پڕۆسەیەکی ئامادە یان دەوڵەتێکی لەناکاو؟

نزار بێجان- نووسەر و ڕۆژنامەنووس

من وەکو خۆم ئەم هەنگاوی ئاشتییە لەم کاتەدا بە سێ دانە دەوڵەتی کوردیی کاتی ناگۆڕمەوە! زۆر دەوڵەتی دێرینم دیتن؛ کە چۆن پیسکران و لە پیسیی خۆیاندا پەرشو بڵاوبوون. هەروەها گەلێک دەوڵەتی نوێشیان درووستکرد و بەریاندایە گیانی خەڵک، بەڵام خەمتان نەبێت، بۆ ڕووخاندنی ئەوانیش کاتێک دیاریکراوە و بەزوویی و بەچاوی خۆتان دەبینن، کە چۆن بەڕەکەیان لەژێر پێ دەردێنن و دەیاندەن بە زەویدا.

من لێرەدا دەپرسم؛ ئەو کوردە هەستیار و بەپەلانە، ئەوانەی لە دڵسۆزیی خۆیانەوە چاویان دادەخەن و دەمیان دەکەنەوە و هاواردەکەن و دەڵێن، “نا بۆ پەشیمانی و تەسلیمبوون، بەڵێ بۆ شەڕی چەکداریی و دەوڵەت! ئێمە دەوڵەتی نەتەوەییمان دەوێت.” ئەرێ دەوڵەتێکی چۆن و بۆ کام نەتەوە؟ بۆ ئێزدی، کاکەیی، عەلەوی، گۆران، زازاکی، کرمانج یان سۆران؛ کام گەل و نەتەوە؟ ئازیزانم وەرن بنۆڕنە ڕاستییەکان و کەمێک بەخۆ وەرنەوە؛ ئێوە هێشتاش نەبوون بە نەتەوە، شەرم مەکەن ئەم ڕاستییە ناشاردرێتەوە. چونکە نەتەوەکانیش مەرجی خۆیان هەیە؛ وەک خاک و زمان، کۆنگرە و ئاڵایەک مەرجە. ئێوەش باش دەزانن کە تاوەکو ئەمڕۆش جوگرافیاتان دیار نییە. زمان تێکەڵاوە؛ هەرکەسە و بەگوێرەی ناوچەیەک، بە زاراوە و بنەزاری دایکی خۆی پێویستییەکانی دابیندەکات. ئەرێ کوا کۆنگرە؟ بۆچی ساڵانە بانگەوازی نیشتمانی دەکرێت و هێشتا ئەنجام نەدراوە. ئەگەر ئێوە یەکن خێرە تا ئێستاش بە دەیان ئاڵای جیا جیا هەڵدەکەن؟!

ئیتر پێویستە جڵەوی هەستە کاتییەکانی خۆتان بکەن و بێن ڕاستییەکان ببینن،کە چی ڕوویدا و ڕوودەدات و لەوانەیە ڕووبدات. مەگەر بیرتان نایە، کە چۆن پیاوانی خاوەن پڕۆژەی یەکسانی، لینین و شاگردەکانی دوو دەوڵەتی کاتییان بۆ ئێوە دروستکرد؟ پاشانیش لەپێناوبەرژەوەندییەکانی خۆیان هەردووکیانیان لەناوبرد و ئێوەشیان بە نەیارەکانتان فرۆشت؟

سەبارەت بە ناو و ناسنامەی ئێوەش خۆیان کەڕ و لاڵ کرد و ئێوەیان وەک”گەل” و “نەتەوە” نەبینی و نەناسی. ئەگەر بەم دواییەش یەکێک بڵێت “ئێمە ئێوە دەناسین” باوەڕی پێ مەکەن، چونکە هەر هێندەی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەتانناسێت و بەس.

