پیشە کە هەم بتوانین ژیانمانی لە ڕێگەیەوە مسۆگەر بکەین هەم هونەری شانۆش بەرەو پێش ببەین، شانۆ لێرە زیاتر لە شەش بۆ حەوت ساڵە کپکراوە، هیچ بەرهەمێکمان نەبووە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەند شتێک، یەک لەوانە ئێمە لەو دەڤەرەدا دەرچوویەکی بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرە جوانەکانمان نییە، لە ڕانیە پەیمانگای هونەرە جوانەکان هەیە چەندین ساڵە وەک هونەمەندان و ڕێکخراوەکان و هەوادارانی شانۆ هەوڵدەدەین بەشی شانۆ بکاتەوە، بەداخەوە بۆمان نەکراوەتەوە، بەڕاستی لێرەش خەڵک یان هونەرمەندان بۆ خۆیان زۆر کەمتەرخەم بوون.
ڕەخنەی لە شانۆکارانیش گرت و وتی: ئەگەر بڕیار وایە ئێمە بمانەوێت هونەری شانۆ لە چوارچێوەیەکی تەسکی حزبایەتیدا ببینین ئەوا ناتوانین چونکە هونەری شانۆ موڵکی گەلە، ئەگەر شانۆکاران دەیانەوێت یان دەڵێن دەسەڵات لێرە باڵادەستە دەیەوێت قۆرخی بکات نا نەخێر، هونەرمەندان بۆخۆیان ئازادن، ئەو کاتەی تۆ دەچیتە سەر تەختی شانۆ تۆ ڕۆڵەی گەلی ڕۆڵەی حزب نیت، هونەرمەندان دەبێت بیر لەوە بکەنەوە کە ئەوان کار بۆ شارەکە دەکەن نەک حزب.

هەروەها فریاد عەبدولڕەحمان شانۆکار سەبارەت بە نەبوونی شانۆ لەو شارەدا دەڵێت: بەر لەوەی پەنجە بخەینە سەر کەموکورتییەکانی شانۆ پێویستە پەنجە بخەینە سەرئەو برینانەی کە لە شانۆوە دروست بووە، بەداخەوە قەیرانی شانۆ لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە دەڤەرەکەماندا قەیرانێکە کە دەستکردە، قەیرانێکە کە بەڕاستی نەبوونی هۆشیاری تاکە نەبوونی هۆشیاری کۆمەڵگایە یان حکومەتی هەرێمی کوردستانە، من کە ئەوە دەگەڕێنمەوە بۆ نەبوونی هۆشیاری دەتوانین بڵێین تاکی هۆشیار کۆمەڵگایەکی تەندروست پێشکەش دەکات، کۆمەڵگایەکی تەندروستیش حکومەتێک بونیاددەنێت کە ئاستی خزمەتگوزارییەکانی لە ئاستی خەمی تاکەکاندا بێت.
ئەو شانۆکارە ڕەخنەی لە ڕۆشنبیران گرت و وتی: ڕۆشنبیران بەداخەوە وابەستەی کۆمەڵێک شت بوون کە خۆشیان نازانن چییە، من دەتوانم بڵێم لە هەرێمی کوردستاندا کێشەی توانامان نییە بەڵکو کێشەی بەڕێوەبردنی کارەکانمان هەیە، ئێمە وەزارەتی ڕۆشنبیرییمان هەیە کە بەداخەوە نەیتوانیوە وەک پێویست هاوکار و پشتیوانی هونەرمەندان بێت، نەیتوانیوە بوارە ڕۆشنبیرییەکان وەک پێویست بگرێتە ئامێزی خۆی.
ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە تیپێکی هونەریمان هەبوو بەداخەوە زۆربەی کارەکانمان لە ماڵەکانی خۆماندا دەکرد، زۆربەی تێچووی ئەو دەقە شانۆیانە لە ئەستۆی هونەرمەندان و ئەندامانی خۆماندا بوو، هونەرمەند ئەمڕۆ وای لێهاتووە لە جەوێکی زۆر سارددا دەژی، لە جەوێکدا دەژی کە توانای بیرکردنەوەی نییە، توانای داهێنانی نییە، ئەوەندەی بە ڕاکەڕاکە بۆئەوەی بتوانێت پارووە نانێک پەیدا بکات تا ماڵ و منداڵی پێ بژیەنێت، ئەوەندە توانای نییە کە بتوانێت جارێکیتر بیر بکاتەوە و هونەر بکات.
ئەو شانۆکارە وتیشی: من دەپرسم ڕۆشنبیران چیان کردووە؟ هونەرمەندان چیان کردووە و چۆن دەتوانن ببنە شۆڕشێک بۆ گەشەکردنی عەقڵییەتی تاک بۆ ئەوەی بتوانن خۆشگوزەرانی بۆ کۆمەڵگا و دنیاش بێنن؟ سێ بنچینە هەیە کۆمەڵگە وابەستە دەکا و کۆمەڵگە دەگەیەنێتە لوتکە، پەروەردە، ڕۆشنبیری و تەندروستی، کە لە وڵاتی ئێمەدا ئەو سێ چەمکە فەرامۆش کراوە.
ئ پ
Comments are closed.