“داهاتی پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵی دەروازە سنوورییەكان ترلیۆنێك دیناری تێپەڕاندووە”

ناوەندی هەواڵەكان

بەڕێوەبەری گشتنی دەروازە سنوورییەكانی عێراق ڕایگەیاند، كۆی داهاتی پێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵی دەروازە سنوورییەكان زیاتر لە یەك ترلیۆن دینار بووە، تەنها لە مانگی ڕابردوودا داهاتیان ٢٧٤ ملیار دینار بووە.

عومەر وائیلی، بەڕێوەبەری گشتنی دەروازە سنوورییەكانی عێراق سەبارەت بە داهاتی دەروازە سنوورییەكان و زیادبوونی ڕێژەكەی، بۆ میدیای فەرمی عێراق دەدوێت.

عومەر وائیلی ڕایگەیاند: دەروازە سنوورییەكان و گومرگەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانیان هۆكاری زیادبوونی بەرچاوی داهاتی گومرگی بوون، بە جۆرێك كۆی داهاتی پێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵی دەروازە سنوورییەكان زیاتر لە یەك ترلیۆن دینار بووە.

دەشڵێت: داهاتی پێنج مانگی ئەمساڵ بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو و ساڵی ٢٠٢٣ زیاترە، چونكە داهاتەكانی پێنج مانگی یەكەمی ساڵی ڕابردوو ٧٠٠ ملیار دینار بووە، لە ساڵی ٢٠٢٣شدا نزیكەی ٣٠٠ ملیار دینار بووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، تەنها لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا داهاتیان ٢٧٤ ملیار دینار بووە.

باسی لەوەشكرد: گەیشتن بە یەك ترلیۆن دیناری عێراقی لە داهات لە پێنج مانگی یەكەمدا، لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی زۆرترین داهاتدا دێت، كە لەسەر بنەمای ڕێنماییەكانی حكومەت و ڕێكارەكانی كۆنترۆڵكردنی ئۆتۆماتیكی و كاراكردنی سیستەمی حوكمڕانی بووە.

جێگای ئاماژەیە، حكومەتی عێراق لە ژێر فشاری ئەمریكادا زۆربەی دامودەزگا و بانكەكانی بە ئەلیكترۆنی كرد، لە پێناو ئەوەی ڕێگری لە بە فیڕۆدانی پارە و چوونی دۆلار بۆ ئێران بكرێت، هەروەها دەروازە سنوورییەكانیش لەو چوارچێوەیەدا بە ئەلیكترۆنی كران، ئەمەش ڕۆڵێكی باشی لە گەڕانەوەی داهاتی نانەوتی گێڕا.

هـ.ئ

Comments are closed.