ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ دوو ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر تیرۆرکردنی وڵاتپارێز و ئازادییخواز حسێن ئاراساندا، ئازادییخوازێک کە بۆ ئازادیی گەلی کورد و ناساندنی فکری ڕێبەر ئاپۆ سنوورەکانى هەڵوەشاندەوە، بەڵام دووژمنانی ئازادیی دەستیان چووە خوێنی گەشییەوە و کۆتاییان بە ژیانی هێنا.
دوو ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژی ٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢٣ دەزگای هەواڵگیری میت بە هاوکاری بە کرێگیراوەکانى، حسێن ئاراسانى وڵاتپارێز و ئازادیخوازیان لە شاری سلێمانی شەهید کرد و بکوژەکانى لەناو چاوی تیژی هەزاران هێزی ئەمنی و هەزاران کامێرای چاودێری وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون و دەستگیر نەکران.
حسێن ئاراسان کێ بوو؟
حسێن ئاراسان، وڵاتپارێزێکی باکووری کوردستان بوو، کە لە ساڵی ١٩٧٨ لە ئیزمیری تورکیا لە دایکبوو، بەڵام خانەوادەکەی لە بنەڕەتەوە خەڵکی گوندی دەنگیزای سەر بە ناوچەی ستەورێی شاری مێردینن لە باکووری کوردستان، هێشتا ئەو لە دایک نەبووە کە خانەوادەکەی کۆچیان کردووە بۆ شاری ئیزمیر.
ئاراسان ناوی باوکی عەرەبە و دایکیشی سارێیە، کۆچکردنیان بۆ ناوەندی تورکە فاشیستەکان هیچکات لە تێکۆشان ساردیان ناکاتەوە و وەک خانەوادەیەکی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەر بوێرانە بەرگریی لە فکری ڕێبەر ئاپۆ و کوردایەتى دەکەنەوە، لەسەر ئەو بنەمایەش حسێن لەو خانەوادەیە پەروەردە دەکرێت.
حسێن ناچارە بەهۆی هەژاریی خێزانەکەیەوە لەتەمەنێکی کەمەوە دەست بە کارکردن و پەیداکردنی بژێویی بکات، هەم کاردەکات هەم خۆی پێشدەخات، لە ئەنجامی لێگەڕینەکانیدا بە فکری ڕێبەر ئۆجالان ئاشنا دەبێت.
حسێن ئاراسان و دەستپێکی تێکۆشان
لە ساڵی ١٩٩٠ـدا، کاتێک تێکۆشانی نەتەوەی کورد لەناو باکووری کوردستان تاو دەستێنێ و بەهێزدەبێت، ئاراسان و خێزانەکەشی دەبنە بەشێک لەو تێکۆشانە، بەمەش تادەهات فشارەکانی دەوڵەت توندتر و دژوارتر دەبوو لەسەریان.
یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانى ئاراسان گەیاندن و بڵاوکردەوەى فکری ڕێبەر ئاپۆ و ڕێبازی گەریلا دەبێت، ئەو ماڵ بە ماڵ و گەڕەک بە گەڕەک دەست بە کاری ڕێکخستن دەکات، لەو کاتانەدا ئاشنایەتى بە فکری ڕێبەر ئاپۆ بە سەرکەوتووانە بڵاودەکاتەوە و دەیگەیەنێتە گەل.
بەهۆی ئاشکرابوونى وەک وڵاتپارێزێکی ڕێبازی ئاپۆ و فشارەکانى دەوڵەتى تورک لە ساڵی ١٩٩٠ برایەکی حسێن ئاراسان بڕیاردەدات ڕوو لە چیا ئازادەکان بکات و بەشداریی ناو ڕیزەکانی گەریلا دەبێت، بەمەش بەرپرسیارێتی حسێن قورستر دەبێت.
ئاراسان ساڵی ٢٠١٣ بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە ڕێکخستن” دەستگیر دەکرێت و سزای نۆ ساڵ زیندانیی بەسەردا دەسەپێندرێت، بەڵام بەهۆی لێخۆشبوونی گشتییەوە، شەش ساڵ لە زیندان تەواو دەکات.
وەک هەر ئازادییخوازێکیتر حسێن ئاراسان زیندان دەکاتە خوێندنگە و ئەکادیمیا بۆ خۆپەروەردە کردن و خۆپێشخستن، ساڵی ٢٠١٩ ئازاد دەبێت، لەوە بەدواش دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و لە هەرێمی بۆتان درێژە بە کار و خەباتی سیاسیی و نەتەوەیی دەدات، یەکێک بووە لە پێشەنگانی درووستکردنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی لە هەرێمی بۆتان.
