ڕێژەی ئاگرکەوتنەوە لە بنگرددا بەرزبووەتەوە و شارەدێکەش بنکەی ئاگرکوژێنەوەی نییە

ڕاپەڕین

شەوی ڕابردوو لە نزیک گوندی بەردەکۆز لە شارەدێی بنگرد ئۆتۆمبێلێکی گڕی گرت و  بە هۆیەوە پەرێز و پووش و پاوانی زۆری ناوچەکە سووتا و بەیانی ئەمڕۆش جارێکی دیکە ئاگر لە شارەدێکە کەوتەوە بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە شارەدێکە بنکەی ئاگرکوژێنەوەی نییە.

هەرچەندە شارەدێی بنگرد لە ڕووی ئیدارییەوە سەربە شارۆچکەی دووکانە لە پارێزگای سلێمانی، بەڵام بەهۆی ئەوەی بنکەی ئاگرکوژێنەوەی نییە، لە حاڵەتەکانی کەوتنەوەی ئاگر تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی بتوێن و پشدەر لە ئیدارەی ڕاپەڕین خۆیان دەگەیەنن بە سنوورەکە.

عەلی قادر وتەبێژی بەرگریی شارستانیی ڕاپەڕین بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، شارەدێی بنگرد سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئێمە نییە و سەر بە دووکانە بەڵام بنکەی کێوەڕەش، ڕانیە، سەنگەسەر هەموو چوون بۆکوژاندنەوەی ئاگرەکان.

ڕۆژنیوز هەوڵیدا پەیوەندی مامۆستا محەمەد عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری شارەدێی بنگردەوە بکات بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو.

شارەدێی بنگرد یەکێکە لە شەش شارەدێکانی شارۆچکەی دووکان لە پارێزگای سلێمانی، لە ڕووی ڕووبەرەوە لە ڕیزبەندی یەکەمە و لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانیشەوە لە ڕیزبەندی سێیەمە لە ئاستی شەش شارەدێکەی دووکان، بەڵام تا ئێستا بنکەی ئاگرکوژێنەوەی نییە.

ب. جـ

Comments are closed.