سلێمانی
ئەمڕۆ، لە بەشی کازیوەی سەنتەری منداڵپارێزی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی ڕێگریکردن لە کارکردنی منداڵان چەند چالاکییەک بۆ منداڵان ڕێکخرا.
ناسک ئیسماعیل بەڕێوەبەری بەرنامەی پاراستنی منداڵ لە سەنتەری منداڵپارێزی کوردستان وتی: لە ساڵی ٢٠٠٢ ڕێکخراوی ILO ئەم ڕۆژەی وەک ڕۆژی جیهانی ڕێگرییکردن لە کارکردنی منداڵ دیاری کردووە، سەنتەری منداڵپارێزی کوردستانیش کە هەموو کات دژی کارکردنی منداڵ بوون لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠٠٨ قەبارەی منداڵی کارکەرمان دیاری کرد، کە هەڵمەتێکمان ئەنجامدا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی لیژنەکانمان تا ساڵ ٢٠١٤ تواندرا کارکردنی منداڵ سنووردار بکرێت، بەڵام لە دوای ئەو ساڵە کە ژمارەیەکی زۆر ئاوارە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد، بەهاوکاری قائیمقامییەتی سلێمانی تواندرا دووبارە قەبارەی کارکردنی منداڵ دیاری بکەین تا ساڵی ٢٠٢٣ لە شاری سلێمانی و دهۆک لە ئێستاشدا لیژنەکانمان دەرچوونیان هەیە بۆ چاودێریکردنی منداڵانی کارکەر.

وتیشی: ئەمڕۆ لە کازیوەی سەرا چەند چالاکییەکمان بۆ منداڵان ئەنجامداوە و خێزانەکانیان ئاگادار دەکرێتەوە کا نابێت منداڵان کاربکەن چونکە مەترسی لەسەر ژیانی منداڵەکە دروست دەکات، بەپێی یاساش نابێت منداڵی خوار تەمەن ١٥ ساڵ کار بکات.
بەپێ ئاماری سەنتەرەکە لە ٢/١/٢٠٢٥ تا ٣١/٥/٢٠٢٥ ، ٢٥٧ منداڵ لە شاری سلێمانی کاردەکەن، تا تەمەنی ١٣ ساڵ ٨٢ کوڕ و ٤٣ کچ کار دەکەن، هەروەها لە نێوان تەمەنی ١٤ بۆ ١٧ ساڵ ١٢٨ کوڕ و هەشت کچ کاردەکەن، هەروەها لە شاری دهۆک ١٣٥ منداڵ کاردەکەن کە تا تەمەنی ١٣ ساڵ ٦٨ کوڕ و ١٦ کچ، هەروەها لە نێوان تەمەنی ١٤ بۆ ١٧ ساڵ ٤٣ کوڕ و هەشت کچ کاردەکەن بەڵام ئاماری کارکردنی منداڵ لە شاری هەولێر بەردەست نییە بەهۆی نەبوونی پۆلیسی نەوجەوانان لە دووساڵی کۆتاییدا.
ب. جـ
Comments are closed.