سلێمانی
ئەمنەسوورەکە وەک ڕەمزێک بۆ ستەم، زۆرداری، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ڕژێمی بەعس، هەروەها وەك سیمبۆلێك بۆ گیانفیدایی و ئازایەتی لاوی کورد و ڕووبەرووبوونەوەی ڕژێمی دیکتاتۆر، داستانی بۆ خۆی تۆمار کردووە.
لە ناوەڕاستی شاری سلێمانی بە فەرمانی مودیرییەتی ئەمنی سلێمانی بە پاڵپشتی کۆمەڵێک دەزگای حکومەتی بەعس، لە ٣٠ـی ئەیلوولی ١٩٧٩ کە لەو ساڵەدا سەدام حسێن دەسەڵاتی گرتەدەست، بەردی بناغەی ئەمنەسوورەکە لەسەر ڕووبەری ١٦ هەزار و ٨٨٠ مەتر چوارگۆشە دانرا، کە دیزاینەکەی لەلایەن ئەندازیارانی خۆرهەڵاتی ئەڵمانی ئەوکات نەخشێندراوە.
لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژانەی لەلایەن (مودیرییەتی ئەمنی عام) کە بۆ سەرجەم شارەکانی عێراق جێبەجێکرا، سلێمانیش وەک یەکەم شار ئەم پڕۆژەیەی تێدا جێبەجێکرا، بە قەبارەیەکی گەورەتر بەراورد بە شارەکانی تری عێراق، بەهۆی کاریگەری سیاسی شارەکەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی خەڵکی شاری سلێمانی دروستکرا، چونکە خەڵکی شاری سلێمانی بە شۆرشگێڕ و نیشتیمانپەروەر ناسرابوون.
لەو سەردەمەدا ( ئیدارە محەلی)ـی سلێمانی هەبووە کە سەرپەرشتی بودنیادنانی پڕۆژەکەی کردووە و بە سێ قۆناغ پڕۆژەکە جێبەجێکراوە، قۆناغی یەکەم و دووەم لە سالی ١٩٨٤ لە ڕێگەی (ئیدارە محەلی)ـی سلێمانییەوە جێبەجیکرا، لە سەرەتادا وەک بینایەکی ئاسایی دروست کرا، وەک دەزگایەک دەوامی تێداکراوە، چەند بەندکراوێکی کەمیشی تێدابووە، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٥ بە فەرمی بوو بە ئەمنی عامەی سلێمانی.
پاشان قۆناغی سێیەمی وەک بینایەکی ئاسایی لە سالی ١٩٨٧ دروستکرا، دواتر دەستکاری ئەم بینایەیان کرد و کردیان بە زیندان و بەشی لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجە، کە خەڵکێکی زۆر لەوێ بەندکراون بەتایبەتی قوتابیان و پێشمەرگە کە بەتونترین شێوە ئەشکەنجەدراون وەک ئەشکەنجەی دەروونی، کارەبا، کیبڵ و هەڵواسین کە تاوەکو ئێستاش ئاسەوارەکەی بە دیواری زیندانەکەوە دیارە.

حسێن شێخ کەریم، یەکێک لەو زیندانییانەی ئەمنەسوورەکە، کە ١٧ مانگ لەوێ بەندکراوە، چیرۆکی ژیانی خۆی بۆ ڕۆژنیوز دەگێڕێتەوە کە وەک هەموو پێشمەرگەکانی تر لە ئەرکی نیشتیمان بووە، ئەو لە ڕۆژی ٧/١/١٩٨٧ دەکەوێتە بۆسەیەکی هەواڵگیری لە نێوان ژاراوە و قەلادزێ و دەستگیر دەکریت، لە ساڵی ١٩٨٨ لە هەواڵگیرییەوە گواسراوەتەوە بۆ ئەمنەسوورەکەی سلێمانی و ماوەی ١٧ مانگ لەوێ دەستبەسەرکراوە و توشی هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک بووەتەوە وەک هەڵواسین، کێبڵ و کارەبا هەروەها دەڵێت: زۆربەی ئەو زیندانییانەی کە لەگەڵی بوون لە ڕێکخستن و پێشمەرگەی یەنەکە و لایەنە کوردییەکان و هەندێکی دیکەی شیعە، لەماوەی ٧٠ ڕۆژدا هەزار و ٢٦ هاوڕێی گوللەباران کراون.
