شێوەکارێکی سلێمانی بەشداری لە پێشانگایەکی هونەریی لە ئیتاڵیا کرد

ناوەندی هەواڵەکان

ئاریان لەتیف شێوەکار دەڵێت: وەک هونەرمەندێکی شێوەکار لە هەرێمی کوردستان بەشداریم لە پێشانگای هونەریی لە ئیتاڵیا کرد، لە نێو پێشانگاکەدا ١٨ تابلۆ نمایش کراوە.

ئاریان لەتیف، هونەرمەندی شێوەکار لەبارەی بەشداریکردنی لە پێشانگایەکی هونەریی لە ئیتاڵیا لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

ئەو هونەرمەندە دەڵێت: وەک هونەرمەندێکی شێوەکار لە هەرێمی کوردستان بەشداریم لە پێشانگای هونەریی لە شاری ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا کرد کە لە ٧ـی حوزەیرانی ئەمساڵ دەستی پێکردووە و تا ٢٠ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت.

وتیشی: پێشانگاکە بە ناونیشانی “پردە ئاسۆی نێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا و ئیتاڵیا” و بە هاوبەشی هەر دوو هونەرمەندی شێوەکار پاولا ڤینسیگێرا و پینۆ ماجۆلیکا بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی سەرۆکی شارەوانی ڕۆما کراوەتەوە.

ئاریان لەتیف هونەرمەندی شێوەکار دەشڵێت: لە نێو پێشانگاکەدا ١٨ تابلۆ نمایش کراوە، کە پێنج تابلۆ تایبەت بە کارەکانی خۆمن.

ئاریان لەتیف لە ساڵی ١٩٩٤ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، دەرچووی بەشی تیشکە لە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی، سەرەتای کاری هونەری بۆ ساڵی ٢٠١٤ دەگەڕێتەوە، لە ٢٣ پێشانگای هاوبەش و ١٢ پێشانگای نێودەوڵەتی لە وڵاتانی تورکیا، یۆنان، کۆریای باشوور، لوبنان، ئیتاڵیا، ئیسپانیا و فەڕەنسا بەشداری کردووە.

س.خ

Comments are closed.