شنگال-ئیبراهیم ئێزدی
دوای ١٠ ساڵ بۆ یەکەمین جار زیارەتی تاوس لە شنگال کرا، ئەم سەردانە هەڵگری پەیامی ئاسایش و ئارامییە، کۆمەڵگای ئێزدی لە دوای کۆتا کۆمەڵکوژی جارێکی تر بە جلوبەرگی نەریتی خۆیانەوە پێشوازی لە تاوسی شێخ هادی دەکەن.
زیارەتی تاوس کە بە سنجەقیش ناسراوە، مەراسیمێکی پیرۆزی ئێزدییە کە زیاتر لە ٤٠٠ ساڵە لە دوای هاتنی شێخایەتییەوە بەڕێوەدەچێت، لە مەراسیمەکەدا پەیکەرێکی زێڕینی باڵندەی تاوس هەیە، کە بە هێمای ئاسایش و ئارامی دادەنرێت بەو پێیەی باڵندەی تاوس تەنها بۆ شوێنە ئارامەکان دەڕوات، تاوس یەکێکە لە پیرۆزترین هێماکانی ناو ئێزدییەت.
ئامانج لە زیارەتی تاوس
ئامانجی سەرەکی زیارەتی ساڵانەی تاوس بڵاوکردنەوەی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگەیە، کەسایەتییە ئاینییەکانی لالەش کە لەلایەن ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزدییەوە ئەرکدارکراون ئەم زیارەتە ئەنجام دەدەن، کاتێک شێخایەتی گەیشتە لالەش بۆ بڵاوکردنەوەی ئامۆژگارییەکانی و پەروەردەکردنی ئێزدییەکان، لەو دەمەوە زیارەتی تاوس دەستپێکرد.
لە کۆمەڵکوژییەکاندا تاوس تاڵان دەکرا
لە ڕووی مێژووییەوە زیارەتی تاوس تا دەڤەری خەڵتان (باکووری کوردستان) بەرفراوان بووەتەوە، هەر ناوچەیەک کە ئێزدییەکان تێیدا ژیاوە تاوسی تایبەت بە خۆی هەبووە، تەنها لە باکووری کوردستان ٣٦٦ تاوس هەبوو، ئەمەش نیشانەی زۆری دانیشتوانی ئێزدی بوو لەو بەشەی کوردستان، بەڵام به هۆی کۆمەڵكوژی و جینۆساید لەلایەن عوسمانییەکانەوە ئێزدییەکانی ئەو ناوچانە ناچار بە کۆچبوون، لە ئەنجامی ئەوەشدا تاوسەکانی باکووری کوردستان تاڵان کران و لەناوچوون، دەوترێت لە حەوت ناوچەی جیاواز حەوت تاوس هەبووە، بەڵام بە هۆی هێرشە بەردەوامەکانەوە تەنها تاوسی شنگال و تاوسی وڵات شێخ ماون.
“شەربک” و ئاوە پیرۆزەکەی
لەگەڵ تاوسەکەدا قاپێکی ئاو هەیە بە ناوی “شەربک”، کاتێک قەوالەکان (کەسانی ئاینی کە تاوس دەپەرستن) بە دەوری گوندەکەدا دەسوڕێنەوە، شەربک پڕ دەکەن لە ئاوی پاک، هەر خێزانێکی ئێزدی بەشێکی کەم لەم ئاوە دەباتە ماڵەوە، ئەم ئاوە وەک ئاوی پیرۆزی زەم زەم یان کانیاوی سپی دادەنرێت، نەوە تازە لەدایکبووەکان و ئەوانەی سەردانی لالەشیان نەکردووە بە ئاوی شەربک “مۆر” دەکرێن، وەک چۆن پێویستە هەموو ئێزدییەک بە ئاوی کانیاوی سپی مۆر بکرێت، ئەمەش دەیکاتە ڕێگایەکی ئاسان بۆ ئەو کەسانەی کە ناتوانن زیارەتی تاوس لە لالەش بکەن بۆ ئەنجامدانی ئەرکە ئاینییەکانیان.