دەشڵێت: “لە ماوەی زیندانیکردنمدا هیچ لە هاوڕێکانم تووشی لیپێچینەوە نەکردووە، دووجاریش بڕیاری گوللەبارانکردنم بۆ دەرچووە و جارێکیش لە سێدارەدان لە مانگی کانوونی یەکەمی ١٩٩٢ لە ژووری لەسێدارە دابەزیم بۆ زیندانی هەتا هەتایی و بەهۆی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەوە ئازاد کراوم”، هەروەها گرنگترین یادگاری ناو زیندان کە لەیادی ناچێت لەنێوان خۆی و هاوڕێکەی دابوو، کە هەڵکۆڵینی وێنەی قەبرێک و دارێکە کە لە قەبرەکەدا دەستێک هاتووەتە دەرەوە کلانشینکۆڤی بەدەستەوەیە.
لە ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ و بە دیارییکراوی لە ڕۆژی ٨/٣/١٩٩١ لە کاتژمێر٦:٣٠ـی ئێوارە ئەم باڵەخانەیە بە تەواوەتی ئازادکراوە لە دوای ڕاپەڕینەوە ئاوارەکانی کەرکووک، خانەقین و گەرمیانی تێدا نیشتەجیکران تا ساڵی ١٩٩٦ دواتر لەسەر داوای هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کراوە بە مۆزەخانە.
جێگای ئاماژەیە تاکوئێستا نەزاندراوە ژمارەی زیندانییانی ئەمنەسوورەکە چەندە کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار یەکەم زیندانییان لە ئەمنەسوورەکە لەژێر ئەشکەنجەدا لێکۆڵینەوەیان لێدەکرا و دواتر دەگوازرانەوە بۆ زیندانەکانی خوارووی عێراق، دووەم هۆکاریش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە کاتی ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ـدا بەهۆی ئەوەی ئاگرکەوتووەتەوە لە ناو بیناکە، ئەوەش وایکرد بەشێکی زۆری بەڵگەنامەکان لەناوبچن.

لەم بارەیەوە دڵشاد مەجید، بەڕێوەبەری هونەریی و ئەرشیڤی مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکە، وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنیوزی دایەوە.
ڕۆژنیوز: بینای ئەمنەسوورەکە بۆ چی مەبەستێک دروستکرا؟
دڵشاد مەجید: زۆربەی کارەکان بە نهێنی دەکران، لە کاتی دروستکردنی بیناکەش وا لەنێو خەڵکی بڵاوکرابوویەوە، کە بیناکە دەکرێتە بەشی کشتوکاڵ، دەیانویست لەژێر ئەم ناوەوە بەردەوام بن لە بونیادنانی بیناکە، دواتر خەڵکی زانیان کە بیناکە بۆ مودیرییەتی ئەمن درووست دەکرێت.
ڕۆژنیوز: بۆچی ناوی ئەمنەسوورەکەی لێندرا؟
دڵشاد مەجید: ناوی فەرمی خۆی (مودیرییەتی ئەمنی عام)ـە کە بە مودیرییەتی ئەمنی سلێمانی ناسرابوو، لەناو شاریشدا چەندین شوێنیتر هەبوو بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی وەک (ئەمنی بەلدە، تەوارییەکە، بەشی هەواڵگیری، سەربازگەی حامی و چەندانی تر..)، هەروەها کە لە لایەن خەڵکەوە پێی گوتراوە ئەمنەسوورەکە، وشەی (سوورەکە)، لەبەرئەوەی کە ڕەنگی تایبەتی دیوارەکانی بیناکەیە کە بە ڕەنگی سوور یان بە گڵی سوور داپۆشراوە بۆیە ئەم ناوە لەگەڵ ئەم باڵەخانەیە گونجاو بووە و بەو شێوەیە ناو نراوە، کە ئەمەش لای خەڵک وەک سیمبولێک بووە بۆ ڕەنگی خوێن، بۆیە هەر بەم ناوە ناسراوە.
