كەتائب سەید شوهەدا: مقاومەی ئیسلامی عێراق بەوردی چاودێری پێشهاتەكانی ناوچەكە دەكات

بەغدا

وتەبێژی كەتائب سەید شوهەدا ڕایگەیاند، بێباكی ئیسرائیل كە ئەمریكا پشتیوانی دەكات، دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵكشانی سەربازی گەورە لە ناوچەكەدا، كە خەڵك باجەكەی دەدات، ئەگەر بۆردوومانەكان بەردەوام بن، ئەگەری هێرش كردنە سەر بنكە ئەمریكییەكان لە عێراق هەیە، مقاومەی ئیسلامی عێراق بەوردی چاودێری پێشهاتەكانی ناوچەكە دەكات.

كازم فەرتووسی وتەبێژی كەتائب سەید شوهەدا كە یەكێكە لە لایەنەکانی مەقاومەی ئیسلامی عێراق سەبارەت بە هێرشەكانی ئیسرائیل و كردنە ئامانجی سەركردە باڵاكانی سەربازیی ئێران بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێت.

كازم فەرتووسی ڕایگەیاند، بێباكی ئیسرائیل كە ئەمریكا پشتیوانی دەكات، دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵكشانی سەربازی گەورە لە ناوچەكەدا، كە خەڵك باجەكەی دەدات، مقاومەی ئیسلامی لە عێراق بە وردی چاودێری پێشهاتەكانی ئێستای ناوچەكە دەكات و لە زووترین كاتدا هەڵوێستی یەكلاكەرەوە دەگرێتەبەر.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئیسرائیل ئاسمانی عێراقی پێشێل كردووە، كارێكی سەرزەنشتكراوە كە سەروەری نیشتیمانی پێشێل دەكات، گرووپەكانی مقاومە ناتوانن بێدەنگ بن بەرامبەر بەو تاوانە ئیسرائیلییانەی كە ئەمریكا پشتیوانییان لێدەكات، هەروەها ئاماژەی بە ئەگەری بۆردوومانكردنی بنكە ئەمریكییەكان لە عێراق كرد، لە ئەگەری بەردەوامبوونی پەرەسەندنەكان.

پێشتر ئەبو عەلا وەلاعی ئەمینداری گشتیی لیواكانی سەید شوهەدا لە عێراق هەڕەشەی هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ دژی ئێران كرد.

هـ.ئ

Comments are closed.