تاژێ دەربارەی ١٩ ژنی ئێزدی نامەیەکی بۆ بەغدا و نەتەوەیەکگرتووەکان نارد

ناوەندی هەواڵەکان

کۆمیتەی دیبلۆماسی تاژێ بۆ دیاریکردنی ناسنامەی ١٩ ژنی ئێزدی، کە لە ساڵی ٢٠١٦دا لە موسڵ لە لایەن چەتەكانی داعشەوە بە زیندوێتی سوتێندران و نامەی بۆ بەغدا و دامەزراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان نارد و دەڵێن، تا ئێستا چارەنووسی هەزاران هاوڵاتی ئێزدی نادیارە.

کۆمیتەی دیبلۆماسی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی -تاژێ، سەبارەت بەو ١٩ ژنە ئێزدییەی لە ساڵی ٢٠١٦دا لە موسڵ سوتێندران، نامەیەکی ئاراستەی بەغدا و نەتەوەیەکگرتووەکان کرد.

تاژێ، نامەیەکی ئاراستەی سیما باهۆوسی، ئەندامی بەڕێوەبەری نەتەوە یەکگرتووەکان، ئۆفیسی ژنێڤی پەیوەندەییەکانی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، ئەنتۆنیۆ گۆتێریسی، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگتووەکان، د. حەمید نەعیمی، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و دیا کەریمی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکان و کەسانی بێسەروشوێن کرد.

تاژێ لە نامەکەییدا ئاماژەی بە کۆمەڵکووژی-فەرمانی ٧٤ـەمینی سەر گەلی ئێزدی كردووە و دەڵێن: وێڕای ئەوەی بە هەزاران ئێزدی بە تایبەت ژن و منداڵ لە لایەن چەتەكانی داعشەوە چ لە دەستدرێژی، چ بازرگارنیکردن پێیانەوە و چ لە کۆمەڵکووژ کران، هێشتا چارەنووسی هەزارانی دیکەش نادیارە.

بێدەنگی بەرانبەر کۆمەڵکووژییەکە

لە نامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، وێڕای ئەوەی ئەم تاوانە دڕندەیەیی چەتەکانی داعش بە بەرچاوی جیهانەوە ئەنجام دران و گەواهیدەری کۆمەڵکووژییەکەش هەیە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی ژنان و نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرانبەر ئەم دڕندەیەی داعشدا لە بێدەنگییدان و تا ئێستا ناسنامەی ئەو ١٩ ژنە ئێزدییە ئاشکرا نەکراوە و هیچ لێکۆڵێنەوە و بەدواداچوونێک بۆ کۆمەڵکووژییەکە نەکراوە.

خستنەڕووی داواکاری

تاژێ لە کۆتایی نامەکەیەدا ڕایگەیاندووە، بۆئەوەی ئەم کۆمەڵکووژییە دڕندەییە بێ لێپرسینەوە و شاراوە نەمێنێتەوە، پێویستە پەرە بە تێکۆشانی دادپەروەری و دیموکراسیی بدرێت و ئەم کۆمەڵێک داواکاریی خستەڕوو:

١ـ پێویستە لێکۆڵینەوە بکرێت بۆ ئاشکراکردن و دیاریکردنی ناسنامەی ئەو ١٩ ژنە ئێزدییە.

٢-دەبێت ئەم کۆمەڵکووژییە وەک ‘ژنکووژی’ دانی پێدابنرێت.

جێگای ئاماژەیە، لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٦دا و لە مانگی ڕەمەزاندا، چەتەکانی داعش ١٩ ژنی ئێزدییان بە دڕندەترین شێوە بە سوتاندنیان لە قەفەسی ئاسننیندا کۆمەڵکووژ کرد، تەنها لەبەرئەوەی ئەو ژنانە دەستییان بە کلتووری خۆیانەوە گرت و ملکەچی کۆیلایەتی جارییە نەبوون، ڕەتییان کردەوە دەستبەرداری باوەڕی خۆیان ببن.

ڤ.م

Comments are closed.