ڕۆژنیوز: بۆچی خەڵکی دەترسان لە ئەمنەسوورەکە نزیک بکەونەوە؟
دڵشاد مەجید: لە پێشوودا، بەشی سەرەوەی بیناکە هەمووی بنکە سەربازییەکانی حکومەت بوون، بەڵام لە بەشی خوارەوە و بەرامبەریدا ماڵ هەبووە و خەڵکی تیایدا دەژیان، بۆ ئەمنییەتێکی توندی ئێرە هەمیشە مەفرەزە و هێزێکی زۆریان بڵاوەپێکردووە، بۆ ئەوەی خەڵکی نەوێرن بە چاوێکی ئاسایی سەیری بیناکە بکەن، بە تایبەتی لە ١٩٨٨ تاکو کاتی ڕاپەڕینەکە، خەڵکی دەترسان لەوەی سەردانی ماڵە خزمەکانیان بکەن کە نزیک ئەمنەسوورەکەوە بوون، بە هۆی ئەو هێزە زۆرەی کە بڵاوەی پێکرابوو لە ناوچەکە.
ڕۆژنیوز: ئەمنەسوورەکە لە چەند بەش پێکدێت؟
دڵشاد مەجید: پێشتر وەک ئیدارەی ئەمنی سلێمانی چەند مودیرییەتێکی ئەمنی تێدا درووستکراوە وەک (ئەمنی ئیقتیساد، ئەمنی سیاسی، ئەمنی ئینشائی، ئەمنی طابیئە هەبووە کە سەرپەرشتی دەزگا ڕاگەیاندنەکان و کتێبەکانیان کردووە) لەژێر ئەم ناوانەدا ئیدارەی ئەمنی سلێمانی بەڕێوەچووە، بەڵام لە ئێستادا لە ١١ بەش پێکهاتووە کە ١٠ـیان مۆزەخانەن.
مۆزەخانەی جینۆساید
گرنگترین بەش لە ئەمنەسوورەکەدا مۆزەخانەی جینۆساید ی کوردییە، کە ڕووبەرەکەی (٥٥٠)م٢ ، بە چوار نهۆم و ژێرزەمینێک لە ساڵی (١٩٧٩-١٩٨٣) لەلایەن ڕژێمی ڕووخاوی بەعس لە قۆناغی یەکەم تەواوکراوە، لە نهۆمی یەکەمدا بەشێکی تایبەت بوو بە بەڕێوەبەرایەتی و ژێرزەمینەکەشی وەک زیندان بەکارهاتووە، تا ئەوکاتەی بەشی زیندانەکان لەناو ئەمنەسوورەکە تەواو کرا.
لە ئێستادا بڕیاردراوە بکرێتە مۆزەخانەی جینۆساید بۆ پیشاندانی ئەو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدانەی کە بەسەر گەلی کورد و جیهاندا هاتووە.
مۆزەخانەی پێشمەرگە
ئەم باڵەخانەیە لەسەر ڕووبەری (٣٧٠)م٢ بونیادنراوە، لە ١٦ ژوور پێکهاتووە و لە ساڵی ١٩٨٤ لە قۆناغی دووەم لە لایەن ڕژێمی بەعس تەواوکرا، بەشی بەڕێوەبردنی ئەمنی ئینشائیی سنووری سلێمانی لە خۆگرتبوو، بۆ کۆنتڕۆڵکردن و چاودێری کردنی هەموو جۆرە بونیادنانێک.
ئێستا تایبەتکراوە بە مۆزەخانەی پێشمەرگە کە وێنە و کەلوپەل و یادگاری و چالاکی شاخ و ناوی شەهیدان، پەیکەر و کەرەستەی پێشمەرگە، ڕێکخستنەکان لە شۆڕشی نوێدا نمایشکراوە.
مۆزەخانەی کۆڕەو
لە هۆڵێک پێکهاتووە و لەسەر ڕووبەری (١٩٠)م٢ دروستکراوە لە سەردەمی ڕژێمی ڕووخاوی بەعس، شوێنی نوستن و حەوانەوەی کارمەندانی سەربازی ئەمنەسوورەکە بووە کە لە قۆناغی دووەمدا دروست کراوە، ئێستا کراوە بە مۆزەخانەی کۆڕەو، کە تایبەت کراوە بۆ نمایشکردنی وێنە و مێژووی کۆڕەوە مەزنەکەی گەلی باشووری کوردستان کە زیاتر لە سێ ملیۆن کورد لە باشووری کوردستانەوە بەرەو باکووری و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆچیان کرد، هەروەها کاری دیزاینی لەلایەن ئاکۆ غەریب بۆ کراوە و لە ساڵی ٢٠٠٧ لە لایەن ستافی تایبەتی مۆزەخانە دەست کرا بەکارکردن تێیدا و لە ١٦/٤/٢٠١٢ بە ڕووی میواناندا کرایەوە.