پێشوازییکردن لە تاوس
کاتێک تاوس دەچێتە ناو گوندێکەوە، هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە و بە جلوبەرگی نەریتی ئێزدییەوە پێشوازی لێدەکەن، کاتێک قەواڵەکان دەچنە ناو گوندەکانەوە، دەف دەژەنن و گەل لە دەوریان کۆدەبێتەوە.
قۆناغەکانی تاوس و میوانداری
تاوس سەردانی هەموو ماڵێک ناکات، بەڵکو قۆناغی تایبەتی خۆی هەیە و بە گشتی سەدانی ماڵی پیرانی گوندەکان دەکات، لە شنگال ٢٧٠ قۆناغی تاوس هەیە؛ ١٨٠ قۆناغی ڕۆژ و ٩٠ قۆناغی شەو، لە قۆناغە شەوانەکاندا قەوال شەوێک دەمێنێتەوە و تا درەنگانی شەو بەیتی ئاینی دەخوێنێتەوە و خەڵکی گوندەکە سەمای ئاینی ئەنجام دەدەن، هەروەها لە ماڵەکانی خانەخوێدا چراکان داگیرسێنرێن، لە قۆناغەکانی ڕۆژدا، قەواڵەکان لە دەوروبەری نیوەڕۆ دەگەن و بەیانیان دەڕۆن و گەلیش دەچێتە پاڵ قەواڵەکان.
خوێنی تاوس و پارووی مەلەک سالم
زۆربەی خانەوادەکان ئاژەڵێک سەردەبڕن کە پێی دەوترێت “خوێنی تاوس” (خواردنی تاوس)، سەری ئاژەڵە سەربڕدراوەکە دەبێ بکوڵێنرێت و بخرێتە سەر خواردنەکە، بەڵام کاتێک خواردنەکە دەگاتە قەواڵەکان، سەری ئاژەڵەکە لە خواردنەکە دەردەهێنرێت و بە نانێک دەنێردرێت بۆ خانەوادەکە، کە پێی دەوترێت “پارووی مەلەک سالم”.
“تەسکەرە” و “بەرات”
هەروەها گرنگە هەموو بنەماڵەیەکی ئێزدی “تەسکەرە”ـی خۆیان لە قەواڵەکانەوە بهێننەوە ماڵەوە، تەسکەرە لە “بەرات” پێکهاتووە، کە بەردێکی گڵینی پیرۆزە کە لە لالەش دروستدەکرێت، جاران لەبەر ئەوەی هەموو کەسێک نەیدەتوانی سەردانی لالەش بکات، چاوەڕێی قەواڵەکانیان دەکرد کە بێنە گوندەکەیان بۆ وەرگرتنی بەرات.
“پارووی قەواڵ” بۆ منداڵان
بۆ ئەو منداڵانەی کە دوادەکەون لە قسەکردن یان کێشەیان لە قسەکردن هەیە، پارچە خواردنێک بە ناوی “پارووی قەواڵ” لە قەواڵەکانەوە دەهێنرێت و دەدرێت بە منداڵەکە بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات تا بە باشی قسە بکەن.
گەڕانەوە بۆ شنگال
دوای کۆمەڵكوژیی ٣ـی ئابی ٢٠١٤، بۆ یەکەمجار تاوس لەمساڵدا گەڕایەوە شنگال و لەلایەن کۆمەڵگەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.
ڕۆڵی قەواڵەکان لە زیارەتی تاوسدا
قەواڵەکان کە لە نێو ئێزدییەکاندا جێگایەکی پیرۆزیان هەیە، نەک هەر تاوسەکان دەگەڕێنن بەڵکو زانیاری ئاینیش بڵاودەکەنەوە و یارمەتی خەڵک دەدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، ئەوان وەک نێوەندگیری نێوان گەل و ڕۆحیانییەتی ئێزدی مامەڵە دەکەن، لە کاتی گەشتی تاوسدا، قەواڵەکان بەیت و قەسیدەی ئاینی دەخوێننەوە، ئەمەش پەیوەندی ئێزدییەکان بە باوەڕەکەیانەوە بەهێزتر دەکات، جگە لەوەش پێشبینی و ئامۆژگاری بە گەل دەکەن، ئەمەش گرێدراوبوون پێیانەوە زیاد دەکات.
ب. جـ
Comments are closed.