شەهید ڕێدوور؛ لە سلێمانییەوە باڵی گرت و لە چیا ئازادەکان نیشتەوە

ناوەندی هەواڵەکان

لە مێژووی هەر گەلێکدا تۆمارێک لەو گیانفیدایانە هەیە کە بۆ ئاشتى و ئازادیی گەلەکەیان خوێنی خۆیان بەخشیوە، مێژووی گەلی کوردیش خاوەنى گەورەترین تۆمارە کە پڕە لەو قارەمانانەى بۆ ئازادیی ئەم گەلە خوێنی ئاڵیان تکاوەتە سەر تاشەبەردی چیاکان و دار و دەوەنی کوردستانیان پێ باڵا کردووە، شەهید ڕێدوور ئیبراهیم یەکێکە لە قارەمانانی ناو ئەو تۆمارە.

شەهید عەباس ئیبراهیم ناسراو بە ڕێدوور لە خێزان و بنەماڵەیەکی نیشتیمانپەروەر و کوردپەروەری باشووری کوردستانن، بۆ ئازادیی ئەم خاک و گەلە ماندووبوون و قوربانی زۆریان چەشتووە، دوایین ڕۆڵەى خۆیان کە شەهید ڕێدوورە خوێنی خۆیان بۆ ئازادیی گە لی کورد بەخشیوە.

چوار ساڵ لەمەوبەر و لە ١٣ـی حوەزیرانی ساڵی ٢٠٢١  ڕێدوور ئیبراهیم وەک گەریلایەکی قارەمان بە چاوساغی و نۆکەرایەتى خیانەتکاران شەهید بوو، هەناسەى ئازادییخوازانەی وەستا و خوێنی ئاڵی بوو بە هەوێنى ورە و ئیرادەى گەریلاکانى ئازادیی و وڵاتپارێزان.

شەهید ڕێدوور هەر لەسەردەمی گەنجییەوە بوو بە وڵاتپارێزێکی خۆنەویست، زوو ئاشنا بوو بە فکری ئاپۆچییەتى و لەسەر ئەو فکرە خۆی پەروەردە کرد، نزیکایەتى لەگەڵ گەریلا پەیدا کرد و سەرسامی بە فکری ڕێبەر ئاپۆ جۆشیدا تا بوو بە وڵاتپارێزێکی پێگەیشتوو.

ئەو لە ژیانیدا بەردەوام ئەو پرسیارەی دووپات دەکردەوە، ئایا دەکرێت گەلی کورد ئازاد بێت ئەگەر هەمووان دانیشن و کەس قوربانی نەدات؟، دەیپرسی ژیانێکی ئازاد تاکێکی ئازاد لەناو خاکیکی داگیرکراودا، لەژێر داگیرکەرێکی سەردەستدا، بەدەست دێت؟

ئەم پرسیارانە و سەدان پرسیاری دیکە بیر و فکری شەهید ڕێدووری تەنی کردبوو، بۆیە بۆ وەڵامی پرسیارەکانی و تینوێتی زانین، بەردەوام دەگەڕایەوە بۆچوونەکانى ڕێبەر ئاپۆ، تا گەیشتە وەڵامی ئەوەی دەبێت چەک بکاتە شانی و وەک گەریلایەک ڕوو لە چیا ئازادەکانى کوردستان بکات.

شەهید ڕێدوور ماوەیەک ڕوو لە ئەورووپا دەکات، لەوێش بیری کوردایەتى و گەلەکەی هەر لە زهنیدا بەهێزتر دەبێت، بۆ ئەوەش بەردەوام بەشداری چالاکییەکانى وڵاتپارێزان و ئازادیخوازان دەبێت، کەم چالاکی کوردانە هەیە لە ئەورووپا بەشداری تێدا نەکردبێت و ئەرکی سەرەکی نەبینی بێت، بەڵام ئەو هێشتا پێیوایە ئەوەى ئەو دەیکات بەس نییە، بۆیە دواتر دەگەڕێتەوە باشووری کوردستان و بەرگی گەریلایەتى دەپۆشێت و چەکی قارەمانییەتى دەکاتە شانی.

ئەو لە چیا سەرکەشەکانى کوردستان دژی داگیرکاری و خەونى لەناوبردنی گەلی کورد دەوەستێتەوە، لەو ساڵانەى گەریلایەتیدا مێژووییەکی پڕ لە تێکۆشان و ئازایەتى بۆ خۆی تۆمار دەکات و دەبێتە یەکێک لە قارەمانەکانى ناو تۆماری شەهیدانی ئازادیی.

لە ڕۆژی ١٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢١ـدا و لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ بە چاوساغی خیانەتکاران و بە فڕۆکەى دەوڵەتى تورک لە سنووری پشدەری لانکەى کوردایەتى لەگەڵ سێ هاوڵاتیی دیکەی شەهید دەبێت، دواتر تەرمەکەى دەگەڕێنرێتەوە بۆ سلێمانی و لەمەراسیمێکی پڕ لە شکۆدا لە گۆڕستانى بەکرەجۆی کۆن بەدەم وتنی “شەهید نامرێ”ـی ئامادەبووانەوە بەخاک دەسپێردرێت.

بەڵام ڕێگای شەهید ڕێدوور ڕوونتر و گەشاوەتر دەبێت و دۆزەکەى بە هەزاران گەریلای تر دەسپێرێت تا بیگەیەننە مەنزڵی خۆی هەر بۆ ئەوەش لە مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەیدا گەنجێک خوێن گەرم و ئاشق بە ئازادیی بڕیار دەدات چەکی شەهید ڕێدووور لە شان بکات و درێژە بە ڕێبازەکەی بدات، ئەمڕۆ ڕێبەر ئاپۆ بۆ حەسانەوەى هەزاران گەریلای شەهید و گەلێکی سەربەست و ئازاد دەستپێشخەرییەکی بۆ ئاشتی کردووە، لە سایەی ئەم دەستپێشخەرییەوە ئێستا خوێنی شەهید ڕێدوور و دەیان هەزار گەریلا ئۆقرەتر و ئاسوودە ترە.

هـ.ح

Comments are closed.