مۆزەخانەی مین
لە هۆڵێک پێکهاتووە و لەسەر ڕووبەری (١٩٠)م٢ دروستکراوە لە سەردەمی ڕژێمی ڕووخاوی بەعسدا شوێنی نوستن و حەوانەوەی کارمەندانی سەربازی ئەمنەسوورەکە بووە کە لە قۆناغی دووەمدا دروست کراوە.
ئێستا کراوە بە مۆزەخانەی مین، بەوناوەوە ناونراوە کە لە ئێستا و لە داهاتووشدا هاوڵاتییان بەهۆی مینی چێندراوی ڕژێمی بەعسەوە دەبنە قووربانی یاخوود بەشێکی جەستەیان بەهۆیەوە لەدەست دەدەن، کە نمایشی هەموو ئەو جۆرە مینانەی کە لە ساڵی ١٩٦٠ لە چیاکانی کوردستان و سەر سنوورەکان دانرابوون و بوونەتە گەورەترین مەترسی مەرگ بۆ سەر خەڵکی مەدەنی گوندەکانی کوردستان، لەگەڵ دیاریکردنی ئەو وڵاتانەی کە مینیان بە عێراق فرۆشتووە و ئەو وڵاتانەی کە بەشداربوون لە پاککردنەوەی هەرێمی کوردستان لە مین، هەروەها ناوی هەزاران شەهیدی قوربانی مینی تێدا نمایشکراوە.
مۆزەخانەی ئەنفاڵ
مۆزەخانەی ئەنفال لە دوو نهۆمی لێکدراو پێکهاتووە، لەسەر ڕووبەری (١٩٠)٢ لە قۆناغی دووەمدا دروست کراوە، کە پێشتر شوێنی حەوانەوەی کارمەندانی سەربازیی ئەمنەکان بووە.
لە ڕۆژی ٢٦ـی کانوونی دووەم ٢٠١٣ لە لایەن ستافی تایبەتی مۆزەخانە دەستکرا بە نۆژەنکردنەوەی، هاوشێوەی بەشەکانیتر کاری دیزاینی لەلایەن ئاکۆ غەریب بۆکراوە، لە ١٨ـی تشرینی دووەمی ٢٠١٤ کارکردن تێیدا تەواو بووە و بە ڕووی میواناندا کراوەتەوە، کە ناوی شەهیدانی ئەنفال و کۆمەڵێک کەرەستە و دیکۆمێنتاری ئەو کۆمەڵکوژییەی تێدا نماشکراوە، کە لە ١٨ شووباتی ١٩٨٨ هەتا ٦ـی ئەیلوولی ١٩٨٨ ئەنجامدراوە، کە بەهۆیەوە نزیکەی ١٨٢ هەزار کوردی بێتاوان ئەنفالکران.
مۆزەخانەی شەهیدانی شەڕ دژی تیرۆرستانی داعش
هاوشێوەی بەشەکانی تر لەسەر ڕووبەری (١٩٠)م٢ دروست کراوە لەسەردەمی بەعسدا شوێنی حەوانەوەی کارمەندانی سەربازیی بووە.
لە ئێستادا نمایشی ناو و وێنەی شەهیدانی هەرچوار بەشی کوردستان لە شەڕی دژ بە داعشدا گیانی خۆیان بەخشی کراوە، لەگەڵ بەشێک لە کەرەستە و جلوبەرگی شەهیدان و ئەو کەرەستانەی چەتەکانی داعش کە دەستیان بەسەردا گیراوە، هاوکات وێنەی ڕۆژنامەنووسە شەهیدەکان کە لە جەنگی بەرگرییدا شەهیدبوون، باس لە و ڕووداوانەش دەکات کە لە عەفرین تاکو خانەقین لە خاکی کوردستان ڕوویدا کە کورد ئەوکات نوێنەرایەتی هەموو جیهانی دەکرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەتەکانی داعش.