ئاراسان لە گۆڤاری “ئۆزگور هاڵت”ـەوە دەست بە نووسین دەکات کە گرنگی بە بڵاوکردنەوەی فەلسەفە و تێزەکانی ڕێبەر ئۆجالان دەدات، حسێن ئەرکی بڵاوکردنەوەی گۆڤارەکە لە ناو گەلدا دەگرێتە ئەستۆ.
تێکۆشان لە ئاوارەییدا
لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢١ ئاراسان هەرێمی بۆتان جێدەهێڵێت و دەچێتە یۆنان و لە کامپی کۆچبەران دەمێنێتەوە، لەوێ دەستدەکاتەوە بە چالاکییەکانی ڕێکخستن و گەنجان بۆ ئەو ڕێبازی ئاپۆییە بانگهێشت دەکات و فکری ڕێبەر ئاپۆیان پێ ئاشنا دەکات.
وەک چالاکترین وڵاتپارێز و ڕێکخستن لە کامپەینەکانی ئازادکردنی ڕێبەر ئۆجالان، ڕۆڵی شۆڕشگێڕ و پێشەنگێک دەگێڕێت بۆ پەنابەرانی ئەو وڵاتە، هیچ هەوڵ و ماندووبوونێکی بە فیڕۆ ناچێت و هەمیشە دەستکەوتی گرنگی لە چالاکییەکانى ڕێکخستن بەدەستهێناوە.
پێویستییەکانی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد وای پێویست کردووە کە ئاراسان نەچێتە ئەورووپا و ڕوو لە باشووری کوردستان بکات، دواجار ڕووی کردووەتە باشووری کوردستان و لە شاری سلێمانی نیشتەجێ بووە.
لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا لە شاری سلێمانی بەشداریی چالاکییەکان دەبێت و دەشبێتە ئەندامی ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا، کە ناوەندێکە بۆ کۆکردنەوەی پەنابەرانی سیاسیی باکووری نیشتیمان و وڵاتپارێزان.
ئەم وڵاتپارێزە بە هەمان گوڕوتینەوە لە تێکۆشان بۆ ئازادیی بەردەوام دەبێت و ماندوو نابێت و درێژە بەو بیر و باوەڕەی دەدات کە لە تەمەنی گەنجیدا لە مێشکیدا جۆشی دابوو، بەو بیرو باوەڕەوە تێکۆشانى ئازادیی گەلی کوردی گەشاوەتر و بەهێزتر کرد، ئەم گڕووتین و بەهێزییەى ئاراسان وای لە داگیرکەران کرد بیر لە لەناوبردنى بکەنەوە و پیلانی چەپەڵیان بۆ داڕشت.
دواجار حسێن ئاراسان لە ڕۆژی ٩ـی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٣ لە بەردەم ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا لە شاری سلێمانی درایە بەر دەستڕێژی گوللە و پاش ١٧ کاتژمێر مانەوەی لە نەخۆشخانە بە هۆی سەختی برینەکەیەوە شەهیدبوو، بکوژەکانیشی بە بەرچاوی هەزاران هێزی ئەمنیی و بازگەکانەوە، دەربازیان بوو.
هەرچەندە ئەو شوێنەی حسێن ئاراسان دەستڕێژی گوللەی لێکرا، بە کامێرای چاودێر تەنراوە و لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت کەسێک بە جلی سەربازییەوە هێرشی دەکاتە سەر و دواتریش جلە سەربازییەکەی دەکاتە شوێنی تایبەت بە زبڵەوە و پاشان ئاسایش جلوبەرگی ئەو کەسە دەدۆزێتەوە، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵ بێت بکوژەکانى نەدۆزراونەتەوە و دەستگیر نەکراون.
لەگەڵ شەهیدبوونى حسێن ئاراسانی کوردپەوەر تا ئێستا لە باشووری کوردستاندا هەریەک لە “زەکی چەلەبی، مامۆستا شەماڵ، ناگیهان ئاکارسەل، شوکری سەرحەد، حسێن تورەلی، دەنیز جەودەت بولبون، فریال سلێمان، دکتۆر سەبری تۆبراق، فەرهاد بارش” لە شارەکانی باشووری کوردستان تیرۆرکراون.
ئەگەرچی لەدەستدانى ئەو شەهیدانە خەسارەتێکی گەورەیە لە مێژووی تێکۆشانى گەلی کورددا و ناویان لە ئاسمانى کورد و کوردستاندا دەگەشێتەوە، بەڵام ڕێ و ڕێبازییان ڕوون و گەشە و هەزاران گەنجی دیکە بۆ ئەم تێکۆشانە هەستاونەتە سەر پێ و درێژە بەفکر و ڕێبازەکەیان دەدات.
هـ.ح
Comments are closed.