ناوەندی هەواڵەكان
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: ئێمە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لە نێوان هەرێم و بەغدا بە کلیلی چارەسەر دەزانین و بە بەغداد دەڵێین، ئێوە دوژمنمان نین و گوێ لە چەند سەرکردەیەک مەگرن، چونکە نابێت گەلەکەمان باجی وتەی چەند كەسێك بدات، دەشڵێت: داوامان کردووە کۆبوونەوەی نائاسایی و بەپەلە بۆ رێگریکردن لە بڕینی قوتی فەرمانبەرانی هەرێم ئەنجام بدرێت.
سەباح شێخ حەبیب ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەنەكە لەبارەی چارەسەری كێششەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەمجۆرە بۆ میدیای فەرمی حزبەكەی دەدوێت.
سەباح شێخ حەبیب ڕایگەیاند: ئێمە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لە نێوان هەرێم و بەغدا بە کلیلی چارەسەر دەزانین و بە بەغداد دەڵێین، ئێوە دوژمنمان نین و گوێ لە چەند سەرکردەیەک مەگرن، چونکە نابێت گەلەکەمان باجی وتەی چەند كەسێك بدات.
وتیشی: بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، نایاسایی و نادەستوورییە، هاوکات بڕیاری دادگای فیدراڵی هەیە، کە پێویستە مووچە تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان نەکرێت، بۆیە گرنگە حکومەتی عێراق، رێز لەبڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و یاسا و دەستوور بگرێت و کار بەو بڕیارە نەکات.
باسی لەوەشكرد: ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی لێکەوتووەتەوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی داوا لە عێراق کراوە پرسی مووچە لەنێوان هەولێر و بەغداد بە گفتووگۆ چارەسەر بکرێت.
دەشڵێت: داوامان کردووە کۆبوونەوەی نائاسایی و بەپەلە بۆ رێگریکردن لە بڕینی قوتی فەرمانبەرانی هەرێم ئەنجام بدرێت.
جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی ٢٨ـی مانگی ڕابردوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە نووسراوێکی فەرمیدا، کە ئاڕاستەی هەرێمی کوردستانی کردووە، ڕایگەیاندووە، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق تەواوبووە و هیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نانێرێت.
ئ.م
Comments are closed.