مۆزەخانەی خۆڕاگریی
لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، لەسەر ڕووبەری (٣٢٠)م٢ دروستکراوە و لە حەوت ژوور پێکهاتووە و بریتی بووە لە بەشی لێکۆلینەوە و بەرێوەبردنی زیندانییەکان کە هەر ژوورێک تایبەت بوو بە بەڕێوەبەر و ئەفسەرانی لێکۆلینەوە و حاکمی کارتۆنی.
بەڵام لە ئێستادا تایبەت کراوە بە زیندانییانی سیاسی، باس لە ئازار و ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی ئەو کەسانە دەکات کە گیرابوون، کاری دیزاینی لە لایەن ئاکۆ غەریب بۆکراوە و لە ساڵی ٢٠١٧ دەست کراوە بە کارکردن تێیدا و لە ١٩ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ـدا بە ڕووی گەشتیاراندا کرایەوە.
مۆزەخانەی کەلەپووری کوردی
لەسەر ڕووبەری (٣٥٠)م٢ و بەسێ نهۆم لە قۆناغی دووەم لە ساڵی ١٩٨٤ دروستکراوە کە پیشتر بەشی کۆنتڕۆڵکردنی حالەتی ئەمنی بووە لە شاری سلێمانی، هەر لەم بەشەدا چاودێری چاپەمەنییەکانی شاری سلێمانی تێدا بووە.
لە ئێستادا کراوە بە مۆزەخانەی کەلتووری کوردی کە نمایشی فەرش و جلوبەرگ، موتومورووی کەرەستەی فۆلکلۆری کوردی تێدا دەکرێت، لە ٢١ـی ئاداری ٢٠٠٩ کراوەتەوە.
مۆزەخانەی زیندانەکان
لە ساڵی ١٩٨٧ لە قۆناغی سێیەمدا، لەسەر ڕووبەری (٦٣٠)م٢ سەرەتا وەک بینایەکی ئاسایی دروست کرا، دواتر لە ڕێگەی وەستای گرێدراوی خۆیانەوە دیزاینی ئەم بینایە گۆڕا بۆ زیندان کە لە دوو نهۆم پێکهاتووە و ناسراوە بە بەشی زیندانەکان، کە زیندانی ژنان، مندالان، پیاوان و بەشی تاکەکەسی و ئەشکەنجەدان بووە.
لە ئێستاشدا بەشەکانی ئەم زیندانییە وەک خۆی ماوەتەوە و یادگاری و نووسینەکانی زیندانییانی تێدا پارێزراوە، هەروەها چەندین پەیکەری تێدا نماییشکراوە، کە شێوازی ئازار و ئەشکەنجەی زیندانییەکان بووە، لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا دەست کرا بە چاکردنی و هەرهەمان ساڵ بەڕووی میوانان کرایەوە.
مۆزەخانەی ئاوێنەکان
بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی سلێمانی ئەم ڕاڕەوەی لکاندبوو بە پرسگەیەکی تایبەت کە تەرخان کرابوو بۆ هاتوچۆی ئەفسەران و کارمەندان و جاسووسەکان، کە درێژیەکەی ٥٧ مەترە و لە قۆناغی یەکەم دروست کراوە.
بەڵام ئێستا لە شێوازی ئەشکەوت دایە و بیرۆکەکەی لە لایەن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە داڕێژراوە بەومانایەی کە لە سەردەمی شۆڕشدا ئەشکەوتەکان ببوونە پەناگەیەکی باش بۆ خۆحەشاردانی پێشمەرگەکان لە چاوی دوژمن، هەروەها دیوارەکانی ڕووپۆش کراوە بە ١٨٢ هەزار پارچە ئاوێنە کە سیمبولە بۆ ژمارەی ئەنفالکراوان، سەقفەکەشی داپۆشراوە بە زیاتر لە پێنج هەزار گڵۆپ کە سیمبولە بۆ ژمارەی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە.
لەساڵی ٢٠٠٢ دەستکرا بەدروستکردنی مۆزەخانەی ئاوێنەکان لە ساڵی ٢٠٠٤ کرایەوە.
