شیلادزێ
لە ڕۆژانی جەژندا سەیرانگاکانی سنوری دهۆک ببونە جێگای حەوانەوەی گەشتیارانی ناوەڕاست و باشوری عێراق و هاوڵاتییەکیش دەڵێت: ئەگەر کێشەی مووچەمان نەبوایە دڵنیام ژمارەی خەڵکی خۆمان لێرە زیاتر دەبوون، کرێکارێکیش دەڵێت: ئەگەر مووچە دابەش بكرێت، ئەوا کێشەی ئێمەش چارەسەر دەبێت و دەتوانین وەک گەشتیارانی خوارووی عێراق گەشت بکەین.
جەژنی قوربانی ئەمساڵ بە هۆی بێ مووچەیی و دۆخی خراپی ئابووری هاوڵاتیان جیاوازتر لە هەموو ساڵانی پێشوو بەڕێوەچوو، ئەوەی لە ئێستادا بووەتە جێگای سەرنج ئەوەیە بەهۆی قەیرانی داراییەوە هاوڵاتیانی هەرێم نەیانتوانیووە هاوشێوەی ساڵانی پێشوو سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان بکەن، لە بەرامبەردا ڕێژەیەکی زۆر لە گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتونەتە هەرێمی کوردستان.
سەیرانگاكانی سنوری شیلادزێ لە سنوری دهۆك لەو شوێنە گەشتیاریانەن، کە ڕێژەیەکی بەرچاو گەشتیار ڕووی تێدەکەن، بەڵام لەمساڵدا کەمترین گەشتیاری هەرێم ڕویان تێکردووە، لەو بارەیەوە هاوڵاتیانی شیلادزێ بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
عەبدوڵا عەزیز هاوڵاتییەکی شیلادزێیە و دەڵێت: وەک موچەخۆری حکومەت کاتێك سەرنج دەدەم زۆربەی ئەو گەشتیارانەی، کە دێن خەڵكی خواروو و ناوەڕاستی عێراقن، چونکە ئەوان هیچ کێشەیەکی مووچەیان نییە، خەڵکی خۆمان کەم دێنە سەیرانگاکان، ئەوەش ستەمێكی گەورەیە، کە لە خەڵکی ئێمە دەکرێت بەتایبەت لە فەرمانبەران، ئەگەر کێشەی مووچەمان نەبوایە دڵنیام ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی خۆمان لێرە دەبوون.

ئاریان شیلادزێی، پیشەی کرێکارییە و خەڵکی شیلادزێیە و دەڵێت: لێرە کار دەکەین و زۆربەی زۆری گەشتیارەکانمان خەڵكی ناوەڕاست و باشوری عێراقن، كە دێنە ئێرە بۆ گەشتکردن.
دەشڵێت: ئەگەر مووچە دابەش بكرێت، ئەوا کێشەی ئێمەش چارەسەر دەبێت و دەتوانین وەک گەشتیارانی خوارووی عێراق گەشت بکەین.

ئـ. پـ
Comments are closed.