بۆ نموونە: ماوەیەک لەمەوبەر لەسەر شاشەی تیڤییەکان بەدەیان شرۆڤەکاری سیاسی و رۆژنامەنووسی بیانی ئەوانەی لەو سەدساڵەدا، لە پاڵ حیزبە کلاسیکییەکانی ئێوەدا دەیانگوت: “راستە ئەو کۆمەڵە چەکدارە جەنگاوەربوون و لە شەڕەکاندا تەقەیان دەکرد و بەخۆیان دەگووت ‘کورد’. بەڵام نە ئێمە و نە هیچ دەوڵەتێکی زلهێز ئەوانی وەک ‘نەتەوە’ نەدەدیت؛ لەبەرئەوەی زیاتر لە بەرگی عەشرەتدا بوون و بەناوی ‘سەرۆک عەشرەت’ خۆیان دەناساند”. هەربۆیە من نامەوێت کەس سێ دەوڵەتی کوردیی ساختە و بێ بنەمام بۆ دروستبکات:وەکو “کوردستانی سوور” و “کۆماری کوردستان”، کەی ویستی بیڕوخێنێت. رووخاندن؛ یانیش وەکو “ئەزموونی باشوور” کە چۆن لەناکاولەسەر سیستمی مۆبۆکراسی (دیموکراسی بەراوەژوو) پێکیانهێنا و دایانە دەستی دوو بنەماڵە. لەبەرئەوەی هەردوو بنەماڵە نەشارەزابوون و پەروەردەیان هی بەڕێوەبردنی وڵات نەبوو، وەک دووباندی مافیا لەسەرەتاوە دەستیان بە گەندەڵی جۆر بەجۆر کرد، هەموو شتێکیان بۆ خۆیان دزی و دایان بە نەیارەکانیان. هەروەها، بەریان بە کلتوور و هونەریش گرت. دوای ئەوەی خۆیان وەک دەسەڵاتدار بینی، هاربوون و بەربوونە گیانی خەڵک؛ دەستیان بە شەڕی چینایەتی کرد و بوونە جەلادی یەکتر. بۆ شاردنەوەی ناشرینییەکانی خۆیان، بە سەدان زانا و بیرمەندیان تیرۆر کرد و کۆمەڵکوژی دوای کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا.

زیندانەکانیان پڕکرد لە کەسانی دڵسۆز و چالاک و رۆژنامەنووسی ئازاد، شتێک کە رژێمیپێش خۆیان نەیکردبوو، ئەوان کردیان و ئێستاش وەک مستیلەیەکن لە دەستی هەموو نەیار و داگیرکەراندا. هەربۆیە من دەوڵەتێکی لەم شێوەیەم ناوێت، نا ئازیزم نامەوێت، با لێرەداقسەیەکی شەهید هەڤاڵ فواد بەو پڕۆسەی ئاشتییەوە ببەستمەوە. کاتێک هەڤاڵ فواد ڕەخنەی لە مێژووی هەڵبەستراو دەگرت دەیگوت: “من خۆم دەچم و بەدەستی خۆشم هاتنی خۆم دەنووسم.” ئینجا ئەمڕۆ کاتی ئەم نووسینە هاتووە.

پێویستە لە ژێر هەموو نووسینەکاندا سوپاسی بیکەیسی بکرێت. ئەو بیکەیسییەی کە نەوەستا و دوژمنی ناچارکرد، ئەوەی ئێمەی لەگۆڕ دەرهێنا و خستینییە سەر مێز.لەمەودوا ئەگەر بتانەوێت دەتوانن، ئازادیی زیندانییەکان بکەن بە مەرجی سەرەکی. کۆڕ و کۆبوونەوە ئەنجامبدەن، ڕێخراو درووستبکەن، ببنە یەک دەنگ، ببنە کورد و دەنگی خۆتان بدەن بە خۆتان. زمانەکەتان ستاندارد بکەن و ببنە بانگەوازی بە نەتەوەبوون و کۆنگرەی خۆتان ئەنجام بدەن، ئاڵایەک بۆ خۆتان بنەخشێنن، ببن بە نەتەوە و گەل و پاشان بڵێن “دەوڵەت، دەوڵەت”.

منیش هیوادارم کە ئەم هەنگاوە، بۆ گەشەسەندنی گەلان و چالاکبوونی کوردان ببێتە چارەسەرێکی سەرەکی و کۆتایی بە ڕژێمی فاشیست و ستەمکار بهێنێت.

ئەوە ڕوونە کە لەم ڕێککەوتنەدا، کورد لە یارییەکی شەتڕەنجدایە، کە یان کش دەکات یان کش و مات، جا بۆیە زۆر خەم مەخۆن، ئیدی دۆڕان بوونی نییە، یان سەرکەوتن یان سەرکەوتن.

ب.گ

ئەم وتارە ڕاوبۆچوونی نووسەر خۆیەتی.

Comments are closed.