جگە لەمۆزەخانەکان لەناو ئەمنەسوورەکەدا چەند بەشێکی تری لێجیابووەتەوە ئەوانش:-
گۆڕەپانی چەکە قورسەکان
لە سەردەمی ڕژێمی ڕووخاودا گۆڕەپانێکی ئاسایی بووە کە ڕووبەرەکەی (١٥٠٠)م٢ـیە، لە ڕاپەڕینی ١٩٩١ ئەم گۆڕەپانە هەڵدراوەتەوە، چونکە لەلایەن خەڵک و پێشمەرگە گومان دەکرا زیندان و ڕاڕەوی نهێنی تێدابێت بەڵام بە پێچەوانەی گومانەکان هیچ شتێکی تێدا نەبوو.
لە ٢٠٠٤ـدا کراوە بە شوێنی نمایشکردنی ئەو تانک و تۆپە سەربازییانەی کە بۆ جینۆسایدکردنی کورد بەکارهاتوون، یەکێک لە پەیکەرەکانی سەدام حسێن کە لەسەردەمی خۆی نمایشی دەکرد لە شارەکان بە ڕووخاوی نیشاندراوە.
نووسینگەی مۆزەخانە
لەسەر ڕووبەری (٢٥٠)م٢ لە قۆناغی یەکەم بونیادنراوە کە لە دوو نهۆم پێک دێت، نهۆمی یەکەم ڕێستۆرانتی تایبەت بە بەڕێوەبەر و ئەفسەرانی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو و نهۆمی دووەمیش لە هۆلەکانی کۆبوونەوە پێکهاتووە.
لە ساڵی ١٩٩٩ وەک یەکەم هەنگاوی دروستکردنی مۆزەخانە دەستکرا بە نۆژەنکردنەوەی ئەم بینایە و لە ئێستادا نهۆمی یەکەمی بەڕێوەبەرایەتی مۆزەخانە و نهۆمی دووەمی کراوە بە کتێبخانە.
هۆڵی سینەمای یەڵماز گۆنای
ئەم بەشە لە دوو نهۆم پێک دێت کە ڕووبەرەکەی (١٩٠)م٢، کاتی خۆی شوێنی حەوانەوەی کەرمەندە سەربازییەکانی ئەمنەسوورەکە بووە لە قۆناغی دووەمدا دروست کراوە.
لە ساڵی ٢٠٠٥، لە لایەن و ستافی تایبەتی مۆزەخانە دەستکرا بەدروستکردنی ئەم هۆڵە لە ٢١ـی ئاداری ٢٠٠٩ کراوەتەوە زیاتر لە ١٠٠ کورسی تێدایە و بۆ نماشکردنی فیلمی دیکیۆمێنتاری و فیستیڤاڵ و چالاکی هونەری ناوخۆیی و جیهانی لێ ئەنجام دەدرێت.
بەناوی یەلماز گۆنای هونەرمەند و دەرهینەری باکووری کوردستان کە توانیویەتی خەڵاتی کان بۆ فلمی (ڕێگا-یۆڵ) بەرێتەوە، لە فەرەنسا.
هۆڵی گەلەری
لە قۆناغی دووەم و لەسەر ڕووبەری (٩٥٠)م٢ دروست کراوە بۆ گەراجی ئۆتۆمبێلەکانی کارمەندان و ئەفسەراکانیان بەکار هاتووە.
لە ئێستادا بۆ نمایشیکردنی کاری هونەریی هونەرمەندانی شێوەکار لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانی بەکاردەهێندرێت، لە ساڵی ٢٠٠٣ـدا دەستکراوە بە کارکردن تێیدا و لە سالی ٢٠٠٤ تەواو کراوە.
کۆفی نێت
لە سەردەمی ڕژێمی ڕووخاوی بەعسدا لە ساڵی ١٩٨٤ لە قۆناغی دووەم و لەسەر ڕووبەری (٣٧٠)م٢ دروست کراوە و چێشتخانەی ئەمنەکان بووە.
ئێستا کراوە بە کافتریا بۆ میوانانی مۆزەخانە و ئێواران تایبەت کراوە بە کۆڕی شیعر، ناساندنی پەرتووکی نووسەرانی کورد و شاعیران و ڕۆشنبیرانی گەلی کورد.
ئ پ
Comments are closed.