محەمەد جەهادی
نووسەرێکی سوودانی دەڵێت: لەناو دەوڵەت-نەتەوەدا بە هۆی چڕبوونەوەی دەسەڵاتخوازییەوە، ئازادیی بەدەست نەهاتووە، بە پێچەوانەوە، مۆدێلی “نەتەوەی دیموکراتیک”ـی ڕێبەر ئاپۆ، کە پشت بە لامەرکەزییەت و فرەیی سیاسیی و کەلتووریی دەبەستێت، دەرفەتێکی فراوان بۆ ئازادیی و یەکسانیی پێشکەش دەکات.”
نووسەر و توێژەری سوودانی زەکەریا نەمر، لەبارەی قەیران و کێشە و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و پڕۆژەپێشنیاری چارەسەری ڕێبەر ئاپۆ لەژێر ناوی “نەتەوەی دیموکراتیک” لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
زەکەریا نەمر لە بەشێکی چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێت: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، ڕووبەڕووی ئاڵۆزی و ئاڵنگارییەکی گەورە دەبنەوە بەهۆی دابەزینی ئاستی ڕۆشنبیریی، لە ئەنجامی زاڵبوونی کەلتووری بەکاربەر، هاوکات داڕمانی سیستەمی پەروەردەی لیبراڵ و کۆنتڕۆڵکردنی میدیا و کەلتوور لەلایەن نوخبەکانەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، لەناو دەوڵەت-نەتەوەدا بە هۆی چڕبوونەوەی دەسەڵاتخوازییەوە، ئازادیی بەدەست نەهاتووە، بە پێچەوانەوە، مۆدێلی “نەتەوەی دیموکراتیک”ـی ڕێبەر ئاپۆ، کە پشت بە لامەرکەزییەت و فرەیی سیاسیی و کەلتووریی دەبەستێت، دەرفەتێکی فراوان بۆ ئازادیی و یەکسانیی پێشکەش دەکات.”
هەروەها باس لەوە دەکات، ئەو کۆمەڵگایەی تێیدا دەژین ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵ بووەتەوە، کە کاتی نییە، بەڵکو قەیرانێکی بنەڕەتییە و لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی ئاڵۆزی و ناکۆکی مێژوویی و سیاسیی و ئابووریی و کەلتوورییدا درووست بووە، لەم واقیعەدا ڕۆشنبیر بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لە ئەستۆدایە نەک تەنیا وەک دەنگێکی ڕەخنەگرانە بەڵکو دەبێت خاوەنی هۆشیاری و ئامڕازی ڕۆشنبیریی و توانای شیکردنەوە و خستنەڕووی ڕێگاچارەی ئەم قەیرانە بێت، سیستەمە سیاسییەکانی ناوچەکە کە ڕژێمە دیکتاتۆر یان نیمچە دیموکراسییەکان بەسەریدا زاڵە، ڕێگرە لە ئازادیی بیروڕا و ڕادەربڕین، کە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگاکان لەژێر قەیران و سیستەمە سەرکوتکەرەکاندا بژین، زاڵبوون بەسەر ئەم دۆخەدا پێویستی بە هاوپەیمانی نێوان ڕۆشنبیری ڕاستەقینەی خاوەن بوێری ڕۆشنبیریی و توێژە چالاکەکانی کۆمەڵگا؛ وەک گەنجان و ژنان و ڕێکخراو و بزووتنەوە مەدەنییەکان هەیە، کە هیوای بەدەستهێنانی گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی دەخوازن.
ب.گ
Comments are closed.