بە هۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە ٢٢ دۆنم پووش و پاوان سووتان

ناوەندی هەواڵەکان

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە، لە دوو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ئاغجەلەر و دەربەندیخان، ٢٢ دۆنم لە پووش و پاوان و ژمارەیەک داری سرووشتی سووتان.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ڕاگەیاندراوێکی لە بارەی دوو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە شارەدێی ئاغجەلەری سەربە شارۆچکە چەمچەماڵ و سنووری شارۆچکەی دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، بە هۆکاری شۆرتی کارەبا ئاگرێک لە گوندی چنارتووی سنووری ئاغجەلەر کەوتەوە، دەست بەجێ مەفرەزەیەک لە کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستانی ئاغجەلەر گەیشتنە شوێنی ئاگرەکە و بە هاوکاری دانیشتوانی ناوچەکە توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت و مەزندە دەکرێت ڕووبەڕووی ٢٠ دۆنم لە پووش و پاوان و ژمارەیەک داری سرووشتی سووتابێت .

ئاماژەی بەوەشداوە، لەلایەکی تر ئاگرێک لە سنووری گوندی وەڵوەر لە دەربەندیخان کەوتەوە، ڕاستەوخۆ مەفرەزەیەک لە کارمەندانی بەشی پۆلیسی دارستانی دەربەندیخان گەیشتنە شوێنی ئاگرەکە و بەهاوکاری تیمەکانی بەرگریی شارستانیی توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.

دەشڵێت: بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان بەهۆی پاشماوەی ئاگر و پشکۆی بەجێماوی گەشتیاران ئاگرەکە دروست بووە و بەو هۆکارەش نزیکەی دوو دوو دۆنم لە پووش و پاوان سووتاوە .

بەهۆی وشکبوونی پووش و پاوان و کەمتەرخەمی هاوڵاتییانەوە، لەم کاتانە بەدواوە لە سەرانسەری باشووری کوردستان ئەگەری کەوتنەوەی ئاگر و سووتانی پووش و پاوان و دارستانی سرووشتی هەیە و حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستانیش بەپێی پێویست ئامادەکاریی نەکردووە.

ب. جـ

Comments are closed.