شاخەوانانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەشتی هاوبەشی شاخەوانی ئەنجام دەدەن

هەڵگۆرد

بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی کەلتووری و فەرهەنگی و زانیاری شاخەوانی، ساڵانە شاخەوانانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان گەشتی هاوبەشی شاخەوانی بۆ چیای هەڵگۆرد ئەنجام دەدەن کە بەرزترین چیای هەرێمی کوردستان و عێراقە.

زانا مەجید
زانا مەجید

زانا مەجید یەکێک لە شاخەوانانی باشوورە و بەشداری گەشتەکەی کردووە بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی کەلتوری و فەرهەنگی و تەکنیک و زانیاری شاخەوانی ساڵانە ئێمە لە بناری چیای هەڵگۆرد پێشوازی لە شاخەوانان دەکەین، ئەمساڵیش ژمارەیەک شاخەوان لە شار و ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتوون و ئامانجمانە بگەینە لوتکەی چیای هەڵگۆرد.

دەشڵێت: ئەم جۆرە گەشت و شاخەوانییە سوودی زۆری هەیە، چونکە هەم پەیوەندی کۆمەڵایەتی و هەمیش شێوازەکانی شاخڕەوی و شاخەوانی کردن و کامپەینکردن و شەومانەوە لە یەکتری فێر دەبین کە پێدەچیت جیاوازی هەبێت لەگەڵ ئێمە، بۆیە ئەمە ئاڵوگۆڕێکی گرنگە لە نێوان شاخەوانان.

ئێمە کە لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتووین ئامانجمانە ئەم پەیوەندییە بەهێز بکەین لەگەڵ شاخەوانانی باشووری کوردستان 

دانەر کەریمی
دانەر کەریمی

هەروەها دانەر کەریمی یەکێک لە شاخەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: شاخەوانی هەر بە تەنیا وەرزشێک نییە بەڵکو پەیوەندی درووستکردنە لەگەڵ دەوروبەر و گەڕانە بە ناو شاخ و ناوچەی جیاواز، بۆیە ئێمە کە لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتووین ئامانجمانە ئەم پەیوەندییە بەهێز بکەین لەگەڵ شاخەوانانی باشووری کوردستان و لوتکەی چیا و شاخەکان بگەڕێین بەتایبەت چیای هەڵگۆرد کە بەرزترین شاخی باشووری کوردستانە.

دانەر دەشڵێت: بریارە شاخەوانەکانی باشووریش بۆ زیاتر بەهێزبوونی پەیوەندیمان سەردانی ڕۆژهەڵات بکەن و لەوێ گەشتی شاخەوانی بۆ چیا و شاخەکانی ڕۆژهەڵات بکەین، بەمەش زیاتر ئاشنایەتی و دۆستایەتی شاخەوانی زیاتر دەبێتەوە لە نێوانمان.

چیایی هەڵگۆرد بەرزترین چیای باشووری کوردستانە کە سێ هەزار و ٦٠٧ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، ئەم چیایە دەکەوێتە ناوچەی باڵەکایەتی و ساڵانە ڕێژەیەکی زۆری شاخەوان لە وڵاتانی جیاجیاوە ڕووی تێدەکەن بە مەبەستی چاڵاکی شاخەوانی.

ب. جـ

Comments are closed.