منداڵانی کارکەر ئەو فریشتانەی ژیان ناچاری کردوون لە منداڵی بێبەش بن

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی ڕێگریکردنە لە کارکردنى منداڵان، کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە ئەم ڕۆژە دیاریکراوە، بەڵام نادادپەروەری و جیاکاری و هەڵاوێردن لەسەرانسەری جیهان ملیۆنان منداڵی ناچار بە کارکردن کردووە بۆ مانەوەى خۆیان و خێزانەکانیان.

لەسەرانسەری جیهان ئەمڕۆ ملیۆنان منداڵ دەناڵێنن بە دەست کارکردنەوە، کە لە توانای جەستەیی و دەروونی خۆیان زیاترە، ئەمەش بەشێکی زۆری لەو منداڵانە ڕووبەڕووی نەخۆشی و کەمئەندامی و ژیانێکی سەخت و دژوار تەنانەت مردنیش کردووەتەوە.
ئەو منداڵانە لە تەمەنێکی کەمەوە دەخرێنە ژێر باری قورسی ژیان و بەرپرسیارێتی پەیداکردنی نان و قوتی خۆیان خێزانەکانیان، جگە لەوەى منداڵییەتیان زەوت دەکرێت و لە مافی خوێـندن و زانست بێبەش دەکرێن هاوکات کاریگەریی جەستەیی و دەروونی خراپ لەسەریان درووستدەبێت.

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ئەو منداڵانەی لە جیهاندا کاریان پێدەکرێت لە ژێر تەمەنی ١٣ ساڵانەوەن، هاوکات بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوەکە زیاتر لە ١٥٢ ملیۆن منداڵ لە جیهاندا کاریان پێدەکرێت، لەو ژمارەیەش ٧٢ ملیۆنی لە وڵاتانی ئەفریقادان ٦٢ملیۆنیش لە وڵاتانی ئاسیادا و ئەوانی دیکەش لە وڵاتانى دیكەی جیهانن دەژین.

ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ئامارێکی جیاوازتر لەوەى نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاودەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، لە هەر ١٠ منداڵێک لە جیهاندا یەکێکیان کاری پێدەکرێت و بەمەش رێژەی ئەو منداڵانەی لە سەرتاسەری جیهاندا کاریان پێدەکرێت دەگاتە زیاتر لە ١٦٠ ملیۆن منداڵ، لە ئێستادا، کە ٦٣ ملیۆن کچ و ٩٧ ملیۆن کوڕ لە سەرانسەری جیهاندا کاری کرێکاری دەکەن.

ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە نوێترین ئاماریدا ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە هەوڵبدرێت لەبارەی کەمکردنەوەی دیاردەی کارکردن بە منداڵان لە جیهاندا، چونکە ملیۆنان منداڵ لە ئێستادا مەترسی ئەوەیان لەسەر لە ساڵانی داهاتوودا بخرێنە ژێرباری کارپێکردنەوە.

بەپێی راپۆرتێکی ڕێكخراوی یونسێف نزیكەی حەوت ملیۆن منداڵی عێراقی پێویستیان بە هاوكاری هەیە و بەشێك لەو منداڵانەش وازیان لەخوێندن هێناوە و بەشێکی زۆریان دەستیان بە کارکردن کردووە.

هاوکات بەپێی راپۆرتی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە عێراق لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤ ـەوە بەهۆی شەڕی چەتەکانی داعش لە عێراق رێژەی كاركردنی منداڵان زیادی كردووە، زیاتر لە سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئاوارەی لێكەوتووەتەوە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی پەروەردەی عێراق لەساڵی ٢٠١٨ دا رێژەی وازهێنانی خوێندكاران لەخوێندن ٦%ـی تێپەڕاندووە، ئەمەش بەشی زۆریان بەهۆی بارودۆخی ئاوارەیی و هەژارییەوە وازیان هێناوە و دەستیان بە کارکردن کردووە.

ئەگەرچی كاركردنی منداڵان لە هەرێمی كوردستان هەیە و زیادی کردووە، بەڵام بەپێی راپۆرتی رێكخراوی یونسێف ژیانی منداڵانی هەرێم باشتر بووە، بەپێی راپۆرتێكی یونسێف هەرێمی كوردستان بەرەوپێشچوونی لەبواری دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوزاری تەندرووستی بەخۆیەوە بینیوە راپۆرتەكە دەڵێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەرێم پێویستی زیاتری بە فێركردن و كۆتایی هێنان بە توند و تیژی دژی منداڵان هەیە.

یونسێف لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە نزیكەی ٩٦% منداڵانی هەرێم دەچنە خوێندنگای سەرەتای و ٦٧% دوای تەواوكردنی سەرەتای پەیوەندی بە خوێندنی دواناوەندیەوە دەكەن.

 ڕێکخراوەکە داوای لەحكومەتی هەرێم كردووە لەپێناوی پاراستنی مافەكانی منداڵان وەبەرهێنان لەو خزمەتگوزاریانە بكات كە سودی راستەوخۆیان بۆ ئەو منداڵانە هەیە كە زیانمەندی ئاڵۆزیەكان و هەژارین، هەروەها داوایكردووە هەرێم سنورێك بۆ هەموو جۆرە توند و تیژیەك دابنێت دژی منداڵان.

لەلایەکی ترەوە ڕێکخراوەکانى بواری مافی مرۆڤ و منداڵان ئاماژە بەوە دەکەن، یەکێک لە ترسناکترین جۆری کارکردنى منداڵان، کە ئەمڕۆ سەری هەڵداوە، کارکردن و بەکارهێنانی منداڵانە لە بواری هەواڵگیریی و سیخوڕیدا، هەندێک لە دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی جیهان منداڵان دەکەن بە بەشێک لە دەزگاکانیان و لە کاری سیخوڕیدا بەکاریاندەهێنن.

ڕێبەر ئۆجالان لە ڕۆژانى جەژەنی قورباندا لە ئیمرالی چاوی بە ژمارەیەک منداڵی خانەوادەکەی کەوت، یەکەم ئامۆژگاری بۆ منداڵان ئەوە بووە، کە بخوێنن، بۆ ئەوەش قەڵەمێکی پێشکەشی هەموو منداڵان کردووە وەک پەیامێک بۆ منداڵانی جیهان تاکو دەستبەرداری خوێندن نەبن، هەر لەو دیدارەشدا دەڵێت: پێکەوە ژیانێکی نوێ بونیات دەنێین.

هـ.حـ

Comments are closed.