ناوەندی هەواڵەکان
لە کرماشان پێشانگایەکی هونەری بۆ خوێندکاران کراوەتەوە و ٢١ هونەرمەندی گەنج بەشداری تیدا کردووە و تا ١١ـی حوزەیرانی ئەمساڵ بەردەوام دەبیت، لە پێشانگاکەدا ئاماژە بە کەلتوور و کۆمەڵایەتی ناوچەکە دراوە.
لە گەلەری بەلووتی شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناونیشانی “یادەوەری، لەبیرچوونەوە” یەکەمین پێشانگای هونەریی خوێندکارانی گەنجی مێهروەرزان بەڕێوەدەچێت کە لە ٦ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا کرایەوە و تا ١١ـی حوزەیرانی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
لە پێشانگاکەدا ٤٠ تابلۆی ٢١ هونەرمەندی گەنج نمایشکراوە، هەروەها تابلۆکان بە هاوکاری ڕۆزین خەسرەوی هونەرمەند و مامۆستای هونەر درووستکراون.
هاوکات کارە هونەرییەکان ئاماژە بە خەم، خۆشی، هیوا و ڕەسەنایەتی ژیانی خەڵکی کرماشان دەکات و باس لە کەلتوور و کۆمەڵایەتی ناوچەکە دەکات، تیڕوانینێک نەک تەنها ئیلهام لە ڕابردوو وەردەگرن بەڵکو هەوڵ دەدەن مانای هاوچەرخی ژیان لە چوارچێوەی دابونەریت و ناسنامەدا بدۆزنەوە.
جێگای ئاماژەیە، لە ساڵی ٢٠٢٠ گەلەری “بەلووت” لە شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە، لەو کاتەوە وەک یەکێک لە ناوەندە هونەرییە چالاکەکان ناسراوە و ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە برەودان بە کەلتوور و هونەری ناوچەکە بە ئەنجامدانی پێشانگای جۆراوجۆر لە بوارە جۆراوجۆرەکانی هونەری بینراو لەوانە وێنەکێشان و خۆشنووسی و فۆتۆگرافی و پیشە دەستییەکان.
س.خ
Comments are closed.